وەزارەتى کارى عێراق بۆ رووداو: لەم مانگەوە مووچەى خانەنشینى کرێکاران زیاد دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ 

لە مانگى تەممووزەوە گۆڕانکاریى لە مووچەى کرێکارانى خانەنشینى کەرتى تایبەتى عێراق دەکرێت و کەمترین مووچە دەبێتە 500 هەزار دینار.
 
نەجیم عیقابی، گوتەبێژى وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتیی عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، زیادکردنى مووچەى خانەنشینى کرێکاران لە عێراق لەو کەسانەوە دەستپێدەکات کە مووچەی ئێستایان 350 هەزار دینارە، تاوەکو دەگاتە ئەوانەى مووچەکەیان 700 هەزار دینارە.
 
زۆرترین زیادکردن 150 هەزار دینارە بۆ ئەوانەى مووچەیان 350 هەزار دینارە و مووچەکانیان دەبێتە 500 هەزار دینار. ئەوانەشی مووچەیان 700 هەزار دینارە، 87 هەزار دیناریان بۆ زیاد دەکرێت. 
 
ئەو گۆڕانکارییە لە مووچەى کرێکارانى خانەنشین لە عێراق لە دواى بڕیارێکى ئەنجوومەنى وزیران بووە لە 10ى حوزەیرانی ئەم ساڵ.
 
نەجم عیقابی گوتى: "زیادکردنەکە ئەوانە دەگرێتەوە کە لە کەرتى تایبەت کاریان کردووە و بیمەیان هەبووە".
 
جگە لەوانەى کە تەمەنیان گەیشتووەتە ئاستى خانەشینبوون، ئەو کرێکارانەش دەگرێتەوە کە بەهۆى کارەکەیانەوە نیڤشکان بوون.
 
ساڵى 2023 پەرلەمانى عێراق یاسایەکى نوێى بۆ خانەنشینى و بیمەى کۆمەڵایەتى پەسند کرد، بۆ ئەوەى خانەنشینى کرێکارانى کەرتى تایبەت و  تێکەڵ بگرێتەوە کە پێشتر بەشێکیان ئەو خانەنشینیە نەیگرتوونەتەوە.