بەهای دراوەکان؛ تمەنی ئێرانی دابەزی و لیرەی سووری بەرزبووەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەرێمی کوردستان، بەهای تمەنی ئێران دابەزی و لیرەی سووریا بەرزبووەوە؛ دینار و لیرەی تورکیاش جێگیرن.
رەوەز میرزا، ئاڵوگۆڕکاری دراو لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 5-12-2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، 100 دۆلار بە 151 هەزار و 300 دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
بەراورد بە نێوەڕاستی ئەم هەفتەیە، بەهای تمەنی ئێرانی زیاتر دابەزیوە. رەوەز میرزا دەڵێت، ئەمڕۆ 100 دۆلار بەرامبەر 7 ملیۆن و 200 هەزار تمەنە. لەکاتێکدا دووشەممە 7 ملیۆن و 70 هەزار تمەن بوو.
هەر ئەمڕۆ حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەولێر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەهای لیرەی سووریا کەمێک بەرزبووەوە، خەڵک پێیوایە حکومەتی ئەو وڵاتە دەڕووخێت و پارەیان بەرزدەبێتەوە."
دوو رۆژی رابردوو، ملیۆنێک لیرەی سووریا 100 هەزار دیناری عێراقی بوو. حاجی سابیر دەڵێت، ئەمڕۆ ملیۆنێک لیرە بە 103 هەزار دینارە.
لیرەی تورکیا چەند رۆژێکە جێگیرە و ئەمڕۆ 100 دۆلار بە 3 هەزار و 400 لیرەیە.
نرخی دراوەکانی دیکە بەمشێوەیەیە: 100 یۆرۆ بە 157 هەزار دینارە. 100 پاوەن 187 هەزار دینار. هەزار کرۆنی سوێدی بە 120 هەزار دینارە.