بەگوێرەی ماڵپەڕی شەفافیەت داهاتەکانی سلێمانی و هەڵەبجە سێ هێندە زیادیان کردووە

05-04-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
داهاتەکانی ئەم هەفتەیەی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر لە 31 ملیار دینار بووە کە نزیکەی سێ هێندەی داهاتەکانی هەفتەی رابردوو بووە.
 
بەپێی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ ژمارەکانی ماڵپەڕی شەفافیەت، کە تایبەتە بە خستنەڕووی داهاتەکانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، دەردەکەوێت لەم هەفتەیەدا داهاتەکانی ئەو دوو پارێزگایە بە هەردوو ئیدارە سەربەخۆکەشەوە 31 ملیار و 482 ملیۆن و 45 هەزار دینار بووە، کە لە رۆژانی 30ـی ئادار تاوەکو 5ـی ئەم مانگە بەدەستهاتوون.
 
دەستخستنی ئەو داهاتانە لە کاتێکدایە، هەر بەپێی ئەو ماڵپەڕە داهاتەکانی هەفتەی رابردوو، واتە لە رۆژانی نێوان 23 تاوەکو 29ـی ئەم مانگە هەشت ملیار و چوار ملیۆن و 866 هەزار دینار بووە، بەو پێیە بەراورد بە داهاتەکانی هەفتەی رابردوو، داهاتەکانی ئەم هەفتەیە  23 ملیار دینار زیاتر بووە. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 15-12-2022، قوباد تاڵەبانی، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا بەگەڕخستنی ئەو ماڵپەڕەی راگەیاند، کە ماوەیەکی زۆر میدیای یەکێتی بە ناوی "تۆش بیزانە.."ـەوە رێکلامی بۆ دەکرد.
 
قوباد تاڵەبانی لەبارەی پڕۆژەکەوە لە پەیجی خۆی نووسی "لە رێگەی ماڵپەری shafafiat.com ـەوە، رۆژانە و سات بە سات سەرجەم داهاتی نانەوتیی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین بە وردەکارییەوە دەخرێتە بەرچاوی هەموو هاووڵاتییان".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە