گومرگی هەرێمی کوردستان: داوامان لە حکومەتی عێراق کردووە شەش دەروازەی سنووری بکاتە فەرمی


رووداو دیجیتاڵ  

سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق دەڵێت، لیژنەیەکی هاوبەش لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق بۆ داخستنی سەرجەم دەروازە نافەرمییەکانی هەرێمی کوردستان و رێگەگرتن لە قاچاخچێتی پێکدەهێندرێت. بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت: "هیچ دەروازەیەکی نافەرمی لە هەرێمی کوردستان نییە و عێراق دەتوانێت لیژنە پێکبهێنێت و سەردانمان بکات."
 
رۆژی یەکشەممە 5-3-2023، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق میوانداریی عومەر وائیلی، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق و بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی عێراقی کرد. بەپێی راگەێیندراوی لیژنەکە، وائیلی بە لیژنەی دارایی پەرلەمانی راگەیاندووە کە لیژنەیەکی هاوبەش لەگەڵ هەرێمی کوردستان بۆ داخستنی دەروازە نافەرمییەکان پێکدەهێنن. 
 
نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەبارەی کۆبوونەوەکەیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە بابەتی دەروازە سنوورییەکان لە عێراق و کۆنتڕۆڵکردن و داهات و کۆمەڵێک بابەتی دیکە. سەرۆکی دەستەکە پێی راگەیاندین کە پێشنیازێک بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و ناوەند بۆ داخستنی دەروازە نافەرمییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆنتڕۆڵکردنی دەروازە سنوورییەکان و رێگەگرتن لە بەقاچاخبردن هەیە."
 
بە گوتەی نەرمین مەعرووف، هێشتا وردەکاریی پێکهێنانی لیژنەکە و ئەندامانی و کارکردنی روون نییە، بەڵام گوتی وائیلی پێی راگەیاندوون، داوایان لە هەرێمی کوردستان کردووە ناوی دەروازە سنوورییە نافەرمییەکانیان بۆ بنێرێت.
 
لەو بارەوە، ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە رەتیکردەوە لە هەرێمی کوردستان دەروازەی نافەرمی هەبێت و بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمە هیچ دەروازەیەکی نافەرمیمان نییە. ئەوان باس لەوە دەکەن 20 دەروازەی نافەرمی هەیە و ئێمەش پێمان گوتوون، دەتوانن لیژنەیەکی هاوبەش پێکبهێنن لەنێوان هەردوولامان و سەردانی ئەو دەروازانە بکەن کە پێتان وایە نافەرمین بۆ ئەوەی بزانین کامە دەروازانەن کە ئەوان باسی دەکەن، چونکە ئێمە دەڵێین هیچ دەروازەیەکی نافەرمی نییە."
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان، تاوەکو ئێستا هیچ لیژنەیەکی هاوبەش لەگەڵ دەروازە سنوورییەکانی عێراق پێکنەهێندراوە و دیاریش نییە کەی لەگەڵ بەغدا لەو بارەوە کۆدەبنەوە.
 
ساماڵ عەبدولرەحمان گوتیشی: "داوامان کردووە هەریەک لە دەروازەکانی کێلێ، پشتە، سەیرانبەن، تەوێڵە، فیشخاپوور، سەرزێر بکرێنە فەرمی، چونکە هاتووچۆی بازرگانییان تێدا دەکرێت و لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە ئەو دەروازانە فەرمین و پێشتر عێراقیش سەردانی کردووە و لیژنەیان ئەو شوێنانەیان بینیوە."
 
سەبارەت بە ژمارەی دەروازە سنوورییەکان، ئەندامەکەی لیژنەی دارایی گوتی: "بەپێی سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان لەعێراقدا 26 دەروازەی سنووریی فەرمی هەن و هەموویان لەژێر کۆنتڕۆڵی ئەواندان."
 
بەپێی گوتەی پەرلەمانتارەکەی لیژنەی دارایی، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان لە کۆبوونەوەکەدا باسی لەوەکردووە، ئەو رێوشوێنانەی گرتوویانەتەبەر بۆ رێگەگرتن لەبردنە دەرەوەی دۆلار و قاچاخچێتی بەگشتی کاریگەریی لەسەر کەمبوونەوەی بەقاچاخبردن هەبووە.