سامانە سروشتییەکان: مۆڵەتی هاوردەکردنی بەنزین بە بازرگانان دەدرێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەڵێت، بە مەبەستی دابینکردنی بەنزینی پێویست و زیادکردنی خستنەڕووی لە بازاڕەکانی هەرێمدا مۆڵەتی هاوردەکردنی بەنزین بە بازرگانان دەدرێت.
وەزارەتەکە لە راگەیێندراوێکدا باس لەوە دەکات، کەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سرووشتییەكان "لە فەرمانێکی وەزاریدا، رێگەپێدانی بۆ هاوردەکردنی بەنزینی بازرگانی لە بازگەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ دەرکرد، بە مەرجێک بە پێی رێنمایی و ئەو کوالێتییەی بێت لە لایەن لیژنەکانی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکان و پارێزگاکان دیاری کراوە."
پێشتر، رۆژی پێنجشەممە، 5ـی ئەیلوول وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لەدوای کۆبوونەوەی، رایگەیاند، سەرۆکوەزیران وەزارەتەکەی راسپاردووە دەست بەپرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی و دابەزاندنی نرخی بەنزین بکرێ، وەزارەتەکەش بۆ ئەو مەبەستە دەستی بە ئامادەکارییەکان کردووە.
وەزارەتەکە گوتی: ئامادەکارییەکان بۆ دابەشکردنی نەوتی سپی و دابەزاندنی نرخی بەنزین دەستی پێکرد.. ئامادەکاری دەکرێت لە ناوچە شاخاوییەکان دەست بە دابەشکردنی نەوتی سپی بکرێت."
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە "چۆنییەتی کەمکردنەوەی نرخی بەنزینی جۆری نۆرماڵ و هاوردەکردنی بەنزینی زیاتری بازرگانی و لەم رووەوە دەست بە هەنگاوەکانی پرۆسەکە دەکرێت."
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیار درا شاندێکی وەزارەت سەردانی وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵ بکات، بۆ دیاریکردن و وەرگرتنی بەشی هەرێمی کوردستان لە نەوتی سپی و بەنزین و کۆمەڵێک پرسی پەیوەنداری دیکە.
هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا ئاماژەی بە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین کرد و گوتی، ''ئەمڕۆ لە چوارچێوەی ئەو هاوئاهەنگییەی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان هەمانە، رەزامەندیی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران وەرگیرا بۆ ئەوەی دەروازەکانی پارێزگاکان بەڕووی هەموو بازرگانان بکەینەوە کە لە بەیانییەوە بەپێی ئەو رێسایانەی دیاریکراون، بەنزین هاوردە بکەن.''
ئاماژەی بەوەش کرد، ''بڕیارەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان گشتاندنی بۆ پارێزگاکان بۆ کراوە و ئێمەش بازگەکانمان ئاگادار کردووەتەوە لەو چوارچێوەیەدا دەروازەکانی هەولێر بە رووی بازرگاناندا بکرێنەوە.''
22-08-2024 لە هەولێر بەنزینی نۆرماڵ لیتری بوو بە 925 دینار، لەکاتێکدا پێشتر 820 دینار بوو.
سەرەتای مانگی چواری ئەم ساڵ لیترێک بەنزینی نۆرماڵ لە هەرێمی کوردستان 775 دینار بوو.
لە هەرێمی کوردستان جگە لە بەنزینی نۆرماڵ، بەنزینی موحەسەن و سووپەریش هەیە کە لیتری لە نێوان 950 بۆ 1500 دینارە.