بانکی ناوەندیی عێراق 271 ملیۆن دۆلاری خستەبازاڕەوە؛ 100 دۆلار 150 هەزارە


رووداو دیجیتاڵ 

بانکی ناوەندی 271 ملیۆن دۆلاری خستە بازاڕەوە و ئەندامێکی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر دەڵێت، 100 دۆلار بە 150 هەزار دینار پێوەدەکرێت.
 
رۆژی چوارشەممە 05-04-2023، بانکی ناوەندیی عێراق 271 ملیۆن دۆلاری خستەبازاڕەوە کە 37 ملیۆن دۆلار بە کاش و 234 ملیۆن دۆلار بە حەواڵە بوو. 
 
حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر بەتۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەو بڕەی بانکی ناوەندی بە کاش خستوویەتییە بازاڕەوە زۆر کەمە و هێشتا گۆڕانکارییەکی زۆر بەسەر بەهای دۆلار و دینار نەهاتووە لەگەڵ کردنەوەی بازاڕی دراو بەهای 100 دۆلار بە 150 هەزار و 250 دینار بوو، بەڵام ئێستا کاژێر (12:07)ی پێشنیوەڕۆ 100 دۆلار بە 150 هەزار دینارە.
 
لەبارەی بەهای تمەن، حاجی سابیر باواجی گوتیشی، 100 دۆلار بە پێنج ملیۆن و 100 هەزار تمەنە.
 
حاجی سابیر باواجی پێشبینی ناکات ئەمڕۆ بەهای دینار بەرزببێتەوە و دەڵێت، یەکێک لە گرفتەکان ئەوەیە ئەو بڕەی بانکی ناوەندی رایدەگەیێنێت نایەتە بازاڕەوە، نابینرێت بۆیە گۆڕانکارییەکی زۆر بەسەر بەهای دینار نایەت. 
 
بانکی ناوەندیی عێراق لە 20-12-2020 بڕیاریدا نرخی فرۆشتنی هەر دۆلارێکی ئەمریکی لە 1180 دینارەوە بۆ 1460 دینار زیاد بکات. 
 
تاوەکو دوو ساڵ نرخی 100 دۆلار لەنێوان 148 هەزار بۆ 149 هەزار دینار بوو، بەڵام لە 11-12-2022 بەدواوە بۆ یەکەمجار نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی 150 هەزار دیناری عێراقی تێپەڕاند. 
 
دوای ئەوەش دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بەردەوام بوو تاوەکو 170 هەزار دیناری تێپەڕاند، بەڵام لە چەند دوو رۆژی رابردوودا، کە بانکی ناوەندی زیاتر لە 200 ملیۆن دۆلاری خستە بازاڕەوە، بەهای 100 دۆلار بۆ خوار 150 هەزار دینار دابەزی.