رێککەوتنی عێراق و تورکیا بۆ مامەڵەکردن بە یۆرۆ دەستیپێکرد

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراق رایگەیاند، لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە رێککەوتنی رێکخستنی بانکی لەگەڵ تورکیا چووەتە واری جێبەجێکردنەوە و دەیان ملیۆن یۆرۆیان بۆ بازرگانان تەرخانکردووە، ئەندامێکی لیژنەی ئابووری و بازرگانیی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت: "کردنەوەی هەژماری بانکی بە دراوە جۆراوجۆرەکان، بازرگانی تۆکمە و گەرەنتی دەکات."
 
ئەمڕۆ سێشەممە 05-12-2023 سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراق لەبارەی کردنەوەی هەژماری بانکی بە دراوی یۆرۆ لە تورکیا، بە ئاژانسی فەرمیی عێراقی راگەیاندووە، "لە رۆژی یەکشەممەی ئەم هەفتەیەوە دەستکراوە بە جێبەجێکردنی رێککەوتنی رێکخستنی بانکی لەگەڵ تورکیا و بۆ ئەو مەبەستە وەکو بەشی یەکەم دەیان ملیۆن یۆرۆ بۆ دابینکردنی هاوردەکردنی کەلوپەلەکان بۆ بازرگانان لە تورکیا تەرخانکراوە."
 
بەپێی سەرچاوەکە، کاراکردنی رێککەوتنەکە دوای ئەوە هات کە بەشێک لە بازرگانەکان دیناریان داوە و بانکی ناوەندیی عێراق یۆرۆی بۆ تەرخانکردوون.
 
رۆژی 2ى کانوونى یەکەمى 2023 بانکى ناوەندیى عێراق ئەنجامى گفتوگۆکانى شاندى عێراقى بۆ تورکیای لەبارەى پرسە داراییەکان ئاشکراکرد، ئاماژەى بەوە دا، هەردوولا رێککەوتوون لەسەر ئەوەى ئاڵوگۆڕى بازرگانى بۆ بازرگانانى بچووک بە دینار بەرامبەر بە یۆرۆ یان لیرەى تورکى بێت، بە شێویەک کە پرۆسەى حەواڵەى ئەو جۆرە ئاڵوگۆڕە بازرگانییە وابێت کە لەنێو عێراق بە دینار پارەى ئاڵوگۆڕەکە دابنرێت، لە تورکیاش بە یۆرۆ و لیرە بێت، بۆئەوەى کاڵاکان لە تورکیاوە هاوردەى عێراق بکرێن.
 
رۆژی سێشەممە 05-12-2023 عەلی مەگسووسی، ئەندامی لێژنەی ئابووری و بازرگانی و پیشەسازی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کردنەوەی هەژماری بانکی بە چەندین دراوی جیاواز دەبێتە هۆی گەرەنتیکردنی بازرگانی و گوشارەکانی سەر دۆلار لادەبات، کە بەهۆی هاوردەکردنی شمەکەوە لە هەموو وڵاتانەوە بە دۆلار داواکاری لەسەر زیاد بووە و بووەتە هۆی دابەزینی بەهای دینار."
 
پەنابردنى بانکى ناوەندیی عێراق بۆ مامەڵەى بازرگانى لەگەڵ بانکەکانى تورکیا بە دراوى دیکە جگە لە دۆلار، بۆ ئەوەیە گوشار لەسەر فرۆشتنى دۆلار بۆ حەواڵە و مامەڵەى بازرگانی کەم بکاتەوە، کە کۆت و بەندى بانکى فیدراڵى ئەمریکاى لەسەرە، ئەوەش فرۆشتنى دۆلارى سنووردار کردووە لە رێگەى سەکۆى ئەلیکترۆنیى بانکەکەوە.