نزار عەمماری: لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەبارەی سیستمی ئەسیکۆدا گفتوگۆمان کردووە

رووداو دیجیتاڵ
 
حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بڕیاریانداوە بۆ پێشخستنی کەرتی بازرگانی، کار بە سیستمی ئەسیکۆدا بکەن، ئەسیکۆدا سیستمێکی ئەلیکرۆنیی گومرگییە، بەهۆیەوە جوڵەی بازرگانی خێراتر و باشتر و پارێزراوتر دەکات. لە رێگەی ئەم سیستمەوە بەکەمترین و خێراترین کات، زانیاریی ورد لەسەر ئەو کاڵایانە دەزانرێت کە هاوردە یان هەناردە دەکرێت.
 
 بایەخی کارکردن بەم سیستمە لە عێراق و قۆناخەکانی چوونە پێشەوەی کارکردن بە سیستمەکە، گفتوگۆیەکی چڕە لەگەڵ نزار عەمماری، نوێنەری رێکخراوی ئەسیکۆدا لە عێراق، لەو گفتوگۆیەدا عەمماری باس لەوە دەکات کە پێویستە هەرێمی کوردستانیش ببێت بە بەشێک لەم سیستمە.
 
محەممەد شێخ فاتیح لە هەولێر و نزار عەمماری لە تونسەوە باس لە ئاڵنگاری و کاریگەرییەکانی کارکردن یان نەکردن بەم سیستمەوە دەکەن، عەمماری کە نوێنەری رێکخراوەکەیە و کەسی یەکەمە لەم بابەتەدا لە عێراق، دانی پێدا دەنێت کە "تائێستا لەگەڵ وەزیری بازرگانیی هەرێمی کوردستان قسە و گفتوگۆی ئەم بابەتەیان نەکردووە". 
 
 
دەقی گفتوگۆی رووداو لەگەڵ نزار عەمماری، نوێنەری رێکخراوی ئەسیکۆدا لە عێراق
 
رووداو: بەشداریکردنی عێراق لەم پرۆگرامە بازرگانییە، چ گرنگییەکی هەیە؟
 
نزار عەمماری: سەرەتا سوپاس بۆ ئەم میواندارییە. لەم پلاتفۆرمەوە، بە ناوی خۆم و پرۆگرامی ئەسیکۆدا سڵاو بۆ هەموو عێراق و هەموو کوردستان دەنێرم. سەرەتا دەمەوێ کورتەیەکی سادە لەسەر پرۆگرامی ئەسیکۆدا باس بکەم ئەگەر بکرێ، بۆئەوەی شتەکە بخەینە چوارچێوەی خۆیەوە. پرۆگرامی ئەسیکۆدا سەر بە ئاژانسێکی نەتەوەیەکگرتووەکانە کە ناوی ئۆنکتاتە و ئەوەش کۆنگرەیەکی نەتەوەیەکگرتووەکانە بۆ بازرگانی و گەشەپێدان. ئەم پرۆگرامە لە ساڵی 1981 دەستیپێکردووە و لەسەر داوای چەند دەوڵەتێکی ئەندامی نەتەوەیەکگرتووەکان بووە. ئامانجیش لەوە بەشداریکردن بوو لە ئاسانکردنی کاری بازرگانی. ئەمە سەر بە پرۆگرامێکی پشتیوانیی تەکنیکییە لە نەتەوەیەکگرتووەکان و دەکرێ بڵێین گەورەترین پرۆگرامی ئێستای پشتیوانیی تەکنیکییە لە جیهاندا. بەشداریی عێراق لەم پرۆگرامە وەکو هەموو دەوڵەتە بەشدارەکانی دیکە بە گوێرەی رێککەوتنێکە کە ساڵی 2021 واژۆ کراوە.
 
عێراق دوایین دەوڵەت بوو کە گومرگەکانی خۆی بە ئۆتۆماتیکی کرد. واتە جیهان کە نزیکەی 205 دەوڵەتی تێدایە و لەوانە 192یان لە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکاندان، دوایین دەوڵەت لەسەر ئاستی جیهان کە گومرگەکانی خۆی بە ئۆتۆماتیکی کرد، عێراق بوو. بێگومان ئاوا نییە بڵێین هەموو ئەو دەوڵەتانەی لە ئەسیکۆدان ئەم بەئۆتۆماتیککردنەی گومرگەکانی خۆیان تەواو کردووە. 108 دەوڵەت و هەرێم لە جیهاندا هەن کە لە سیستمی ئەسیکۆدا یان سیستمەکانی ئەسیکۆدا هەن، ئەوەی دەمێنێتەوە سیستمی جیاواز بەکاردێنن. بەڵام هێشتا ئەسیکۆدا و نەتەوەیەکگرتووەکان زۆرترینی ئەو دەوڵەت و هەرێمانە لەخۆدەگرن کە ئەم بەئۆتۆماتیککردنەیان لەگەڵ ئەسیکۆدا تەواو کردووە. پاش واژۆکردنی ئەو رێککەوتننامەیە و ئەو بەڵگەنامە نێودەوڵەتییە دەستمانکرد بە پرۆسەی بەئۆتۆماتیککردنی گومرگەکانی عێراق.
 
مەحاڵە بتوانی ئامارێکی دروستت لەبارەی بازرگانیی دەرەکیەوە هەبێ ئەگەر گومرگی خۆت بەئۆتۆماتیکی نەکردبێ. ئەمە یەکەمین شت. کە ئاماری دروستیشت نەبوو، مەحاڵە بتوانی لەڕووی ئابوورییەوە ستراتیژی کورتمەودا و مامناوەند و درێژخایەن دابڕێژی، تەنانەت لەڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئەو شتانەیشەوە. بۆیە بەئۆتۆماتیککردنی گومرگ و بەئۆتۆماتیککردنی بازرگانیی دەرەکی هەنگاوێکی زۆر گرنگە بۆ هەر دەوڵەتێک.
 
رووداو: بەڕێز عەمماری دەمەوێ وەڵامی ئەو پرسیارەم دەستکەوێ، بەشداریکردنی عێراق لە ئەسیکۆدا چ بایەخێکی هەیە بۆ عێراق؟ دوای بەئەندامبوونی عێراق لەو پرۆژەیە چ گۆڕانگارییەک روودەدات؟ چ جموجووڵێک روودەدات لە بازرگانی عێراق؟
 
نزار عەمماری: بێگومان گۆڕانکاریی زۆر روودەدەن. وەکو گوتم عێراق دوایین دەوڵەت بووە ئەم کارەی کردووە. ئێمە وەکو ئەسیکۆدا ئۆکتاد دەچینە دەوڵەتێک بۆ ئەوەی لە دۆخێکەوە بیگوازینەوە بۆ دۆخێکی نوێتر. بەڵام ئێمە ناچینە دەوڵەتێک تەنیا بۆئەوەی لە سیستمی کاغەزەوە بیگوازینەوە بۆ سیستمی ئۆتۆماتیکی. لە نەوەتەکان و سەرەتای دوو هەزارەکاندا ئەوەمان دەکرد، ئەم گواستنەوەیە گواستنەوەیەکی جۆرەکی و زۆر گەورەیە بۆ عێراق، چونکە ئیدی ئێمە کە لە 2024داین، عێراق لە سیستمی کاخەزەوە دەچێتە نێو سیستمی ئۆتۆماتیکی و زانیاریی زۆر پێشکەوتوو. ئەمەش بەشێوەیەکی سروشتی دەمانخاتە بەردەم کۆمەڵێ ئاڵنگاریی زۆر گەورە. ئەم ئاڵنگارییانە زۆر و هەمەڕەنگن و لەپێش هەموویانەوە ژێرخان دێت. خۆتان دەزانن گومرگ هەمیشە لەسەر سنوورەکانە، واتە لە شوێنی دوورەدەست، کەواتە دەبێ سیستمی پەیوەندیت زۆر باش بێت، فایبەر ئۆپتیک بێت و نووسینگەی زۆر باشت هەبێ و... ئەمانە هەموو ئاڵنگارین. ئەوەی کە عێراق بەدەستی هێناوە ئەوەیە کە ئەمڕۆ 80٪ زیاتری بازرگانییەکەی بەئۆتۆماتیکی کراوە، ئەمەش شتێکی باشە.
 
رووداو: بەڕێز عەمماری، ئەم سیستمی بازرگانییە هەموو جۆرەکانی گواستنەوە دەگرێتەوە؟ لە ئاسمانی و وشکانی و دەریایی و لە هێڵی ئاسنین؟ یان تەنیا گواستنەوەی دەریایی دەگرێتەوە و ئێستا لە عێراق چ رێگایەک بەکاردەهێنێ؟
 
نزار عەمماری: بێگومان کە بازرگانی و گومرگ بەئۆتۆماتیکی دەکەین، سێ جۆر دەروازە بە ئۆتۆماتیکی دەکەین کە ئەوانیش دەروازەی ئاسمانی و دەروازەی دەریایی و وشکانین. عێراق ئەمڕۆ نۆ دەروازەی بە ئۆتۆماتیکی کردووە کە ئەوانیش بریتین لە گواستنەوەی ئاسمانی لە فڕۆکەخانەی بەغدا، هۆڵی رێبواران لە فڕۆکەخانەی بەغدا، بەندەری وشکانی لە بەغدا، هەروەها گۆڕەپانە گەورەکەی ئوم قەسر کە گەورەترین بەندەری عێراقە، هەروەها ئوم قەسری ناوەڕاست و ئوم قەسری باشوور، هەرسێکیان دەروازەی دەریایین، هەروەها دەروازەی وشکانیی سەفوان لەگەڵ کوێت، هەروەها دەروازەی عەرعەر لەگەڵ عەرەبستانی سعودی و دەروازەی ترێبیل لەسەر سنووری ئوردن. ئەم سێیەی دوایی دەروازەی وشکانین.
 
رووداو: ئەی چی دەڵێن سەبارەت بە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان؟ هەروەها فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی؟ ئەمانەش بەشێک دەبن لەو سیستمە؟
 
 
نزار عەمماری: ئێمە وەکو نەتەوەیەکگرتووەکان کاتێک رێککەوتنێک واژۆ دەکەین و بەڵگەنامەی پرۆژەیەک لەگەڵ دەوڵەتێک یان هەرێمێک واژۆ دەکەین، ئەوەی پەیوەندی بە ئێمەوە هەبێ لەڕووی گرێبەست و بەڵگەنامەی پرۆژە و رێککەوتننامەی نێودەوڵەتی، ئەو دەروازانە دەستنیشان ناکەین کە بەئۆتۆماتیکی دەکرێن، ئەمەش شتێکی سروشتییە، دەکرێ ئەمڕۆ دەروازەیەکت هەبێ و سبەی دایخەی. بەڵام کاتێک دەست بە کارەکە دەکەین و نموونەیەک بۆ وڵاتەکە ئامادە دەکەین، چونکە ئێمە پەیکەرێکی بەتاڵ دێنین و بە یاسا و رێنمایی و... هەتا دوایی پڕی دەکەینەوە، کاتێک ئەمە ئامادە دەبێ، داوای پلانێک و لیستێکی رێکوپێکیان لێدەکەین لەبارەی ئەو دەروازانەی کە دەیانەوێ بەئۆتۆماتیکی بکرێن، چونکە رەنگە دەروازەیەکیان هەبێ نەیانەوێ بە ئۆتۆماتیکی بکرێ بەهۆی ئەوەی ئەستەمە بتوانن بۆ نموونە ژێرخانی پێویستی پێبگەیێنن، یان رەنگە پێیانوابێ کە لەڕووی بازرگانییەوە گرنگ نییە و داهاتێکی زۆر کەمی هەیە و کەواتە بەئۆتۆماتیککردنی قازانجێکی ئەوتۆی نابێ، یان رەنگە هۆکاری دیکەی جیاواز لەوانەی هەبێ. بۆیە ئێمە هەتا ئەمڕۆ نۆ دەروازەمان هەن کە لە حکومەتی عێراقمان وەرگرتوون و ئەم پرۆگرامەمان لەسەر جێبەجێ کردوون.
 
رووداو: ئێستا ئێمە لە هەرێمی کوردستان سێ دەروازەی وشکانی نێودەوڵەتی و دوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیمان هەیە، هۆکار چییە کە تاوەکو ئێستا ئەو سنوور و فڕۆکەخانانە نەبوونەتە بەشێک لەو سیستمە؟
 
نزار عەمماری: وەڵا هۆکارەکانی زۆر و هەمەجۆرن، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئێمە وەکو نەتەوەیەکگرتووەکان ناچینە ناو وردەکاریی ئەو هۆکارانەوە کە لەڕووی سیاسییەوە لە دەرەوەی کاری ئێمەیە، بەڵام دەکرێ باسی هۆکارە لۆجیکییەکان بکەین. وەختێ دەروازەیەک بە ئۆتۆماتیکی دەکەین، تیمێکی نیشتیمانی بۆ دادەمەزرێنین. ئەم تیمە کەسانی سەر بە گومرگی تێدایە و شارەزای ئای تی تێدایە، ئەمانە لەگەڵ ئێمە لە هاتووچۆدا دەبن، ئەمانە بێگومان خۆیان لە گومرگن و کارمەندی گومرگن، بەشداری لەم پرۆسەیە دەکەن و مەشق و راهێنان وەردەگرن و پشتیوانیی پێویست لە کارمەندەکانی دیکە و کارمەندانی کۆمپانیاکانی گواستنەوە و ئەو شتانە دەکەن، بۆیە ئەوەی دەیەوێ گومرگی کوردستان بە ئۆتۆماتیکی بکات دەبێ بە کوردی قسە بکات. ئەمە خاڵی یەکەم. ئێمەش تیمی کوردمان نین، تیمێکی فیدراڵیمان هەیە لە بەغدا.
 
دووەم، هەندێ تایبەتمەندیی گومرگی، یان وەکو ئەوەی من تێگەیشتم، زۆربەی ئەم تایبەتمەندییانە لەنێوان کوردستان و حکومەتی فیدراڵی هاوبەشن، بەڵام هەندێ تایبەتمەندی گومرگیش هەن وەکو بۆ نموونە بەخشین لە هەندێ شت، ئەمانە لە چوارچێوەی دەسەڵاتی فیدراڵین.
 
سێیەم، وەکو گوتم، ئێمە هیچ کێشەیەکمان نییە لەوەی کامە بە ئۆتۆماتیکی بکەین، دەبێ ئەوان پێمان بڵێن کوێ بەئۆتۆماتیکی بکەین. تیمێکمان بدەنێ ئەو زمانە قسە بکەن، کارمەندمان بدەنێ ئەو زمانە قسە بکەن، بەڵام ناکرێ لە یەک کاتدا دوو زمان هەبن.
 
رووداو: بەڕێز عەمماری ئەگەر هەرێمی کوردستان نەبێت بە بەشێک لە ئەسیکۆدا چ زیانێک دەکات؟ هەرێمی کوردستان چیبکات تا بتوانێت سوود لەو سیستمە بازرگانییە ببینێت؟ بەتایبەتی کاتێک کە هەرێمی کوردستان تاکە دەروازەی بەستنەوەی عێراق بە تورکیا و ئەورووپایە؟
 
 
نزار عەمماری: من بۆ هەرێمی کوردستان هیواخوازم کە بازرگانیی دەرەکی و گومرگی خۆیان بەئۆتۆماتیکی بکەن. ئەوە سوودێکی زۆری بۆ هەرێمی کوردستان دەبێ. سوودی بۆ عێراقیش دەبێ بەگشتی و سوودی بۆ ناوچەکە و تەنانەت بازرگانیی جیهانیش دەبێ. 
پێویستە ئەوەش بڵێم کە تۆ کاتێک ئەم کارە دەکەی، دەبێ پێوەرە نێودەوڵەتییەکان جێبەجێ بکەی. پێوەری نێودەوڵەتی هەیە بۆ گومرگ و پێوەری نێودەوڵەتی هەیە بۆ پرۆسەی بەئۆتۆماتیککردن و بۆ سیستمەکانی ئای تی و هەتا دوایی کە پێویستە جێبەجێ بکرێن چونکە ئەمانە ئیدی چوونەتە ناو شێوازی کاری رێکخراوی جیهانیی گومرگەکان و رێکخراوی جیهانیی بازرگانی و هەتا دوایی.
سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، ئەگەر عێراق لەسەر ئەم رێچکەیە رۆیشت کە دەڕوات، بۆ نموونە لەسەر رێچکەی گەشەکردن، ئەوە زۆر گرنگە کە دەروازەکەی لەگەڵ تورکیا بەئۆتۆماتیکی کرابێ و زانیارییەکان هەموو بەردەست بن و کارەکە رێکوپێک کرابێ و دوورخرابێتەوە لە گەندەڵی و یاسای تێدا جێبەجێ بکرێ و هەتا دوایی.
 
رووداو: بەڕێز عەمماری، بەڵام بەپێی ئەوەی بەڕێزتان نوێنەری بەرنامەکەن لە ئەسیکۆدا لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی هەرێمی کوردستان و لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی گۆمرکەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر ئەو بابەتە گفتووگۆتان کردووە؟
 
نزار عەمماری: نا وەزارەتی بازرگانی نەخێر، بەڵام دیدارێکم لەگەڵ وەزیرێکی بەڕێز هەبوو وەکو نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، چەند دیدارێکی دیکەشی بەدوادا هات کە لە ئاستی بەرز بوون و لە کوردستان بوون. ئەمە لە ساڵی 2023 بوو، یەکێ لەوانە لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی گومرگەکانی هەرێمی کوردستان بوو. هەتا ئێستاش ئەم گفتوگۆ و راوێژە هەر بەردەوامە و ئێمە هیوا دەخوازین کە کوردستانیش وەکو هەرێم و وەکو حکومەت بکەوێتە سەر ئەم رێچکەیە.
 
رووداو: ئەوەی کە ئێوە ئاگادارن، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەخوازێت ببێتە بەشێک لەو سیستمە؟
 
نزار عەمماری: بەڕاستی من ناتوانم لەسەر نیاز حوکم بدەم، ئەوەی من دەیزانم، بەڵێ گفتوگۆ کراوە و ئەم گفتوگۆیە هێشتا بەردەوامە و پشتیوان بەخوا لەم نزیکانە رەنگە کۆبوونەوەشمان لەگەڵ وەزارەتی دارایی هەبێ، پێشبینی دەکەم ئەمە بکەوێتە مانگی هەشت یان نۆ. نیازەکە لەو رووەوە باشە و هیچ دژایەتییەکم نەبینیوە، هەستم نەکردووە خۆیانی لێ بدزنەوە یان ئامادەی هاوکاری نەبن، واتا بەگشتی نیازێکی باش هەیە، بەڵام، ئەمە هەر وەکو نموونە دەڵێم، ئێمە گفتوگۆکانمان لەم بوارەدا لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لە سەرەتای 2020 دەستیپێکرد و لە کۆتایی 2021 گەیشتینە رێککەوتن. کەواتە ئەمە گفتوگۆی زۆری دەوێ و کاتی پێویستە.
 
رووداو: بەڕێز عەمماری، یەکێک لەو ئاڵنگارییانەی کە لەبەردەم ئەو سیستمەیە لە عێراق ئەوەیە کە پێویستی بە هێڵێکی ئینتەرنێتی زۆر بەهێزە، بەتایبەتی هێڵی 5G وەک دەزانن زۆرجار لە عێراق هێڵی ئینتەرنێت دەپچڕێت، ئەو کێشەیە چۆن چارەسەر دەکەن؟
 
نزار عەمماری: ئەم کێشەیە لە هەموو جیهاندا هەیە. وەکو گوتم 80٪ی بازرگانیی عێراق و نۆ خاڵی سنووری بە ئۆتۆماتیکی کراون. ئەگەر عێراق بتوانێ ئەم سیستمە لە ترێبیل و عەرعەر جێبەجێ بکات، ئەوە ئیدی هیچ کێشەیەکی نامێنێ ئەگەر هیچ دەروازەیەکی دیکەش بەئۆتۆماتیکی نەکات. شتێکی دیکەش کە ئەمە یەکێکە لە خاسیەتەکانی بەئۆتۆماتیککردن لە حوکمڕانیی ئەلیکترۆنیدا، ئەوەیە کە تەنانەت لە خزمەتگوزاری ئینتەرنێت و پەیوەندیشدا بەرەوپێش دەچێ و ئەمەش هاوکار دەبێ بۆئەوەی هەموو خاڵە سنوورییەکانی دیکەش بەئۆتۆماتیکی بکرێن. کەواتە نابێ بەدووری بزانی کە هەمان شت لە تەواوی عێراقیشدا جێبەجێ ببێ.
 
رووداو: دوایین پرسیارم، دەتوانین بڵێین دوای پابەندبوونی تەواوەتی عێراق بە سیستمی ئەسیکۆداوە، رێژەی بەقاچاخبردن و بازرگانی قاچاخ کەمدەبێتەوە؟ چوونە دەرەوەی دۆلار کە کێشەیەکی زۆر گەورەیە، ئەمانە چارەسەر دەبن یاخود نا؟
 
نزار عەمماری: ئەوەی تایبەت بێ بەم باسە دوو خاڵی زۆر گرنگ هەن. خاڵی یەکەم ئەوەیە کە سیستمی ئەسیکۆدا سیستمێکی مەرکەزییە. واتە لە یەک سەنتەرەوە دەتوانی تەواوی وڵاتەکە کۆنترۆڵ بکەی. ئەم سیستمە یەک رسومات و یەک یاسا و هەتا دوایی هەیە. ئەمەش رێ لە دەستێوەردانی مرۆڤ دەگرێ.
 
خاڵی دووەم، ئێمە لەم پرۆژەیەماندا کە ئێستا لە عێراق جێبەجێی دەکەین، سێ قۆناخمان هەیە. قۆناخی دووەم، چونکە ئێستا ئەوە قۆناخی یەکەممان تەواو کرد و دەستمان بە قۆناخی دووەم کردووە. قۆناخی دووەم بە تەواوی بریتی دەبێ لە باشترکردنی چاودێری لەسەر گومرگ، ئەمەش لەڕێی دینامیکی ژیری دەبێ کە پشت بە ژیریی دەستکرد دەبەستێ، لەڕێی ئیدارەدانی مەترسییەکان دەبێ، لەڕێی سیستمەکانی بەها و ئەو شمەکانەی لە گومرگ دەبەخشرێن و هەتا دوایی، لیستەکە درێژە.
 
خاڵی دووەم کە زۆر گرنگە، ئەوەیە کە وەکو دەزانین، هیچ شتێک لە هیچەوە پەیدا نابێ، هیچ شتێکیش بزر نابێ و هەمووی تەحویل دەبێ. ئێمە بۆ نموونە ئەگەر توانیمان لە فڕۆکەخانە 4٪ی داهات بەرز بکەینەوە، مەبەستم فڕۆکەخانەی بەغدایە، ئەمە وەک نموونە دەڵێم، ئەمە مانای وایە بڕێک پارە هەیە لە گیرفانی گەندەڵی و گیرفانی کەسانی نەفس نزم و هەرچی ناودەنێی، گەڕاوەتەوە و چووەتە سەر داهاتی دەوڵەت. پارە لە ئاسمانەوە لەگەڵ باران نابارێ، ئەمە داهاتە کە باشتر بووە و هۆیەکەشی جێبەجێکردنی سیستم و ئەو پاکێجەیە لە بڕیار و یاسا و رێنمایی کە لەو رووەوە دەرچوون.
 
رووداو: زۆر سوپاس بەڕێز نزار عەمماری، نوێنەری بەرنامەی ئەسیکۆدا لە عێراق، لە کۆنفرانسی بازرگانی و گەشەپێدانی نەتەوەیەکگرتووەکان لە تونسەوە لەگەڵمان بووی.
 
نزار عەمماری: منیش سوپاستان دەکەم و سڵاوم بۆ هەرێمی کوردستان و هەموو عێراق هەیە.