لەسەر 276 ملیار دینارى هەرێمى کوردستان داوای روونکردنەوە لە وەزیری دارایی عێراق دەکرێت

05-03-2024
هەستیار قادر
نیشانەکردن ئینتەرنێت
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لیژنەى هەرێم و پارێزگاکانى پەرلەمانى عێراق، وەزیرى دارایی حکومەتى فیدراڵى بانگهێشت دەکات بۆ ئەوەى روونکردنەوەیان لە بارەى خەرجنەکردنى بودجەى پەرەپێدانى پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان پێبدات، کە زیاتر لە 276 ملیار دینارە.
 
5ـی ئادارى 2024، کوردۆ عومەر، جێگرى سەرۆکى لیژنەى هەرێم و پارێزگاکانى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: لیژنەکەیان بڕیاریداوە بە نووسراوى فەرمى تەیف سامى، وەزیرى دارایی عێراق ئاگادار بکاتەوە لەوەى ئامادەى لیژنەکەیان بێت بۆ ئەوەى روونکردنەوەیان پێبدات لەبارەى هۆکارى خەرجنەکردنى بودجەى پەرەپێدانى پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان کە لە یاساى بودجەى گشتى بۆى تەرخانکراوە.
 
بەگوێرەى یاساى بودجەى گشتى عێراق، بڕى 276 ملیار دینار بۆ بودجەى پەرەپێدانى پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان تەرخان کراوە، بۆ جێبەجێکردنى پڕۆژە جیاوازەکان لە پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان. 
 
کورۆد عومەر گوتى "هیچ بڕە پارەیەک لەو 276 ملیار دینارە بۆ پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان خەرج نەکراوە، لەگەڵ ئەوەى لە پارێزگاکانى ناوەڕاست و باشوورى عێراق خەرج کراوە، ئەو بڕە پارەیەى بۆ هەرێمى کوردستان دانراوە، کەمتریشە لە پشکى شایستەى خۆى کە دەبوو نزیکەى 600 ملیار دینار بێت."
 
لە بودجەى گشتیی عێراق، پێنج تریلیۆن دینار بۆ بودجەى پەرەپێدانى پارێزگاکان تەرخان کراوە، پشکى هەرێمى کوردستان بە جیاکردنەوەى 12.67%ـی ئەو بڕە پارەیە، دەکاتە زیاتر لە 600  ملیار دینار بۆ ساڵێک. 
 
پێوەرى دیاریکردنى پشکى پارێزگاکان لە بودجەى پەرەپێدانى پارێزگاکان لەسەر بنەماى رێژەى هەژارى و ژمارەى دانیشتووانە. 
 
شاندێکى لیژنەى هەرێم و پارێزگاکانى پەرلەمانى عێراق لە دوو رۆژى رابردوودا سەردانى هەردوو پارێزگاى هەڵەبجە و سلێمانییان کرد و، ئەمڕۆش (سێشەممە، 5-3-2024) لەگەڵ بەرپرسانى کارگێڕیی هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان کۆدەبنەوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە