رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ژووری بازرگانیی مەلەتێ لە باکووری کوردستان دەڵێت، لە وەرزی 2022-2023ـدا بایی 435 ملیۆن دۆلار، قەیسی وشککراویان هەناردەی وڵاتانی جیهان کردووە.
رەمەزان ئۆزجان، سەرۆکی ژووری بازرگانیی مەلەتێ، کۆتاییهاتنی وەرزی قەیسی پارێزگاکەی راگەیاند کە لە مانگی ئابی 2022 دەستیپێکرد و رایگەیاند، لە ماوەی ساڵێکدا 80 هەزار و 606 تۆن بەرهەمی قەیسییان هەبووە.
رەمەزان ئۆزجان راشیگەیاند، سەرباری ئەوەی پارێزگای مەلەتێ بەهۆی بوومەلەرزەکانی رۆژی 6ـی شوباتی ئەمساڵەوە زیانی زۆری بەرکەوت و تاوەکو ئێستاش کارگەکان بە توانای 10٪ کارەکانیان دەکەن، بەڵام لە وەرزی 2022-2023ـی قەیسیدا، توانییان بایی 435 ملیۆن و 546 هەزار دۆلار داهاتیان هەبێت.
رەمەزان ئۆزجان باسی لە دوایین مانگی وەرزی بەرهەمی قەیسی کرد و رایگەیاند، تەنیا لە مانگی تەممووزدا سێ هەزار و 276 تۆن قەیسیان هەبووە و بەو هۆیەوە 20 ملیۆن و 416 هەزار دۆلار داهاتیان هەبووە.
سەرۆکی ژووری بازرگانیی مەلەتێ ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، لە وەرزی 2021-2022ـی بەرهەمی قەیسیدا، 100 هەزار و 68 تۆن بەرهەمیان هەبووە و 500 ملیۆن دۆلار داهاتیان لێی دەستکەوتووە.
ئۆزجان پێداگری لەوەکرد کە بە پشتبەستن بە پلانێکی تۆکمە، ئامانجیان ئەوەیە لە وەرزی 2023-2024ـدا کۆی بەرهەمیان بگەیێننە سەروو 130 هەزار تۆن و داهاتیان بگەیێننە سەرووی 750 ملیۆن دۆلار.
بەگوێرەی ئامارەکان، 8 ملیۆن داری قەیسی لە پارێزگای مەلەتێ هەن و، 60٪ـی بژێویی ژیانی هاونیشتمانییانی مەلەتێ پشت بە بەروبوومی قەیسی دەبەستێت؛ 95٪ـی بەروبوومیان لە کارگەکاندا وشک دەکرێت و هەناردەی وڵاتانی جیهان دەکرێت. 65-80٪ی قەیسییە هەناردەکراوەکەش بۆ وڵاتانی رۆژئاوا دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ