گوتەکانی سوودانی لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی مووچە و نەوتی کوردستان

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی عێراق رایدەگەیێنێت، بۆ ئەم سێ مانگەی کۆتایی ئەمساڵ بۆ هەر مانگێک ناتوانن لە 760 ملیار دینار زیاتر بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان رەوانە بکەن، دەشڵێت بە نووسراوی فەرمی، داوایان لە ئێران کرد، رێگەنەدات نەوتی هەرێمی کوردستان ببرێتە دەرەوە.
 
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، رۆژی چوارشەممە (04-12-2024) چووە پەرلەمان، تیشکی خستە سەر کۆمەڵێک پرسی تایبەت بە کابینە وەزارییەکەی و کار و چالاکییەکانی، لەگەڵ ئاماژەدان بە دوایین پێشهاتەکانی ناوخۆیی و ناوچەکە. یەکێک لەو پرسانەی سوودانی باسی کرد، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و هەموارکردنی مادەی 12ـی یاسای بودجە بوو، کە تایبەتە بە نەوتی هەرێمی کوردستان. 
 
محەممەد شیاع سوودانی، گوتی "لە یاسای بودجە، رێگەمان داناوە بۆ رادەستکردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی، ئەو رێگایانە روون و راشکاوان، بەتایبەتی پرسی چارەسەرکردنی گرێبەستە نەوتییەکان، کە تێبینیی و کێشەی لەسەرە؛ بەدرێژایی ساڵانی رابردوو سەرچاوەی ناکۆکیی بووە. بڕیاری دادگەی پاریس فاکتەرێکی دیکەی پشتیوانی پێداین، بۆ رێگە دروستەکەی پرسی هەناردەکردنی نەوت." 
 
سوودانی ئاماژەی بەوەکرد "ئێمە لەگەڵ ئەو بڕگانە بەریەک کەوتین، ئەوەش وایکرد هەموو مادەکە جێبەجێ نەکرێت. هەموو ئەو مادانەی جێبەجێ نەکراون، کە پوەستن بە پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان. داهاتی نانەوتی تاوەکو ئێستا لەنێوان ئێمە و حکومەتی هەرێم خاڵێکی ناکۆکییە. شیکردنەوە بۆ یاساکانی دەروازە سنوورییەکان و ئیدارەی دارایی هەیە، چەندە و کامە باجی خۆجێیە؟ یان باجی دیکەیە؟ ئەمانە تاوەکو ئێستا یەکلانەکراونەتەوە." 
 
هەروەها راشیگەیاند، "هەندێک برا گوتیان پێدانی سولفە بە هەرێمی کوردستان سەرپێچییە. بەڵێ ئەو کات ئێمە بڕیارمان لەبارەوە داوە، بەشێوەی قەرز نەوەک سولفە، ئەوەش بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەران بوو." 
 
"بۆ سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵ، مانگانە جگە لە 760 ملیار دینار هیچی دیکەمان لەبەردەستدا نییە" 
 
سەرۆکوەزیرانی باسی ئەوەشی کرد، پابەندییان لە بەرامبەر فەرمانبەران هەیە، وەک حکومەت و وەک پەرلەمانیش. فەرمانبەرانی عێراق لە هەر شوێنێک بن لە هەرێمی کوردستان، ئەنبار و بەسرە ، بەرپرسیاریێتیی شەرعی و ئەخلاقیان لە بەرامبەریاندا هەیە. "وەک چارەسەرێک لە رێگەی بانکەکانەوە قەرزمان بە هەرێمی کوردستان دا."
 
سوودانی  باسی بڕیاری دادگەی فیدراڵی کرد، کە حکومەتی بە پێدانی مووچە پابەند کرد و، گوتی "بڕیارەکەمان جێبەجێکرد، بڕیارەکە روونە؛ مووچە لە چوارچێوەی ئەو پشکە دەبێت کە لە یاسای بوجەدا بۆ هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە، کە مانگانە 950 ملیار دینارە. حیساباتی خشتەکانی بودجە لە 950 ملیار دینار کەمترە، بۆیە ئەو کورتهێنانە دروستبووە کە ئێستا هەمانە و بە ناچاری بۆ ئەو سێ مانگەی کۆتایی ئەمساڵ، مانگانە جگە لە 760 ملیار دینار هیچی دیکەمان لەبەردەستدا نییە." 
 
 سەبارەت بە پرسی گواستنەوە (موناقەلە)ـی پارە لە نێو یاسای بودجە بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەران، سوودانی گوتی "هیچ دەروازە و شوێنێک نییە تاوەکو گواستنەوەی تێدا بکرێت". 
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق پێیوایە؛ بە پەسندکردنی هەمواری یاسای بودجە و گەڕاندنەوەی داهاتی نانەوتی "دەکرێت چارەسەری ئەمە بکەن." 
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لەوە کردەوە " دەبێت هەرێمی کوردستان بڕگەکانی دیکە جێبەجێ بکات بەتایبەتی داهاتی نانەوتی. پابەندبوون بە پێناسی گومرگی و رسووماتی باج و دەروازەکانەوە نییە، ئەوەش کاریگەری لەسەر داهاتەکان هەبووە، تەنانەت کاریگەری دروستکردووە بۆ سەر رۆژنامەی کشتوکاڵی و پاراستنی بەرهەمهێنەری ناوخۆیی لە پارێزگەکانی دیکەدا."  
 
سوودانی باسی ئەوەشی کرد "ناچاربووین لە چوارچێوەی دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی گومرگەکان، مەفرەزە دابینێنن بۆ تۆکمەکردنی جێبەجێکردنی ئەو یاسایانە." 
 
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق روونکردنەوەی لەبارەی هەموارکردنی یاسای بودجەی سێ ساڵەی 2023، 2024 و 2025 دا، کە تایبەتە بە نەوتی هەرێمی کوردستان.
 
سوودانی دەڵێ، دوای دەرچوونی بڕیاری دادگەی پاریس لەبەرژەوەندیی عێراق لە دژی تورکیا، هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بۆریی نەوتی عێراقەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا راگیرا. 
 
لە یاسای بودجەی فیدراڵی، رێکار دانراوە لەنێوان میکانزمی هەژمارکردنی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت لە نەوتی بەرهەمهاتووی هەرێمی کوردستان، کە رادەستی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی دەکرێت، چونکە هەناردەکردنی تەنیا لە رێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت سۆمۆ دەکرێت. 
 
لە مادەی 12/دووەم/جیم لە یاسای بودجە باس لەوەکراوە؛ وەزارەتی دارایی فیدراڵیی قەرەبووی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە لە تێچووی ئەو بڕە نەوتەی کە بەگوێرەی هەردوو بڕگەی (ئەلف و با)ـی ئەم بەندە، بەرهەمدەهێنرێت و رادەستی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی دەکات، دەبێت تێچووی بەرهەم و گواستنەوەی هەژمار بکرێت کە یەکسان بێت لەگەڵ تێچووی بەرهەم و گواستنەوەی نەوت لە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی، جارانی ژمارەی ئەو بەرمیلانە کە رادەستکراون.
 
لەسەر بنەمای ئەم تێکستە، تێکڕای تێچووی بەرهەم و گواستنەوەی هەر بەرمیلێک نەوت شەش دۆلارە، ئەوەش بەگوێرەی حیساباتی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی.  
 
 
سوودانی گوتی "دوای دەرچوونی یاسای بودجە بەگوێرەی ئەو هاوکێشەیە، راستەوخۆ شەش دۆلارمان هەژمار کرد. حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەو کۆمپانیا نەوتییانەی لە هەرێمی کوردستان دا کاردەکەن، ئەمەیان رەتکردەوە، چونکە لای ئەوان تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ هەر بەرمیلێک نزیکەی 26 دۆلارە." 
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، بە درێژایی ئەو ماوەیەی رابردوو، پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتەکە راگیراوە، بەڵام بەم دواییانە بەرهەمهێنان بەردەوام بووە، "ئەو بەرهەمهێنانە گەیشتە نزیکەی 270 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، ئەمە جگە لەو 50 هەزار بەرمیلەی بۆ بەکاربردنی ناوخۆیی سوودی لێوەدەگیرێت، کە بەسەر پاڵاوگەکانی نێو هەرێمی کوردستان دابەشکراون، بەشێکیشی براوەتە دەرەوەی عێراق." 
 
سوودانی: بە ئێرانمان گوت رێگەمەدە نەوتی هەرێمی کوردستان بچێتە دەرەوە
 
بەگوتەی سوودانی "کارەکە گەیشتووەتە قۆناخێک، کە بێڕێزکردنە بە دەوڵەت و رووبەڕووی سزای نێودەوڵەتیی بووینەتەوە، چونکە زۆربەی بەرهەمە نەوتییەکان بە رێگەی ئێرانی دراوسێوە دەڕوات." 
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی "لە نووسینگەکەمەوە نووسراومان بۆ وەزارەتی دەرەوە کردووە، وەزارەتی دەرەوەش بۆ لایەنی ئێرانی کردووە، بەوەی رێگە نەدات ئەم مادانە بچنە نێو ئێران، چونکە ئەمە مافێکی سەروەرییە، ئەو کارە تەنیا دەبێت لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە بکرێت." 
 
لە درێژەی قسەکانیدا لە پەرلەمانی عێراقەوە، سەرۆکوەزیرانی عێراق زیانەکانی راگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستانی بۆ پەرلەمانتاران روون کردەوە و گوتی، راگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان زیانی لێداوین، دەبووایە داهاتی ئەو نەوتەی هەرێمی کوردستان بچێتە نێو یاسای بودجەی فیدراڵی، تاوەکو لەژێر ئەو رۆشناییەوە دەست بە پارەدان بکەین، بەتایبەتی مووچەی فەرمانبەران، ئەوەش بەگوێرەی بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵیی.
 
سوودانی گوتی، زیانێکی دیکە داهاتی کەرکووکە، کە رۆژانە نزیکەی 100 هەزار بەرمیل نەوتی کەرکووک لە رێگەی ئەو بۆرییەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا رەوانە و هەناردە دەکرا. 
 
هەروەها بەگوێرەی پابەندبوونەکانی عێراق بە ئۆپێک و ئۆپێک پڵەس ناچاربوون بەرهەم کەم بکەنەوە، ئەو بەرهەمە لەسەر عێراق حیسابە و لە دەرەوە کۆتا دانراوە، بۆیە لەگەڵ وڵاتانی ئەندام تووشی کێشە بوون.
 
سوودانی باسی زیانێکی دیکە کرد و گوتی، "رۆژانە دەبێت پێبژاردن (غەرامە) لەئەستۆبگرین لەبەرژەوەندیی لایەنی تورکیا. کارێکی ئاساییە سکاڵا بکرێت لەسەر ئەو ماوەی نەوتمان راگرتووە؛ بەدڵنیاییەوە لایەنی تورکی داوای دەکات، چونکە لەوبارەوە رێککەوتن هەیە و کەمترین رێژەی هەناردەکردن لە رێگەی ئەو بۆرییە دیاریکراوە، بۆیە هەرچەند هەناردەکردنی نەوت رابگیرێت، پێبژاردنی رۆژانەمان دەکەوێتە سەر و لەسەر لایەنی عێراقی تۆمار دەکرێت." 
 
وەک سوودانی باسی کرد، لەبەر ئەو هۆکارانەی سەرەوە؛ حکومەتی فیدراڵی بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کاریکردووە لەسەر ئامادەکردنی پرۆژەی هەموارکردنی بڕگەی جیم/ دووەم/ مادەی 12، بۆ دیاریکردنی تێچووی بەرهەم و گواستنەوەی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، کە راوێژکاری تەکنیکیی نێودەوڵەتیی تێچووی هەر کێڵگەیەکی نەوتی دیاری دەکات. 
 
گوتیشی، کۆبوونەوەیان کردووە، یاسای بودجە چۆنیێتی چارەسەرکردنی ئەو کێشەی دیاریکردووە، کە یەکێکە لە کێشە بەردەوامەکان لە هەموو  یاساکاندا و کاریگەریی زۆری کردووەتە سەر پەیوەندیی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان و رەنگدانەوەی جەماوەری، بۆیە پلانی چارەسەری کێشەکان هەیە، بەشێوەیەک رێکبخرێت کە هاوتابێت لەگەڵ دەستوور و یاسا.
 
سەرۆکوەزیران باسی ئەوەشی کرد، وەزارەتی نەوتی فیدراڵیی لە حکومەتی پێشوودا لە دادگاکان سکاڵای تۆمارکردووە، بەم دواییانەش دادگەی بازرگانی پێداچووەتەوە و باسی ئەوەی کردووە، ئەو گرێبەستانە فەرمین و بڕیاری دادگەی فیدراڵی لەسەر گرێبەستە نوێیەکان جێبەجێ دەبێت، دوای دەرچوونی ئەو بڕیارە، ئەمە یەکێک بوو لەو خاڵانەی "ئێمە گوشارمان کردە سەر کۆمپانیاکان بەوەی گرێبەستەکانتان نافەرمییە."
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق دانی بەوەدانا ناکۆک بوون لەسەر بڕی تێچووەکە، وەزارەتی نەوت پێوەری خۆی هەیە و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانیش پێوەری خۆی هەبوو، ئەوەش کێشەیەکی گەورە بوو، "بۆیە کەوتینە دانوستاندن، راوێژکارێکی نێودەوڵەتی لە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی کە بەریتانییە لەگەڵمان دا بووە و ئەو تێکستەمان نووسیوە."  
 
سەبارەت بە دیاریکردنی 16 دۆلار کە زۆر پرسیاری لەبارەوە دەکرێت، سوودانی گوتی "هۆکارەکەی ئەوەیە؛ ئێمە دەمانەوێت لەگەڵ دەرچوونی ئەو یاسایە دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوت بکەین. پێویستە ئێمە چەند دەروازەیەکمان بۆ هەناردەکردنی نەوت هەبێت تاوەکو بتوانین رووبەڕووی ئاڵنگاریی و لێکەوتەکان ببینەوە، کە لە هەر ساتێکدا روودەدەن. بۆ ئەوەی دەست بەهەناردە بکەینەوە." 
 
"دەبێت راوێژکاریی نێودەوڵەتی سەردانی هەموو کێڵگە نەوتییەکان بکات و تێچووی راستەقینەمان پێبدات"
 
سوودانی زیاتر روونکردنەوەی دا و گوتی دوای دەرچوواندنی یاساکە، کێشە دروست دەبێت کە تێچووەکە چەند بێت، دەبێت راوێژکاریی نێودەوڵەتی دەستبەرکاربێت و سەردانی هەموو کێڵگەکان بکات و وردبینی لە وردەکارییەکان بکات، تاوەکو تێچووی راستەقینەمان پێبدات ئەمە کاتی دەوێت. لەماوەی هەموو ئەو کاتەش  ئەو سامانە بە هەدەر دەڕوات. ئەو نەوتە زۆر بە کەمتر دەفرۆشرێت لەو نرخەی کە سۆمۆ دەیفرۆشێت."
 
سوودانی دەڵێت "ئەو هاوکێشەمان دانا، شەش دۆلار تێکڕای نرخی نیشتمانی و 26 دۆلار حیساباتی کۆمپانیاکان و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، بۆیە تێکڕاکەی 16 دۆلار دیاریکراوە بۆ هەر بەرمیلێک نەوت، تاوەکو تێچووی راستەقینە لەلایەن راوێژکاریی نێودەوڵەتیی دیاری دەکرێت، دواتر پاکتاو دەکرێت بە ئەسەر رەجعییەوە، ئەمە پەیوەست بە بابەتی هەموارکردن." 
 
لە کۆتایی قسەکانیدا سەرۆکوەزیرانی عێراق هیوای خواست پەرلەمانی عێراق بەخێراترین کات، هەمووارەکە پەسند بکات.