جەمال کۆچەر: وەزیری دارایی و دوو بەرپرسی دیکەی عێراقمان لەسەر نەناردنی بودجەی کوردستان بانگهێشتکردووە


رووداو دیجیتاڵ

ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، بۆ ئەوەی لایان روون ببێت هۆکاری نەناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان چییە، وەزیری دارایی عێراق و بەرپرسی کۆمپانیای سۆمۆ و سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایییان بانگهێشتی لیژنەکەیان کردووە.
 
رۆژی سێشەممە، 5ـی ئەیلولی 2023، جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق میوانی بووڵتەنی نیڤڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە سورەیا هەساری پێشکێشی کرد، رایگەیاند، "لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق داوامان کردووە میوانداری لە وەزیری دارایی عێراق، بەرپرسی کۆمپانیای سۆمۆ بۆ بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق و سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق بکەین بۆ ئەوەی بزانین بۆچی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان رەوانە ناکرێت".
 
جەمال کۆچەر دەڵێت، "ئێستا لەسەر پرسی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، هەولێر لێدوانێک دەدات و بەغداش  لێدوانێکی دیکە، گفتوگۆکردنمان لەگەڵ ئەو لایەنانەی بانگهێشتمان کردوون، پرسەکە شەفافتر دەکات و تێدەگەین گرفتەکە لەکوێدایە".
 
لەبارەی کاتی کۆبوونەوەکەش جەمال کۆچەر گوتی، "پێوەندیمان بەو لایەنانەوە کردووە و هەندێکیان ئامادەبوونی خۆیان راگەیاندووە، بەڵام ئەوان لەسەریانە لە پەرلەمان ئامادەبن، ئێستا لەبەر ئەوەی عێراق سەرقاڵی بەڕێوەبردنی رێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێنە، دوای تەواوبوونی رێوڕەسمەکە واتا دووشەممەی داهاتوو یەکلادەبێتەوە کەی کۆبوونەوەکە بەڕێوەدەچێت".
 
دوێنێ پێشەوا هەورامی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەرجەم پابەندییەکانیان بەگوێرەی رێککەوتن لەگەڵ بەغدا جێبەجێکردووە و "حکومەتی عێراق بڕیاری ناردنی 500 ملیار دیناری بۆ مووچە داوە، لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەران، پێویستی بە 940 ملیار دینارە"، بەڵام ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق پێیوایە، "تا ئێستا روون نییە حکومەتی هەرێمی کوردستان کام داهاتی رادەست کردووە".
 
جەمال کۆچەر دووپاتی دەکاتەوە؛ "روون نییە ئاخۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرجەم داهاتی نەوتی و نا نەوتی و خاڵە سنوورییەکانی رادەست کردووە یان نیازی هەیە رادەستی بکات، ئەو دوو بابەتە لەیەک جیاوازن، وەزیری دارایی عێراق دوو دەقی یاسایی لەبەردەستە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کە ئەوانیش یاسای بودجە و یاسای بەڕێوەبردنی داراییە".
 
ئەو پەرلەمانتارە کوردەی پەرلەمانی عێراق دەشڵێت، "دیارنییە پابەندییەکانی حکومەتی هەرێم بە چ شێوەیەک بووە، بۆیە ناکرێ بڵێین ناردنی 500 ملیار دیناری مانگی تەممووز و ئاب یاساییە یان نایاسایی".