ئاژانسی خۆراکی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان: مانگی رابردوو نرخی خۆراک بەرزبووەتەوە

05-05-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بە گوێرەی ئاژانسی خۆراک و کشتوکاڵی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان- فاو، مانگی نیسانی ئەمساڵ نرخی جیهانیی خۆراک بەرزبووەتەوە، بەڵام نەگەیشتووەتە ئاستی ئاداری 2022، واتە یەکەمین مانگی دوای ئەوەی هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا دەستیپێکرد. 

فاو رۆژی هەینی بڵاویکردەوە، پێنوێنیی نرخە جیهانییەکانی خۆراک لە مانگی نیسان 127.2 پۆینت بووە؛ بەراورد بە مانگی ئادار کە 126.5 پۆینت بووە. ئەو ئاژانسە کە بارەگای سەرەکی لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیایە، ئاماژە بەوە دەکات، مانگی رابردوو، نرخی شەکر، گۆشت و برنج بەرزبووەتەوە، بەڵام نرخی گەنمەشامی، شیرەمەنی و سەوزە دابەزیوە. 
 
ماکسیمۆ تۆرێرۆ، سەرۆکی ئابووریناسانی فاو گوتی، "کاتێک ئابووری لە داتەپینێکی بەرچاو هەڵدەستێتەوە، خواست زیاد دەکات و گوشار لەسەر نرخی خۆراک زیاد دەبێت."
 
نرخی شەکر بەراورد بە مانگی ئادار، لە مانگی نیساندا 17.6٪ بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی دوای تشرینی یەکەمی 2011.
 
فاو دەڵێت، بەرزبوونەوەکە پەیوەندی بە نیگەرانییەکانی کەمبوونەوەی گەیشتنی بەرهەمەکانەوە هەبووە لە ئەنجامی پێشبینییەکانی کەمبوونەوەی بەرهەمی هیندستان و چین و کەمبوونەوەی راستەقینەی بەرهەمی تایلاند و وڵاتە ئەوروپییەکان. 
 
بەراورد بە مانگی پێشتر؛ نرخی گۆشت لە پێنوێنیی نرخەکانی فاودا 1.3٪ بەرزبووەتەوە، بەڵام نرخی شیرەمەنی 1.7٪، رۆنی شل 1.3٪ و گەنمەشامی 1.7٪ دابەزیوە. جگە لە برنج، نرخی هەموو دانەوێڵەکانی دیکە دابەزیوە. 
 
تۆرێرۆ دەڵێت: "بەرزبوونەوەی نرخ مایەی نیگەرانی لە رادەبەرە و گرنگە کە دەستپێشخەریی دەریای رەش نوێبکرێتەوە بۆ رێگرتن لە بەرزبوونەوەی گەنم و دانەوێڵە."
 
فاو پێشبینی دەکات بەرهەمی ئەمساڵی گەنم بگاتە 785 ملیۆن تۆن، کە هەندێک کەمترە لەو بڕەی لە ساڵی 2022 هەبوو.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە