ئابووری

بازرگانێک کە لە بۆرسەی نیویۆرک خەریکی کارکردنە لە 5-4-2025 ـدا، وێنە: TIMOTHY A. CLARY / AFP
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی شەڕی بازرگانی، لە ئەمریکا لە ماوەی تەنیا دوو رۆژ دا کۆمپانیاکان 5 تریلیۆن دۆلار زیانیان کردووە.
5 تریلیۆن دۆلار، هاوتایە لەگەڵ 5٪ـی کۆی بەرهەمی نێوخۆی جیهان، زیاتریش لە قەبارەی ئابووریی کۆی 85 وڵاتی جیهان.
سەرەڕای ئەو زیانە گەورەیە، وەزیری بازرگانیی ئەمریکا بەرگری لە سیاسەتی حکومەتی وڵاتەکەی دەکات.
هاوارد لاتنیک، وەزیری بازرگانیی ئەمریکا دەڵێ، "ئەمریکا بەرهەمی هەموو وڵاتێک دەکڕێت. ئەوانیش بەرهەمی ئێمە دەکڕن. دەبێت مامەڵەی دروستمان لەگەڵ دا بکەن. لەدرێژخایەندا و تەنانەت لە مامناوەندا، دەبێت چاوەڕوانی ئەوە بکەن بۆرسەی ئەمریکا زۆر باش بەرز دەبێتەوە."
داڕمانی بازاڕەکانی جیهان دوای ئەوە دەستیپێکرد؛ رۆژی چوارشەممە (2-5-2025) دۆناڵد ترەمپ بڕیاریدا بە ڕێژەی 10٪ تاوەکو 49٪، باج بەسەر وڵاتانی جیهان بسەپێنێت.
کاردانەوەی وڵاتانی دیکە، بەتایبەتی چین دوای ئەوەی بڕیاریدا بە رێژەی 34٪ باج بەسەر هەموو کاڵایەکی ئەمریکی دا بسەپێنێت، دابەزینی بۆرسەکانی جیهانی خێراتر کرد.
سیز سوتێل، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان دەڵێ "ئەوەی شڵەژاندنی بازاڕەکانی زیاتر کردووە؛ گەورەبوونی ئەم شەڕەیە، لەکاتێکدا ئەورووپا هێشتا وەڵامی نەداوەتەوە؛ رەنگە ئەوانیش شتێک بکەن. کۆمپانیاکان وایاندەزانی سەپاندنی پێناسە گومرکییەکان تاکتیکێکە بۆ دانوستاندن لەلایەن ئەمریکاوە، بەڵام وادەرنەچوو، ئەوەتا بووەتە بابەتێکی راستەقینە و چینیش وەڵامی داوەتەوە."
ناڕوونی، گەورەترین زیان لە بازاڕەکان دەدات، تەنانەت بانکی ناوەندیی ئەمریکاش دەڵێت تاوەکو یەک ساڵی داهاتوو، بەرچاویان روون نابێت.
جیرۆم پاوڵ سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەڵێ "رووبەڕووی ناڕوونییەکی زۆر بووینەتەوە. مەترسیی بەرزبوونەوەی رێژەی بێکاری و بەرزبوونەوەی نرخەکان هەیە. ئیدارەی نوێی ئەمریکا لە 4 بواری بازرگانی، بودجە، کۆچ و یاسادانن، خەریکە سیاسەتەکانی دەگۆڕێت."
بانکی جەی پی مۆرگەن دەڵێت، بە ئەگەری زۆرەوە، ئابووریی جیهان ئەم ساڵ رووبەڕووی سستبوونەوە دەبێت.
سستبوونەوەی ئابووریی جیهان، کەمبوونەوەی خواستی بۆ نەوت لێدەکەوێتەوە، ئەوەش بووەتە هۆکاری دابەزینی 10 دۆلاری نرخی نەوت تەنیا لە دوو رۆژدا.
داڕمانی بازاڕەکانی بۆرسەی جیهان و نیگەرانی لە سستبوونەوەی ئابووریی جیهان، زیانی گەورەشی لە نرخی زێڕدا، بەجۆرێک لە دوو رۆژدا نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 130 دۆلار دابەزیوە و ئێستا لە نزیکەی 3037 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ