ئۆپێک پڵەس بەرهەمهێنانی دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە کەمدەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرەڕای گوشارەکانی ئەمریکا بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت، ئۆپێک پڵەس لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممەی لە ڤیەننا بڕیاری دا رۆژانە "دوو ملیۆن" بەرمیل لە بەرهەمهێنانی نەوت کەمبکاتەوە کە دەبێتە گەورەترین ئاستی کەمکردنەوەی بەرهەمی نەوت لە دوای مانگی ئاداری ساڵی 2020ـەوە.
رۆژی چوارشەممە 05-10-2022 ئەمیر حوسێن زەمانینیا، پارێزگاری رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوتی ناسراو بە ئۆپێک بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، ئۆپێک پڵەس بڕیاری داوە بۆ مانگی تشرینی دووەم، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بەبڕی "2 ملیۆن" بەرمیل لە رۆژێکدا کەمبکاتەوە، ئەوەش لەدوای مانگی ئاداری ساڵی 2020ـەوە گەورەترین کەمکردنەوەیە لە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی گرووپەکە.
کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ئۆپێک پڵەس هەنگاوێکە بۆ بووژاندنەوەی نرخی نەوت، کە لە سێ مانگی رابردوودا بەهۆی ترس لە پاشەکشەی ئابووریی جیهان، زیادکردنی نرخی سوودی بانکی لە لایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکا و بەهێزبوونی دۆلارەوە، لە 120 دۆلارەوە بۆ 90 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دابەزیوە.
لە دوای بڕیارەکە بەرمیلێک نەوتی برێنت دۆلارێک و 75 سەنت بەرزبووەوە و ئێستا بە 93 دۆلار و 75 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت، نرخی نەوتی سووکی رۆژئاوای تێکساسیش دۆلارێک و 45 سەنت بەرزبووەوە هەر بەرمیلێک بە 87 دۆلار و 93 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.
هاوکات هەنگاوەکە گورزێکی کوشندە لە ئەمریکا دەدات، کە داوای لە سعودیە کردووە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت زیادبکەن، بەڵام بەرپرسانی سعودیە نیگەرانییان دەربڕیوە لەوەی رەنگە بەهۆی ناسەقامگیریی ئابووریی جیهانەوە خواست لەسەر نەوت کەمببێتەوە.
ئەمریکا گوشاری خستبووە سەر ئۆپێک پڵەس کە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت کەمنەکاتەوە و باسی لەوە دەکرد، ئەو هەنگاوە لەگەڵ هەلومەرجی بازاڕ ناگونجێت.
بەپێی سەرچاوەکان، تاوەکو ئێستا روون نییە ئاخۆ بەپێی رێککەوتنەکەی ئەمڕۆی ئۆپێک پڵەس وڵاتان دەتوانن ئارەزوومەندانە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە وڵاتەکانی خۆیان کەمبکەنەوە یاخود دەبێت پابەند بن بەو بڕەی لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ رێککەوتنی لەسەر کراوە.
لە مانگی ئابدا، ئۆپێک پڵەس 3 ملیۆن و 600 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی کەمتر لەو ئاستە بەرهەمهێناوە کە ئامانجی بوو.
شرۆڤەکارانی سیتی بانک لە نووسراوێکدا دەڵێن، "ئەگەر نرخی نەوت بەهۆی کەمکردنەوەی بەرچاوی ئاستی بەرهەمهێنانەوە بەرزببێتەوە، ئەوا لە سەروبەندی هەڵبژاردنەکانی نیوە وەرزیی ئەمریکا، گوشار لەسەر ئیدارەی بایدن دروستدەکات".
شرۆڤەکاران دەشڵێن: "رەنگە ئەمریکا کاردانەوەی سیاسیی زیاتری هەبێت، لەوانە دەرهێنانی نەوتی زیاتر لە کۆگە ستراتیژییەکان".
هاوکات بانکی جەی پی مۆرگانیش دەڵێت، پێشبینی دەکات واشنتن لەڕێی دەرهێنانی نەوتی زیاتر لە کۆگە ستراتیژییەکانەوە، رێوشوێن دژی ئۆپێک پڵەس بگرێتەبەر.
بەگوتەی شرۆڤەکاران، کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان بەو رادە زۆرە پەیامێکی بەهێزە بۆ بازاڕی وزە لەبارەی یەکگرتوویی گرووپەکەوە لە سەردەمی شەڕی ئۆکراینا و ئامادەیی گرووپەکە لەوەی بەخێرایی هەنگاو بۆ بەرزکردنەوەی نرخی نەوت دەنێت.