نیگەرانی لە رەوشی ئابووریی چین، نرخی نەوتی بۆ کەمتر لە 83 دۆلار دابەزاند
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی بەڵێنەکانی چین بۆ گۆڕینی ئابوورییەکەی و هاندانی ئابووریی ئەو وڵاتە نەیتوانی سەرنجی بازرگانان بەلای خۆیدا رابکێشێت، نرخی نەوت ئەمڕۆ لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، دابەزی.
یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور ئەمڕۆ (سێشەممە، 5-3-2024)، 20 سەنت دابەزی و بە 82 دۆلار و 63 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، هەروەها نرخی یەک بەرمیل نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 50 سەنت دابەزی و بە 78 دۆلار و 44 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
حکومەتی چین بەڵێنی داوە ئاراستەی ئابووریی خۆی بگۆڕێت؛ توانای زیادە لە کەرتی پیشەسازی نەهێڵێت و هاوسەنگی بکات. چین هەروەها ئامانجیەتی گەشەی ئابووریی ئەمساڵی 5٪ بێت، هاوشێوەی ساڵی رابردوو.
بەڵام پلانە ئابوورییەکەی چین، نەیتوانی ببێتە هاندانێک بۆ بازاڕەکان.
بەپێی شرۆڤەکاران گەیشتن بەو ئامانجە، دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی خواست بۆ نەوتی خاو، بەڵام ئەستەمە ئەو وڵاتە ئامانجەکەی بپێکێت.
ئەو راپۆرتە ئابوورییەی لە کۆنگرەی نیشتمانیی خەڵک بڵاوبووەتەوە، هەروەها باس لەوە دەکات 'دەبێت سەرچاوەکانی نەوت و گازی چین پەرەیان پێبدرێت و شێوازی بەکارهێنانی سووتەمەنی، گۆڕانکاری بەسەردابێت."
سەرەڕای نیگەرانییەکان لەسەر خواستی چین بۆ بەکارهێنانی نەوت، بەپێی شرۆڤەکارانی بانکی ئۆسترالیی نیوزلاندی ''شەڕ لە رۆژهەڵاتی نێوەراست و تێکچوونی هاتووچۆی کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور، دابەزینی نرخی نەوتی سنووردارکردووە.''