رووداو دیجیتاڵ
بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، 70٪ـی بازرگانیی عێراق و هاوردەی شمەکەکانی لەگەڵ چوار وڵاتە و 13 بانکی عێراقی رێکارەکانی مامەڵەکردنیان بە دراوی ئەو وڵاتانە دەستپێکردووە و پەسندکراون، دەشڵێت رێژەی 95٪ـی حەواڵەی دەرەکی لەنێو سەکۆی حەواڵەی دەرەکی نەماوە و راستەوخۆ لەنێوان بانکەکانی عێراق و بانکەکانی نێوەندگیردا دەکرێت.
بانکی ناوەندیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی سەکۆی ئەلیکترۆنیی حەواڵەکانی دەرەکییەوە رایگەیاند: "سەکۆی ئەلیکترۆنی حەواڵەکانی دارایی چاودێری پێشوەختە فەراهەم دەکات لەبری چاودێریی دواتر کە لەلایەن یەدەگی فیدراڵیی ئەمریکاوە دەکرێت."
بەپێی بانکەکە پلان دانراوە بۆ ئەوەی پەیوەندیی راستەوخۆ لەنێوان بانکەکانی عێراق و بانکەکانی دەرەکیی نێوەندگیر و پشتپێبەستراو هەبێت، بۆ ئەو مەبەستە کۆمپانیایەکی وردبینیی نێودەوڵەتی وردبینی لەو بابەتە دەکات و وردبینی پێشوەختەی ئەو حەواڵانەوە دەکات پێش ئەوەی لەلایەن بانکەکانی نێوەندەوە جێبەجێ بکرێن.
بانکی ناوەندیی عێراق، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات لەساڵی 2024دا تاوەکو ئێستا 95٪ـی حەواڵەی دەرەکی لەسەر سەکۆی ئەلیکترۆنییەوە نەماو و لەنێوان بانکەکانی نێوەندەوە و لەگەڵ بانکەکانی عێراق بە راستەوخۆ دەکرێت، ئەو 5٪ی ماوەتەوە، بەهەمان میکانیزم تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ کۆتایی دێت.
بانکی ناوەندیی عێراق ئاشکرای کردووە، بازرگانیی لەگەڵ ئیمارات و تورکیا و هیندستان و چین 70٪ـی بازرگانیی دەرەکیی کە بریتییە لە هاوردەکردنی شمەک پێکدەهێنن، ئەوەش وایکردووە بانکی ناوەندی کەناڵی دیکەی حەواڵەکردن بە دراوی یۆرۆ، یوانی چیینی، روپیەی هیندی، درهەمی ئیماراتی لە رێگەی بانکی نێوەندگیر لەو وڵاتانەوە بدۆزرێتەوە.
رۆژی 4ـی ئاب، عەلى عەللاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، دەکرێت 85%ى حەواڵەى دەرەکى لەنێوان بانکە عێراقییەکان و بانکە نێوەندگیراکاندا بێ تێپەڕبوون بە وردبینی بانکى فیدراڵیى ئەمریکادا بێت.
بەهۆی خراپی حەواڵەکردنی دراو و بردنی بۆ ئەو وڵاتانەی لە لیستی سزاکانی گەنجینە و بانکی فیدراڵیی ئەمریکادان، زیاتر لە 10 دامەزراوە و بانکی عێراق سزادراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ