بۆچی لە كوردستان نرخی بەنزین بەرزدەبێتەوە؟

05-06-2018
بیلال سەعید
نیشانەکردن بەنزین
A+ A-

كێشەی دابینكردنی بەنزین و بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین لە كێشە سەرەكی و بەردەوامەكانی مێژووی حوكمڕانیی هەرێمی كوردستانە كە تا ئێستا لە ئەنجامی بێپلانیی حكومەت بە چارەسەرنەكراوی ماوەتەوە، بەڵام ئەوەی لە دوو هەفتەی رابردوودا جیاواز لە پێشتر هاتووەتە كایەوە، تەنیا گۆڕانی جۆری كێشەكەیە لە كێشەی دابینكردنی بەنزینەوە بۆ كێشەی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین.  

بەپێی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەرێمی كوردستان، تاوەكو كۆتایی 2017 ژمارەی ئۆتۆمبێلی تۆماركراو لە كوردستان جگە لە ئۆتۆمبیلی سەربازی گەیشتووەتە یەك ملیۆن و 469 هەزار و 887 هەزار ئۆتۆمبێل، لەو ژمارەیە زیاتر لە یەك ملیۆن ئۆتۆمبێلی بە بەنزین كار دەكات. جگە لەوەش ژمارەیەكی زۆر ئۆتۆمبێلی هاووڵاتیانی ئاوارە و پەنابەر و گەشتیاری ناوەڕاست و باشووری عێراق لەسەر شەقامەكانی كوردستانن.

رۆژانە لەكاتی ئاساییدا هەرێمی كوردستان پێویستی بە 6 ملیۆن ‌و 500 هەزار لیتر بەنزین هەیە، بە جۆرێك پارێزگای هەولێر رۆژانە پێویستی بە زیاتر لە دوو ملیۆن‌ و 600 هەزار لیتر‌ و سلێمانی پێویستی بە  دوو ملیۆن‌ و 300 هەزار لیتر‌ و دهۆك پێویستی بە یەك ملیۆن ‌و 500 هەزار لیتر هەیە. واتە هەر ئۆتۆمبێلێك لە كوردستان رۆژانە پێویستی بە نزیكەی 6.5 لیتر بەنزین دەبێت.

بەپێی داتاكانی ماڵپەڕی " گڵۆباڵ پیترۆڵ پڕایس" كە تایبەتە بە بڵاوكردنەوەی نرخی بەنزین، لە كۆی 70 وڵات كە نرخی بەنزینیان لە ماڵپەڕەكە بڵاوكردووەتەوە، لەسەر ئاستی جیهان نرخی بەنزینی هەرێمی كوردستان ئێستا هەر لیترێكی بە 800 دینار (66 سەنت) دەفرۆشرێت، ئەمە لەكاتێكدایە كە لە تەواوی پارێزگاكانی دیكەی عێراق نرخی لیترێك بەنزین بە 450 دینار (33 سەنت) دەفرۆشرێت.

ئەگەر بەهای بەنزین لە كوردستان لە ڕیزبەندی وڵاتانی جیهان دابنێین، كوردستان لە ریزبەندی 21 ـەمین وڵاتی جیهان لەدوای بەحرین دێت كە نرخی یەك لیتر بەنزینی 65 سەنتە، لەكاتێكدا نرخی یەك لیتر بەنزین لە كوردستان 66 سەنتە.
ئەگەر بەدوای سەرەداوەكانی گرفتی كەمبوونەوەی بەنزین و بەرزبوونەوەی نرخی بەنزیندا بگەڕێین، بەشێك لە هۆكارەكانی زۆر روون و ئاشكرایە، چونكە كێشەیەكی دووبارە و چەند ساڵەی شوفێرانی هەرێمی كوردستانە، بەڵام ئایا گرفتی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین لەو كاتەدا چییە؟ ئایا چۆن دەكرێت كێشەی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین چارەسەر بكرێت؟

هۆكارەكانی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین:

1- پاشەكشەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان لە پاڵپشتیی سووتەمەنی لە ساڵی 2015 بەدواوە، بازاڕی بەنزینی كوردستان لە نێوان كەرتی گشتی و كەرتی تایبەتدا گواستیەوە بۆ تەنیا كەرتی تایبەت كە ئەمەش رەنگدانەوەیەكی نێگەتیڤی لەسەر بازاڕی بەنزینی كوردستان هەبوو.

2- وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان لە ساڵی 2015 وە بە بیانووی پاراستنی ژینگەی كوردستان زۆربەی پاڵاوگە بچووكەكانی كوردستانی لەكاركردن راگرت، بەڵام هیچ بەدیلێكی بۆ ئەو پاڵاوگە بچووكانە نەدۆزییەوە، هەرچەندە لە 15ی سێپتەمبەری 2015 وە تەندەرێكی بۆ دروستكردن و خاوەندارێتیكردن و كار پێكردنی سێ پاڵاوگەی نەوت راگەیاندووە، بەڵام تا ئێستا ئەنجامەكانی دیار نین.

3- لەگەڵ گواستنەوەی بەنزین لەكەرتی گشتییەوە بۆ كەرتی تایبەت، كواڵیتی بەنزین و نرخی بەنزین بە پلەی یەكەم كەوتە دەستی بازرگان و سەرمایەداران، كە دەكرێت بڵێین یەكێك لە هۆكارەكانی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین، كەمبوونەوەی كێبڕكێی نێوان كۆمپانیاكانی هێنانی بەنزینە لە وڵاتانی دەرەوە و دروستبوونی قۆرخكارییە لە بازاڕی بەنزین لە كوردستاندا.

4- كەرتی تایبەت لە دەرەوە و ناوەوەی هەرێمی كوردستان بەنزین دەكڕێت، بۆیە نرخی بەنزین وابەستەیە بە نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا، وەك دەزانن ماوەی چەند مانگێكە نرخی نەوت بەردەوام بەرز دەبێتەوە.

كێشەكە چۆن چارەسەر دەبێ‌

1- جیاوازییەكی زۆر لە نرخی بەنزین لە نێوان پارێزگاكانی عێراق و هەرێمی كوردستان هەیە، پێویستە لەسەر ئاستی پارێزگاكان گوشار لەسەر حكومەتی عێراق دروستبكرێت كە پاڵپشتییەكانیان لە دابینكاری سووتەمەنی بەنرخی هەرزانتر بۆ شۆفێران، پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانیش بگرێتەوە.

2- پێویستە حكومەت چاودێری لەسەر كۆمپانیاكانی هاوردن و بەبازاڕكردنی بەنزین لە كوردستان زیاتر بكات، چونكە ئێستا جیاوازییەكی زۆر لە نرخی بەنزین هەیە لە نێوان پارێزگاكان و تەنانەت لەنێوان خودی یەك پارێزگاش لە بەنزینخانەیەكەوە بۆ بەنزینخانەیەكی دیكە.

3- یەكێك لەو هەڵانەی كە حكومەت كردوویەتی و پەرلەمان خۆی لێ‌ بێدەنگ كردووە، دەستهەڵگرتنی حكومەتە لە پاڵپشتی دابینكاری و دابەزاندنی نرخی سووتەمەنی، بۆیە پێویستە حكومەت ناچار بكرێت لە پرۆسەی پاڵپشتی سووتەمەنی رۆڵی هەبێت، بەتایبەت لە دابینكردنی نەوت  بۆ هەریەك لە پاڵاوگەكانی كەڵەك و بازیان بەنرخێكی هەرزانتر و بەڕێژەیەكی زیاتر، ناچاركردنی كۆمپانیاكان بە دابەزاندنی نرخی بەنزین.

4- پەلەكردن لە دروستكردنی ئەو سێ‌ پاڵاوگەیەی كە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە ساڵی 2015 وە بڕیاری دروستكردنی دەركردووە و دەكرێت پشتبەستن بە بەنزینی دەرەوەی كوردستان، لە رێگەی ئەم سێ‌ پاڵاوگەیەوە زۆر كەم بكرێتەوە.

5- بەپێی ئامارەكان لە ساڵی 2017دا داهاتی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەرێمی كوردستان زیاتر لە 270 ملیار دینار بووە، دەكرێت بەشێك لەو داهاتە بۆ پاڵپشتی دابینكاری سووتەمەنی خەرج بكرێت.

5- بەگوێرەی پێشبینییەكان پێویستی سووتەمەنی لە هەرێمی كوردستان ساڵانە بەڕێژەی 15% زیاد دەبێت، زۆر گرنگە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەرێمی كوردستان بە پاڵپشتی  وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و بازرگانی پلانی ساڵانەی تۆماركردنی ئۆتۆمبێل دابنێن لە پێناو رێكخستنی خواست لەسەر پێویستیی بەنزین و ئۆتۆمبێل لە كوردستان.


هەزرانترین نرخی بەنزین لە 10 وڵاتی جیهاندا (بە دۆلار)

1- ڤەنزوێلا : 0.01

2- ئێران: 0.28
3- سودان: 0.34
4- كوێت: 0.35
5- مەغریب: 0.36
6- میسر: 0.37
7- ئیكوادۆر: 0.39
8- نەیجیریا: 0.42
9- توركمانستان: 0.43

10- سووریا: 0.44

گرانترین نرخی یەك لیتر بەنزین/ بە دۆلار

1- پورتوگال: 1.87
2- ئیسرائیل: 1.87
3- ئیتالیا: 1.90
4- دانیمارك: 1.92
5- مۆناكۆ: 1.92
6- یۆنان: 1.92
7- هۆڵەندا: 1.97
8- نەرویج: 2.05
9- هۆنگ كۆنگ: 2.14
10- ئایسلاند: 2.17


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە