نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بۆ 2653 دۆلار دابەزی

05-10-2024
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

نرخی زێڕ بە پێچەوانەی نرخی نەوت، نەیتوانی رۆژی هەینی سوود لە پەرەسەندنی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست وەرگرێت و دابەزی.
 
یەک ئۆنسە زێڕ لە دوای داخستنی بازاڕەکان لە درەنگانی شەوی هەینی بەڕیژەی 0.2٪ دابەزی و هەر ئۆنسەیەکی بە 2653 دۆلار مامەڵەی پیوەکرا.
 
بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی پەیوەست بە ژمارەی هەلی کاری نوێ لە مانگی ئەیلوول لە ئەمریکا، بووە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و دابەزینی نرخی زێڕ.
 
لە مانگی رابردوو 254 هەزار هەلی کاری نوێ لە ئەمریکا رەخساندووە کە زۆر زیاتر بووە لە ئاستی پێشبینییەکان کە تەنیا 142 هەزار هەلی کار بوو. رێژەی بێکاریش بۆ 4.1٪ دابەزیوە. 
 
بەهێزبوونەوەی بازاڕی کاری ئەمریکا لە مانگی ئەیلوول بووەتە هۆکار بازرگانان چیدیکە چاوەڕیی کەمکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندی ئەمریکا بەو خێراییەی پێشتر گومان دەکرا، نەبن.
 
پێشتر پێشبینی دەکرا بانکی ناوەندیی ئەمریکا رێژەی سوودی بانکی بە رێژەی 0.5٪ـی دیکە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ کەمبکاتەوە، بەڵام بەهێزیی بازاڕی کاری ئەمریکا دەتوانێت روانگەی بانکی ناوەندی وڵاتەکە بگۆڕێت.
 
بەهێزیی بازاڕی کاری ئەمریکا بەردەوام دەبێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و بەپێچەوانەش کاریگەری لەسەر نرخی زێڕ دادەنێت.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە