رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ نرخی دینار جارێکی دیکە بەرامبەر دۆلار دابەزی و 100 دۆلار لەکاتی داخستنی بازاڕدا بە نزیکەی 150 هەزار و 500 دینار مامەڵەی پێوەکرا. گوتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی دەڵێت، دابەزینەکە "جێگەی ترس نییە."
جەبار گۆران، گوتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ 100 دۆلار لەکاتی کردنەوەی بازاڕدا لە سلێمانی بە 150 هەزار و 50 دینار و لەکاتی داخستنیشدا بە 150 هەزار و 400 دینار بوو.
حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێریش بە رووداوی گوت، ئەمڕۆ لەکاتی کردنەوەی بازاڕدا 100 دۆلار بە 149 هەزار و 800 دینار و لەکاتی داخستنیشدا هاوشێوەی سلێمانی 150 هەزار و 400 دینار بوو.
وەک جەبار گۆران دەڵێت، کەمکردنەوەی خستنەڕووی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندییەوە لە رۆژانی رابردوودا هۆکاری سەرەکیی دابەزینی نرخی دینار بەرامبەر دۆلار بووە.
وەک گوتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، خەڵک هەیە دۆلاری بە نرخی بەرز فرۆشتووە و ئێستا بە نرخێکی گونجاوی دەبینێت بیکڕێتەوە، ئەوەش خواستی لەسەر دۆلار زیادکردووە.
جەبار گۆران پێیوایە، رەنگە ئاسایی بێت ئەگەر نرخی 100 دۆلار بگاتەوە 151 هەزار دینار و تەنانەت 152 هەزار دیناریش، بەڵام "جێگەی ترس نییە،" چونکە پەیوەستە بە خواست و خستنەڕوو و هیچ هەڕەشەیەک لەسەر دابەزینی زۆری نرخی دینار بەرامبەر دۆلار نییە.
حاجی سابیریش باسی لەوە کرد، بەشێکی هۆکاری دابەزینی نرخی دینار لە هەولێر ئەوەیە کە ئەمڕۆ پشووی فەرمی بوو و بانکەکان دەوامیان نەکرد، ئەوەش حەواڵەی کەمکردەوە.
ئەمڕۆ بانکی ناوەندیی عێراق 213 ملیۆن و 694 هەزار و 660 دۆلاری خستە بازاڕەوە؛ لەو بڕە 184 ملیۆن و 824 هەزار و 660 دۆلاری بەشێوەی حەواڵە و 28 ملیۆن و 870 هەزار دۆلاریشی بەشێوەی کاش بوو.
رۆژی 31-01-2024، فالح داوود، بریکاری پێشووی بانکی ناوەندیی عێراق بە رووداوی گوت، تاوەکو مانگی حوزەیرانی ئەم ساڵ، نرخی دینار بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی بەرز دەبێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ