رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ پێنجشەممە نرخی یەک ئۆنسە زێڕ لە بازنەیەکی سنوورداردا مامەڵەی پێوەکرا.
یەک ئۆنسە زێڕ بە 2647 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت و بەهۆی ئەوەی کە بازرگانان چاوەڕێی بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی بازاڕی کاری ئەمریکا دەکەن، ئاراستەی نرخی زێر دیارنییە.
وەبەرهێنەر و بازرگانان دەیانەوێت بزانن لە مانگی رابردوودا چەند هەلیکاری نوێ دەڕەخسێت و چۆن کاریگەریی لەسەر روانگەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دادەنێت سەبارەت بە سیاسەتی نەختی بانکەکە.
برایان لان، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری گۆڵد سیلڤەر سێنتراڵ رایگەیاند، "نرخی زێڕ بە ئەگەری زۆرەوە لە ئاستەکانی ئێستا دەمێنێتەوە و ئاراستەی بەرەو دابەزینە لانیکەم تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە."
ئەو شارەزایە دەڵێت، ئامارەکانی رۆژی هەینی کە پەیوەستن بە بازاڕی کاری ئەمریکاوە، کاریگەری لەسەر ئاراستەی نرخی زێڕ دادەنێن و لەوەش گرنگتر ئامارەکانی هەڵاوسانی مانگی 11یە کە هەفتەی داهاتوو بڵاودەبێتەوە.
تاوەکو ئێستا 73.8٪ی بازرگانان پێیانوایە بانکی ناوەندیی ئەمریکا لەم مانگەدا و لە دوایین کۆبوونەوەی ئەمساڵیدا بەڕێژەی 0.25٪ی دیکە سوودی بانکی دادەبەزینێت.
دابەزینی سوودی بانکی بە ئەرێنی کاریگەری لەسەر نرخی زێڕ دادەنێت، بەوپێیەی لە بەهای دۆلار بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە کەم دەکاتەوە.
جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە گوتارێکیدا دوێنێ رایگەیاند، کاتێک لە مانگی ئەیلوولدا بانکەکە دەستی بە دابەزاندنی سوودی بانکی کرد، ئابووریی ئەمریکا بەهێزتر بوو لەو ئاستەی کە چاوەڕوانیان دەکرد، ئەوەش لەلایەن شرۆڤەکارانەوە وەکو ئاماژەیەک بۆ خاوکردنەوەی پرۆسەی دابەزاندنی سوودی بانکی چاوی لێدەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ