سێ کەشتیی دیکەی دانەوێڵە لە بەندەرەکانی ئۆکراینا بەڕێکەوتن


رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، سێ کەشتیی دیکەی دانەوێڵە، کە گەنمەشامییان بارکردووە، لە بەندەرەکانی ئۆکرایناوە بەرەو تورکیا، ئیرلەندا و بەریتانیا بەڕێکەوتن. 
 
ئەمڕۆ هەینی 5ی ئابی 2022 وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، سێ کەشتیی دیکە کە ئاڵای پەنەما، ماڵتا و تورکیایان لەسەرە و گەنمەشامییان بارکردووە لە بەندەرەکانی ئۆکرانیا بەڕێکەوتن. 
 
بەپێی راگەیێندراوەکە، کەشتیی "ناڤستار"، کە ئاڵای پەنەمای لەسەرە و 33 هەزار تۆن گەنمەشامی لە ئۆکرانیاوە بۆ ئیرلەندا هەڵگرتووە، لە بەندەری ئۆدێساوە بەڕێکەوتووە. ئەم کەشتییە لەلایەن ناوەندی هاوئاهەنگی هاوبەش لە باکووری ئیستەنبووڵ پشکنینی بۆ دەکرێت.
 
کەشتیی "رۆژەن"، کە ئاڵای ماڵتای لەسەرە و 13 هەزار تۆن گەنمەشامی بارکردووە لە بەندەری چەرنۆمۆرسکەوە ئۆکرانیاوە بەرەو بەریتانیا بەڕێکەوت. کەشتییەکە لەلایەن ناوەندی هەماهەنگی هاوبەشەوە چاودێری دەکرێت. 
 
کەشتیی "پۆلارنەت" کە لە بەندەری چەرنۆمۆرسکی ئۆکرانیا چاوەڕێی دەکرد، ئاڵای تورکیای لەسەرە و 12 هەزار تۆن گەنمەشامی بارکردووە، بۆ ئەوەی بێتە قەرەسۆ، بەرلەوەی بگاتە قەرەسو، لەلایەن تیمی پشکنینی هاوبەشەوە لە باکووری ئیستەنبووڵ دەپشکندرێت.
 
لەم نێوەندەدا تیمی ناوەندی هاوئاهەنگیی هاوبەش دەستیان کرد بە پشکنینی کەشتی بەتاڵی "فولمار ئێس" کە ئاڵای باربادۆسی لەسەرە و لە باکووری ئیستەنبووڵ لەنگەری گرتووە، بۆ ئەوەی بچێت بۆ کڕینی دانەوێڵە لە بەندەری چەرنۆمۆرسکی ئۆکرانیا.