ئاسیاسێڵ ساڵی رابردوو 352 ملیار دینار قازانجی کردووە

 
رووداو دیجیتاڵ 

ئاسیاسێڵ ئەنجامە داراییەکانی ساڵی رابردووی بڵاوکردەوە و دەڵێت، داهاتەکەی نزیکەی 1.7 ترلیۆن دینار بووە. 600 هەزار بەشداربووشی زیادبووە.
 
کۆمپانیای ئاسیاسێڵ، کە یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیاکانی پەیوەندی لە عێراق رایگەیاند، لە ساڵی رابردوودا داهاتەکانی گەیشتووەتە ترلیۆنێک و 659 ملیار دینار، بەوەش 11٪ زیادبووە بەراورد بە ساڵی 2022.
 
کۆمپانیاکە دەڵێت، لەو بڕە، 352 ملیار دیناری عێراقی قازانجی پوختە بووە کە ئەویش بەراورد بە ساڵی پێشووتر 33٪ زیادبووە. 
 
ئاسیاسێڵ باس لەوە دەکات، تاوەکو کۆتایی ساڵی 2023، ژمارەی بەشداربووانی کۆمپانیاکەیان 3.5٪ زیادبووە و گەیشتووەتە 17 ملیۆن و 700 هەزار کەس. 
 
وەک کۆمپانیاکە دەڵێت، ئەمە رەنگدانەوەی ستراتیژییەتەکانی ئاسیاسێڵە لە راکێشانی کڕیاری زیاتر.
 
فارووق مەلا مستەفا، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی ئاسیاسێڵ دەڵێت، ئەوان لە کۆمپانیاکەیان "سەرکەوتوو بوون لە پەرەپێدان و بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکانیان لە پێناو پتەوکردنی پێگەی ئەو خزمەتگوزارییانە وەکو سەرقافڵەی کەرتی پەیوەندییەکان لە عێراق". 
 
فارووق مەلا مستەفا گوتیشی، ئەمە "رەنگدانەوەی پابەندبوونی بەرزیانە بە پێشکێشکردنی خزمەتگوزاری پێشکەوتوو بە بەشداربووانیان". ئەوان لە ئاسیاسێڵ "سەرنجێکی زۆریان خستووەتە سەر وەبەرهێنان لە لایەنە بنەڕەتییەکانی سەرمایەگوزاری [بزنس] لە پێناو پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری بە جۆرێک کە زیادبوونی توانای تۆڕەکە مسۆگەر بکات و ئەداکردنیشی بەهێزتر بکات".
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی ئاسیاسێڵ باس لەوەش دەکات، ئەوان "بەڵێنیان داوە پابەندبن بە پێشكێشكردنی خزمەتگوزاریی نایاب و بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای جیهانی بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی دارایی بەهێز". زیادبوونی بەرچاوی داهات و قازانجی کۆمپانیاکەشیان لە ساڵی رابردوو " سەرکەوتنی بەڕێوەبەرایەتی کۆمپانیا دەردەخەن لە پەرەپێدانی بەردەوامی ستراتیژییەتی تایبەت بە خۆی و چاودێریکردنی جێبەجێکردنی".
 
ئاسیاسێڵ لە کۆتایی راگەیێندراوەکەیدا سوپاسی دەستەی بازاڕی کاخەزە داراییەکانی عێراق و متمانەی وەبەرهێنەرانی دەکات کە بەدەمیەوە هاتوون و هاوکاربوون لە دەرخستنی داتا داراییەکانی و بەرزکردنەوەی ئاستی شەفافییەتی کۆمپانیاکە.
 
ئاسیاسێڵ "کۆماندەکاتەوە"، دابینکەری سەرەکی خزمەتگوزاریى پەیوەندییەکانی مۆبایل و خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکانە لە عێراق و ژماره‌ى به‌شدرابووانی 18.3 مليۆنە. 
 
ئاسياسێڵ وەکو یەکەم کۆمپانیاى خزمەتگوزاریى مۆبایل ناسێنراوە لە عێراق، یەکەم کۆمپانیاشە کە تۆڕەکەی هەموو بەشەکانی عێراق دابپۆشێت.