بانکی ناوەندیی عێراق سزای بانکێک دەدات و سەرپەرشتی کارەکانی دەکات

رووداو دیجیتاڵ  

دوای کەمتر لە ساڵێک لە سزادانی بە بێبەشکردنی لە پێدانی دۆلار، بانکی ناوەندیی عێراق بانکی ئیسلامیی زەینی عێراقی خستە ژێر سەرپەرشتیی خۆیەوە و سەرپەرشتیارێکی بۆ دیاریکرد.
 
بانکی ناوەندیی عێراق هۆکاری ئەو بڕیارەی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە "بەڕێوەبەرایەتیی بانکەکە، کارەکانی و شێوازەکانی کارکردنی نادروست و پارێزراو نەبووە."
 
بانکی ناوەندی بڕیاری ژمارە 165ـی ساڵی 2024ـی دەرکرد کە ئەمانە لەخۆدەگرێت:
 
- سەپاندنی سەرپەرشتیاری بەسەر بانکەکەتان بەپێی حوکمەکانی مادەی 59ـی یاسای بانکەکانی عێراق ژمارە 94ـی ساڵی 2004.
 
- دامەزراندنی جەلال عەبدوڵڵا سەلمان، بە سەرپەرشتیاری بانکەکە و گواستنەوەی دەسەڵات بۆی.
 
رۆژی دووشەممە سەرچاوەیەک لە بانکی ئیسلامیی زەینی عێراق بە رووداوی گوت: "بەهۆی کێشەی داراییەوە بانکەکە سەرپەرشتیاری بۆ دانرا، بەشێکیشی پەیوەستە بەوەی بەپێی رێککارەکانی بانکی ناوەندی کاری نەکردووە، وەکو ئەو بانکە بانگەشەی بۆ دەکات."
 
بەپێی مادەی 59ـی یاسای بانکەکانی عێراق ژمارە 94ـی ساڵی 2004، بانکی ناوەندی لەم کاتانەدا سەرپەرشتیار دەسەپێنێت:
 
- بانکەکە پابەندییە داراییەکانی جێبەجێ نەکات.
- سەرمایەی بانکەکە لە 5٪ کەمتر بێت لەوەی یاسا دیاریکردووە.
- ئەگەر سکاڵایەک لە دژی مایەپووچبوونی کرابێت.
- ئەگەر دیاریکردنی سەرپەرشتیار بۆ سەقامگیری و دروستیی بانکەکان بە گشتی پێویست بوو.
 
بانکی ئیسلامیی زەینی عێراق، لە مانگی ئابی ساڵی 2023، بەهۆی پابەندنەبوونی بە رێککارەکان، لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە لە پێدانی دۆلار بێبەشکرا.