دە ملیارەكەی پێشمەرگە گەیشتە كوردستان

05-11-2016
مەحموود یاسین کوردی
نیشانەکردن پێشمەرگە شەڕ_موسڵ
A+ A-

رووداو- هەولێر

دوای سەردانەكەی مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا، بڕیاربوو حكومەتی عێراق 10 ملیار دینار بۆ پێشمەرگە بنێرێت، بریكاری وەزارەتی دارایی عێراقیش دەڵێت "پارەكە گەیشتووەتە هەولێر".

فازل نەبی، بریكاری وەزارەتی دارایی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئەوە 10 ملیار دینارە لەڕێگەی وەزارەتی بەرگریی عێراقەوە وەك بەشێك لە رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان نێردراوە، پارەكەش رۆژی شەممە 5-11-2016 گەیشتتە كوردستان".

ناردنی ئەو 10 ملیارە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە، وەك نیازپاكییە بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان كە ئێستا بە هاوبەشی لەگەڵ هێزەكانی عێراق و هاوپەیمانان پرۆسەی كۆنترۆڵكردنەوەی موسڵ ئەنجامدەدەن.

رۆژی 22-10-2016 بریكاری وەزارەتی دارایی عێراق لە رێگەی رووداو باسی ناردنی ئەو 10 ملیارەی كرد كە لە چوارچێوەی رێككەوتنی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق بۆ ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی موسڵ دەدرێتە پێشمەرگە.

رۆژی 17-10-2016، حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی موسڵی راگەیاند، بۆ هەمان رۆژ كاژێر 06:00 بەیانی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان وەك یەكەم هێز دەستیان بە هێرشكردنە سەر چەكدارانی داعش كرد و لە یەكەم رۆژی ئۆپەراسیۆنەكەدا 9 گوندیان لە رووبەری 200 كیلۆمەتر چوار گۆشە كۆنترۆڵكردنەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە