رووداو دیجیتاڵ
ئەو 440 ملیار دینارەى وەزارەتى دارایی فیدراڵ ناردوویەتى بۆ مووچەى مانگى 12ى هەرێمى کوردستان بووە. بڕى 800 ملیار دینارى پارەى مووچەی ساڵی 2024 بە هەڵپەسێردراوى لەنێوان هەولێر و بەغدا ماوەتەوە؛ بڕیارە شاندێک سەردانى بەغدا بکات بۆ یەکلاییکردنەوەى ئەو بەربەستانەی دێنە بەردەم پرسی مووچە.
بەگوێرەى زانیارییەکانى رووداو، 2ى کانوونى دووەمى 2025 وەزارەتى دارایی عێراق ئاگادارینامەى خەرجکردنى 441 ملیار دینارى ناردووە، رۆژى 5ى کانوونى دووەمیش وەزارەتى دارایی و ئابوورى هەرێمى کوردستان پارەکەى لە بانک راکێشاوە.
پارەکە وەکو مووچەى مانگى کانوونى یەکەمى 2024 لەلایەن وەزارەتى دارایی فیدراڵەوە هەژمار کراوە، ناردنى بە دوو گوژمە و نووسراوى جیاواز بووە.
یەکەم گوژمەیان 264 ملیار و 698 ملیۆن و 348 هەزار و 312 دینار بووە بۆ مووچەى فەرمانبەرانى مەدەنى و خانەنشین؛ گوژمەى دووەمیش بڕى 176 ملیار و 795 ملیۆن و 250 هەزار و 669 دینار بووە، کە وەکو مووچەى هێزە ئەمنی و سەربازییەکانى هەرێمى کوردستان نێردراوە.
ئەو 441 ملیار دینارەى نێردراوە، لەلایەن حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە کورتهێنانى مووچەى مانگى تشرینى دووەمى 2024ى پێ چارەسەر کراوە، لە کاتێکدا بڕیار بوو بەغدا بە گواستنەوەى 450 ملیار دینارى دیکە بۆ سەر پشکى هەرێمى کوردستان کورتهێنانى مووچەى بۆ مانگەکانى تشرینى یەکەم و دووەمى ساڵى رابردوو چارەسەر بکات.
سەرچاوەیەکى بەرپرس لە حکومەتى هەرێمى کوردستان بە رووداوى راگەیاند، "بڕیارە شاندێک سەردانى بەغدا بکات بۆ تاوتوێکردنى پرسى کورتهێنانى مووچە و گواستنەوەى 450 ملیار دینارەکە، لەگەڵ هەموارى یاسای بودجەى گشتى بۆ چارەسەرى پرسی هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان."
بەگوێرەى خشتەى خەرجیى وەزارەتى دارایی فیدراڵ، تاوەکو تشرینى یەکەمى 2024 بڕى 10 تریلیۆن و 901 ملیار و 261 ملیۆن دینارى بۆ هەرێمى کوردستان ناردووە، کە 9 تریلیۆن و 661 ملیار و 113 ملیۆن دینارى بۆ مووچە بووە.
لە سێ مانگى رابردوودا بەغدا زیاتر لە یەک تریلیۆن و 72 ملیار دینارى دیکەى بۆ مووچەى مانگەکانى تشرینى دووەم و کانوونى یەکەم ناردووە، کە پێکەوە زیاتر لە 10 تریلیۆن و 732 ملیار دینارى بۆ مووچە ناردووە.
بەپێی بەدواداچوونى رووداو، نەناردنى تەواوى پشکى مووچەى هەرێمى کوردستان بۆ مانگى کانوونى یەکەمى 2024 و پڕنەکردنەوەى کورتهێنانى مووچەى مانگەکانى تشرینى یەکەم و دووەم لەلایەن بەغداوە، بەستراوەتەوە بە نەمانى پارەى پێویست لە پشکى هەرێمى کوردستان و رادەستنەکردنى تەواوی داهاتى نانەوتى.
تێکڕاى پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجەى گشتیى 2024 دەگاتە زیاتر لە 20 تریلیۆن دینار. ئەوەى پەیوەندیدارە بە مووچەوە، 11.5 تریلیۆن دینارە، بەوپێیە بەغدا زیاتر لە 800 ملیار دینارى نەناردووە، کە لە پشکى مووچەیە. وەزارەتى دارایی و ئابوورى هەرێمى کوردستان لە 2ى کانوونى دووەمی 2025 مانەوەى ئەو بڕە پارەیەى لە مووچە راگەیاند، کە نەنێردراوە.
لە خشتەى بودجەى 2024دا 1.1 تریلیۆن دینارى وەک قەرزە، کە دەبێت هەرێمى کوردستان بیداتەوە، 4.9 تریلیۆن دینارى پشکى بودجەى سەرمایەداری، تەنیا 86 ملیار دینارى لێ نێردراوە.
هەرێمى کوردستان بە پێنج گوژمە بڕى 399 ملیار دینارى وەک داهاتى ناوخۆ رادەستى بەغدا کردووە، کە مانگانە تێکڕا لەنێوان 70 بۆ 90 ملیار دینار بووە. ئەو 800 ملیار دینارەى بەغدا نەیناردووە لەسەر داهاتى ناخۆ هەژمار کراوە، کە مانگانە نزیکەى 115 ملیار دینار دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ