نرخی نەوت بۆ سەرووی 90 دۆلار بەرزبووەوە
رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت بۆ دووەمین هەفتە بەرزبووەوە و نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت گەیشتە زیاتر لە 91 دۆلار. گەورە بانکێکی ئەمریکیش پێشبینی دەکات نرخەکەی بگاتە 95 دۆلار.
ئەمڕۆ هەینی، 5-4-2024، نرخی نەوتی برێنت 59 سەنت بەرزبووەوە و گەیشتە 91 دۆلار و 24 سەنت بۆ هەر بەرمیلێک.
هەروەها نرخی نەوتی سووکی رۆژئاوای تێکساسیش 43 سەنت بەرزبووەوە و گەیشتە 87 دۆلار و 10 سەنت بۆ هەر بەرمیلێک.
ئەمە بەرزترین ئاستی نرخی نەوتە لە دوای تشرینی دووەمی ساڵی رابردووەوە. هەردوو جۆرەکەش لەم هەفتەیەدا تائێستا زیاتر لە 4 دۆلار بەرزبوونەتەوە.
هەروەها بەو نرخەی ئێستا، دووەمین هەفتەیە نرخی نەوت بەرزبوونەوە تۆماردەکات.
هەریەک لە دانیێل هاینس و سۆنی کوماری، شرۆڤەکارانی بانکی ANZ دەڵێن، "ئەگەر هەیە لە مەودای کورتخایەندا نرخی نەوت زیاتر بەرزببێتەوە، ئەوەش بەهۆی داتا ئابوورییە ئەرێنییەکان و زیادبوونی مەترسییە جیۆسیاسییەکان کە ئەگەری پچرانی هەناردەی نەوتیان زیادکردووە".
بانکەکە پێشبینی دەکات لە سێ مانگی داهاتوودا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت بگاتە 95 دۆلار.
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەکاتێکدایە ئێران بەڵێنی داوە تۆڵەی کوژرانی فەرماندە باڵاکانی سوپای وڵاتەکەی بکاتەوە، کە بەهۆی هێرشەکەی دووشەممەی ئیسرائیل بۆ سەر کۆنسوڵخانەی ئێران لە دیمەشقی پایتەختی سووریا کوژران.
لای خۆشیەوە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەڕەشەی لە ئێران کرد و گوتی، ئیسرائیل زیان بەو کەسانە دەگەیێنێت کە هەوڵدەدەن زیانی پێ بگەیێنن، ئەوەش دوای ئەوەی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڕەشەی لە ئیسرائیل کرد.
رۆژی پێنجشەممە، 4ـی نیسانی 2024، نەتەنیاهوو پێش دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەی کابینەی جەنگی حکومەتەکەی گوتی: "چەندین ساڵە ئێران لە رێگەی بریکارەکانییەوە بەشێوەیەکی راستەوخۆ دژی ئێمە کار دەکات؛ ئیسرائیل دژی ئێران و بریکارەکانی دەست بە کارکردن دەکات".
هێرشە درۆنییەکانی ئۆکرایناش بۆ سەر پاڵاوتگە نەوتییەکانی رووسیا لە رۆژانی رابردوودا هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە بەرپرسێکی ناتۆ رایگەیاند، هێرشەکانی ئۆکراینا رەنگە زیاتر 15٪ـی توانای پاڵاوگەکانی رووسیای کەمکردووەتەوە، ئەوەش کاریگەریی لەسەر بەرهەمی سووتەمەنیی وڵاتەکە داناوە.
هاوکات، ئەم هەفتەیە گرووپی هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس کۆبووەوە و بڕیاری دا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت وەک خۆی بهێڵێتەوە، بەشێک لە ئەندامانیشی بەڵێنیان داوە پابەندبوونیان بە کەمکردنەوەی بەرهەمی نەوت زیادبکەن، دیارترینیشیان عێراقە کە بڕیاری داوە لەم مانگەوە هەناردەی نەوت رۆژانە بە بڕی 130 هەزار بەرمیل کەمبکاتەوە.