نرخی نەوت و زێڕ بە رێژەیەکی کەم بەرزبووەوە

06-01-2023
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

رۆژی هەینی لەکاتی کردنەوەی بازاڕەکاندا نرخی نەوت 1٪ بەرزبووەوە، ئەوەش بەهۆی هیواکانی بووژانەوەی خواستی چین لەسەر نەوت و کەمبوونەوەی نەوتی کۆگاکانی ئەمریکا.
 
نرخی نەوتی برێنت 94 سەنت بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێک بە 79 دۆلار و 63 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت. نرخی نەوتی سووکی رۆژئاوای تێکساسیش 91 سەنت بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێک بە 74 دۆلار و 58 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
بەراورد بە هەفتەی رابردوو، نرخی نەوت بەهۆی نیگەرانییەکان لە سستبوونەوەی ئابووریی جیهان نزیکەی 7٪ـی نرخەکەی لەدەستداوە.
 
تینا تێنگ، شرۆڤەکار لە کۆمپانیای CMC Markets دەڵێت، "گەشبینی بە کرانەوەی چین، بەتایبەتی رێوشوێنی هاندانی زیاتر بۆ پەرەپێدانی کەرتی خانووبەرە، گەورەترین فاکتەری ئەرێنییە بۆ نرخەکانی نەوت کە ئاسۆی خواستی لە ئەمساڵدا زیادکردووە." ئەو شرۆڤەکارە دەشڵێت، "دابەزینی بەهای دۆلاریش هۆکارێکی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتە لە بازاڕەکاندا."
 
رۆژی پێنجشەممە، 5-1-2023 چین هەندێک رێوشوێنی زیاتری لە بواری خانووبەرەدا راگەیاند، لەوانە میکانیزمێکی رێکخستنی نرخی سوودی خانووبەرە بۆ ئەو کەسانەی یەکەم جاریانە خانوو دەکڕن، ئەوەش وەکو هەوڵێك بۆ برەودان بە کەرتی خانووبەرە کە نزیکەی 25٪ـی ئابووریی ئەو وڵاتە پێکدەهێنێت.
 
کارگێڕیی زانیاریی وزەی ئەمریکاش رۆژی پێنجشەممە بڵاویکردەوە، لە هەفتەی کۆتایی ساڵی رابردوو و تاوەکو 30ـی کانوونی یەکەم، ئاستی دیزڵ و نەوتی گەرمکەرەوە لە کۆگاکانی وڵاتەکە بە بڕی 1.4 ملیۆن بەرمیل کەمبوونەتەوە.
 
هاوکات بڕی گازیش لە کۆگاکانی ئەو وڵاتەدا لە هەمان ماوەدا 346 هەزار بەرمیل کەمبووەتەوە.
 
نرخی زێڕ بەرزبووەوە
 
دوای ئەوەی لە کاتی داخستنی بازاڕ لە رۆژی پێنجشەممە زیاتر لە 20 دۆلار دابەزی، ئەمڕۆ هەینی نرخی زێڕیش هاوشێوەی نەوت لەکاتی کردنەوەی بازاڕەکاندا بەرزبوونەوەیەکی کەمی تۆمارکرد.
 
نرخی زێڕ زیاتر لە سێ دۆلار بەرزبووەوە و هەر ئۆنسەیەک بە 1836 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بۆ مامەڵەکانی داهاتووش بە 1839 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت. ئەوەش بەهۆی دابەزینی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە.
 
رۆژی پێنجشەممە نرخی زێڕ بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی تۆمارکرد و هەر ئۆنسەیەک گەیشتە 1858 دۆلار، کە بەرزترین ئاستی بوو لە 7 مانگی رابردوودا، بەڵام دواتر بەهۆی نیگەرانی لە بەردەوامیدان بە زیادکردنی نرخی سوودی بانکی لە ئەمریکا، کاتێک بانکی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاند، ئەمساڵیش بەردەوام دەبن لە زیادکردنی نرخی سوودی بانکی.
 
شرۆڤەکاران باس لەوە دەکەن، زیادکردنی نرخی سوودی بانکی سەرئێشەی بەردەوام بۆ نرخەکانی زێڕ دروستدەکات، چونکە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە و ئەوەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر نرخەکانی زێڕ دادەنێت.
 
برایان لان، بەڕێوەبەری کۆمپانیای (گۆڵد سیلڤەر سێنتراڵ) لە سێنگاپور رایگەیاند، "نرخی زێڕ سەرەتایەکی باشی لە ئەمساڵدا دەستپێکردووە کە هۆکارەکەی بۆ دابەزینی بەهای دۆلار و نیگەرانی لە سستبوونەوەی ئابووریی جیهان دەگەڕێتەوە."
 
بڕیارە ئەمڕۆ هەینی ئامارەکانی پەیوەست بە بازاڕی کاری ئەمریکا بڵاوبکرێنەوە کە بە ئەگەری زۆرەوە کاریگەری لەسەر نرخی زێڕ و دۆلار دادەنێت. بازاڕەکان ترسیان هەیە لەوەی هەر ئاماژەیەک بەهێزیی بازاڕ کاری ئەمریکا لەلایەن بانکی ناوەندییەوە وەک بیانوویێک بۆ زیادکردنی نرخی سوودی بانکی بەکاربهێندرێت.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رووداو

نرخی نەوت بەرزبووەوە و زێڕ دابەزی

ئەمڕۆ چوارشەممە لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت بۆ نزیکەی 81 دۆلار بەرزبووەوە. هەروەها نرخی کانزای زەرد (زێڕ) بەڕێژەیەکی کەم دابەزینی بەخۆیەوە بینی و یەک ئۆنسە بە 2462 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.