چاودێریی دارایی: لەنێو یاسای بودجەدا چەندین ستەم لە خەڵک و هەرێمی کوردستان کراون

05-09-2023
هیدایەت جان
دیناری عێراقی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
دیناری عێراقی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری گشتی لە دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە بڕگەکانی پەیوەست بە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستانەوە ستەمی زۆر لە خەڵکی کوردستان کراوە و ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان تانە لەو بڕگەیە بدات کە دەبێ بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان بەپێی خەرجی کردەیی هەژمار بکرێت، زۆربەی ئەو کۆت و بەندانەی بۆی دروستکراوە، هەڵدەگیرێن.
 
رۆژی سێشەممە، 5ـی ئەیلوولی 2023، محەممەد زراری، بەڕێوەبەری گشتی لە دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان میوانی بوولتەنی کاژێر 09:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە بەختیار عەبدولعەزیز پێشکێشی کرد، رایگەیاند، "لە سەرەتاوە یاسای بودجە لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان نەبوو، بەڵام بەدڵمان بێت یان نا، بە ناچاری یاساکە تێپەڕی. لەنێو یاساکەدا چەندین ستەم لە خەڵک و هەرێمی کوردستان کراون و یەک لەوان ئەوەیە پشکی 12.67٪ بۆ هەرێمی کوردستان دانراوە کە پێشتر 17٪ بوو. بێ ئەوەی هیچ سەرژمێرییەک لە عێراق کرابێت، رێژەکەیان بۆ ئەو ئاستە دابەزاند".
 
کۆی بودجەی عێراق نزیکەی 200 ترلیۆن دینارە و 30٪ـی بۆ سەروەرییەکان تەرخانکراوە. محەممەد زراری دەڵێت، "بەشێکی زۆریان لە چوارچێوەی سەروەریدا نین و بە سەروەری هەژمار کراون. ئەو 30٪یە خەرجکرا، 70٪ دەمێنێتەوە و ئینجا 12.67٪ـی بۆ هەرێمی کوردستانە کە لەوێشدا ئاماژەدراوە کە دەبێت بەپێی خەرجی کردەیی هەژمار بکرێت".
 
بەڕێوەبەری گشتی لە دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان باس لەوە دەکات کە لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا عێراق 48 ترلیۆن دیناری خەرجکردووە و دەشڵێت، "پشکی 12.67٪ لەو 48 ترلیۆن دینارە بۆ هەرێمی کوردستان هەژمار دەکات، ئەوەش دوای ئەوەی 30٪ خەرجی سەروەری لێ دەردەهێنێت و 33 تریلیۆن دینار دەمێنێتەوە. ئینجا لەسەر ئەو پارەیە بەشە بودجەی شەش مانگی هەرێمی کوردستان دەخەمڵێنێت".
 
لە بڕگەی خەرجیی پارێزگاکان لەنێو یاسای بودجەی عێراقدا تەنیا 15 پارێزگای عێراق هەژمار کراوە و هەرێمی کوردستان نەخراوەتە نێو خەرجییەکانەوە. محەممەد زراری پێیوایە، "ئەگەر هەرێمی کوردستان بێبەش نەکرابا، نزیکەی ترلیۆنێک دینار لە کۆی حەوت ترلیۆن دیناری خەرجی پارێزگاکانی بەردەکەوت".
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتی لە دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان، "عێراق ئێستا بە شێوەیەک مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکات کە خۆی چەندی خەرجکرد، دەبێت هەرێمی کوردستانیش ئەوەندە خەرج بکات. رەچاوی ئەوە ناکرێت کە هەرێمی کوردستان لە زۆر بوار لە عێراق لەپێشترە و خەرجی و پڕۆژەی زیاترن. ئێستا بۆچی دەبێ هاووڵاتی هەرێمی کوردستان باجی ئەوە بدەن کە لە عێراق لەبری 100 ترلیۆن دینار تەنیا 48 ترلیۆن دینار خەرجکراوە؟"
 
محەممەد زراری پێیوایە "پێویستە هەرێمی کوردستان لە دادگەی فیدراڵیی عێراق تانە لەو بڕگەیە بدات کە دەڵێت پشکی 12.67٪ـی هەرێمی کوردستان بەپێی خەرجی کرداری دەدرێت. لەو سکاڵایەدا براوە دەبێت. ئەگەر ئەو بڕگەیەش هەڵبگیرێت، نزیکەی 50٪ـی کۆت و بەندەکانی لەسەر هەڵدەگیرێت".
 
بودجەی عێراق لە دوو بەشی وەبەرهێنان و کارپێکردن پێکهاتووە و وەکو محەممەد زراری ئاماژەی پێدەدات، "بەغدا ئەگەر نیازی پاکە بەرامبەر هەرێمی کوردستان، با جارێ واز لە بەشی وەبەرهێنانەکە بهێنێت و لە بودجەی کارپێکردندا خاڵێک هەیە کە باس لە پرسی مووچەی فەرمانبەران دەکات. هەر بۆ پێشاندانی نیازپاکی، ئەو خاڵە جێبەجێ بکات و دواتر حیسابی بودجەی وەبەرهێنان و بابەتەکانی دیکە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکات".
 
لە ماوەی رابردوودا تیمێکی دیوانی چاودێری دارایی عێراق بۆ وردبینی لە داهاتی بەڕێوەبەرایەتی و دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان سەردانی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستانیان کرد و بەڕێوەبەری گشتی لە دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "بۆ ماوەی نزیکەی 15 رۆژ لەگەڵ تیمی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان وردبینی داهاتی ناوخۆیان کرد و سەردانی هەموو ئەو بەڕێوەبەرایەتییانەیان کرد کە خۆیان داوایانکرد بیبینن. لە راپۆرتەکەشیاندا کە گەڕاونەتەوە گلەییان لەسەر شەفافبوونی داهاتەکان نەبوو و رایانگەیاند، سەرووی 98٪ـی حیسابەکان رێکوپێک بوون".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە