گومرگی کرماشان: هەناردەمان 5% زیادیکردووە و 2.5 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە

دوێنێ کاژێر 09:24
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گومرگی کرماشان دەڵێت، هەناردەی کاڵا لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی پارێزگاکەوە بەراورد بە پار زیادیکردووە، لە 9 مانگدا 2.5 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.
 
عەلی ئەسغەر عەباسزادە، بەڕێوەبەری گومرگی پارێزگای کرماشان ئاماری هاوردە و هەناردەی ئەو پارێزگایەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە 9 مانگی رابردوودا پێنج ملیۆن و 784 هەزار تۆن کاڵا، کە بەهاکەی دوو ملیار و 520 ملیۆن دۆلار بووە، لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی ئەو پارێزگایەوە هەناردە کراوە.
 
بەڕێوەبەری گومرگی کرماشان باسی لەوەش کرد، هەناردەی کاڵا لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی پارێزگای کرماشانەوە بەراورد بە هەمان ماوەی پار لەڕووی نرخەوە 5% و لەڕووی کێشەوە 7% زیادیکردووە.
 
سەبارەت بە هاوردەکردنی کاڵا، عەباسزادە ئەوەی خستەڕوو، لەو ماوەیەدا 12 هەزار تۆن کاڵا، کە بەهاکەی دەکاتە زیاتر لە 67 ملیۆن و 421 هەزار دۆلار، لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانەوە هاوردە کراوە.
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری گومرگی کرماشان، ئاسن و پۆڵا، کاشی، سیرامیک، بەرد، بەرهەمە پلاستیکییەکان، بەرهەمە شیرەمەنییەکان و سەوزە و میوە، زیاترین ئەو کاڵا و پێداویستییانە بوون کە هەناردە کراون.
 
عەباسزادە دەشڵێت، گازی موەلیدە، کۆمپرێسەر، خانەی وەرگری وزەی خۆر لەو کاڵا سەرەکییانە بوون هاوردە کراون.
 
لە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان، چوار دەروازەی سنووری هەن کە سێیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و ئەوی دیکەش لەگەڵ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراقە.
 
دەروازە سنوورییەکانی پەروێزخان، شوشمێ و شێخ سڵە دەکەونە سنووری هەرێمی کوردستان و دەروازەی سنووری خوسرەویش دەکەوێتە سەر سنووری نێوان کرماشان و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی عێراق.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێستگەیەکی سووتەمەنی لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

نرخی نەوت و بەنزین دادەبەزێت

بەراورد بە مانگی رابردوو، نرخی نەوتی سپی لە هەرێمی کوردستان دابەزی. هەروەها بەنزینی نۆرماڵ هەر لیترێک 20 دیناری دیکە دابەزیوە.