ئەپیکور: لە کۆبوونەوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا تایبەت بە هەناردەکردنەوەی نەوت ئامادە نین

رووداو دیجیتاڵ
 
کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بە مەبەستی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە لەگەڵ هەولێر و بەغدا کۆببێتەوە و جەخت لەوەش دەکاتەوە، گرێبەستەکانی ئێستایان یاسایی و کارپێکراون.
 
کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی هەرێمی کوردستان کە بە ئەپیکور ناسراوە، رۆژی سێشەممە 5-12-2023، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، کۆمەڵەکەیان ئاگادارە لە هەواڵەکانی تایبەت بە کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەی نێوان بەرپرسانی حکومەتی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەرانی کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان.
 
ئەپیکور دەڵێت، بەڵام کۆمپانیاکانی ئەندام لە کۆمەڵەکەیان نە لەو کۆبوونەوانەدا بەشداربوون و نە بانگهێشتکراون بۆ ئەوەی لە کۆبوونەوەکانی داهاتووی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشدار بن.
 
ئەپیکور باس لەوەش دەکات، کۆمپانیاکانی ئەندام لە کۆمەڵەکە لەو باوەڕەدان کە گرێبەستەکانی ئێستایان [لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان] یاسایی و کارپێکراون؛ بەڵام "بڕوامان بە چارەسەری کۆنکرێتی هەیە کە بتوانرێت راستەوخۆ جێبەجێ بکرێت، جێگەی رەزامەندیی سەرجەم لایەنەکان بێت و مافی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت لە گرێبەستەکانیان بپارێزێت و ببێتە هۆی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان".
 
کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆی دەردەبڕێت بۆ گفتوگۆ لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان تاوەکو پێشڤەچوون لەو چارەسەرانە بەدی بێت.
 
مایلز کاگینز، گوتەبێژی ئەپیکور دەڵێت، "رێزگرتن لە گرێبەستەکان و شێوازە دیاریکراوە روونەکانی پێدانی شایستە داراییەکانی رابردوو و داهاتوو زۆر گرنگە بۆ دەستپێکردنەوەی تەواوەتی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنەوەی نەوت لە لایەن کۆمپانیاکانی ئەندام لە ئەپیکورەوە".
 
گوتەبێژەکە دەشڵێت، "کۆمپانیاکانی ئەندام لە کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی هەرێمی کوردستان ئامادەن بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان. بەردەوامیی دواخستن [ـی هەناردەکردنەوەی نەوت] تەنیا زیان بە گوزەرانی ئابووریی سەرجەم عێراقییەکان دەگەیێنێت".
 
رۆژی 22.11.2023، مایڵز کاگینز بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەوان لەبارەی گفتوگۆکانی هەولێر و بەغدا بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت ئاگادار نین و بەشێوەیەکی راستەوخۆ بەشدارییان لە دانوستاندنەکان نییە.
 
کاگینز لەبارەی پێدانی شایستە داراییەکانی کۆمپانیا نەوتییەکانیش لە هەرێمی کوردستان گوتی، "هێشتا بەڵێنیان پێنەدراوە لەبارەی شایستە داراییەکانیان و چاوەڕوانن لەو بارەیەوە بڕیارێک لە بەرژەوەندییان بدرێت".
 
ئەپیکوور لە 6 کۆمپانیای بەرهەمهێنەری نەوت لە هەرێمی کوردستان پێکدێت و پێش راگرتنی هەناردەکردنی نەوت، 50%ی نەوتی هەرێمی کوردستانیان بەرهەم دەهێنا.