نوێنەرێکیان: پێش جەژنی قوربان شایستەی دارایی وانەبێژان دابەش دەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

نوێنەرێکی گشتیی مامۆستایانی وانەبێژ رایگەیاند، پێش جەژنی قوربان شایستە داراییەکانی مامۆستایانی وانەبێژ بۆ مانگی ئاداری 2024 دابەشدەکرێت.
 
چوارشەممە 05-06-2024 عەلی رەئووف، نوێنەرێکی گشتیی وانەبێژان بە رووداوی راگەیاند، هەفتەی داهاتوو (پێش جەژنی قوربان)، شایستەی دارایی مامۆستایانی وانەبێژ بۆ مانگی سێی 2024 دابەش دەکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش، بەرپرسانی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان دڵنیاییان داوە.
 
بەگوێرەی رێنوێنیی ژمارە 14ی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، ئەو مامۆستا وانەبێژانەی هەڵگری بڕوانامەی دیبلۆمن، مووچەیان 350 هەزار دینارە و هەڵگرانی بڕوانامەی بەکالۆریۆسیش 400 هەزار دینار وەردەگرن.
 
بەپێی ئاماری وەزارەتی دارایی و ئابووری، ژمارەی وانەبێژان لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 35 هەزار و 543 وانەبێژە، بڕی بودجەی پێویست بۆ شایستە داراییەکانیان نزیکەی 13 ملیار و 700 ملیۆن دینارە.