رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت لە نزیک بەرزترین ئاستەکانی خۆی لە دوای مانگی 10ـی ساڵی رابردووەوە مامەڵەی پێوەدەکرێت.
کەشوهەوای سارد لە نیوەی باکووری گۆی زەوی و هاندانەکانی چین، پاڵپشتییان بۆ نرخی نەوت دروستکردووە.
ئەمڕۆ (دووشەممە، 6-1-2024) نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا 25 سەنت بەرزبووەوە و بەرمیلێکی بە 76 دۆلار و 66 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 24 سەنت بەرزبووەوە و بە 74 دۆلار و 18 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
حکومەتی چین رۆژی هەینی رایگەیاند لەڕێگەی قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا، هانی بازرگانی و وەبەرهێنان دەدات، بەوپێیەش پلانی هەیە ئابوورییەکەی لە سستی رزگار بکات.
بانکی ناوندیی چین هەروەها رایگەیاندووە؛ مەرجی یەدەکی بانکەکان هەمواردەکاتەوە و ئاسانکاریی زیاتریان بۆ دەکات تاوەکو قەرزی زیاتر بە هاووڵاتییان و بازرگانییەکان بدەن.
بانکی ناوەندیی چین جەختی لەوە کردووەتەوە؛ لە کاتێکی گونجاودا سوودی بانکی دادەبەزێنێت.
ساڵی رابردوو، سستبوونەوەی ئابووریی چین بووە هۆی ئەوەی خواستی ئەو وڵاتە بۆ بەکارهێنانی نەوت کەمبێتەوە.
چین، دووەم هاوردەکاری نەوتی خاوی جیهانە و و گۆڕانکاری لە خواستی ئەو وڵاتە کاریگەریی گەورە لەسەر نرخی نەوت و بازاڕی نەوت دادەنێت.
گۆڵدمان ساکس، یەکێک لە بانکە گەورەکانی جیهان، پێشبینیی کردووە تاوەکو چارەکی دووەمی ئەمساڵ قەبارەی بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران لە دوای هاتنەسەرکاری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، کەمدەبێتەوە کە ئەمەش کاریگەری لەسەر بازاڕی نەوت دادەنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ