رووداو دیجیتاڵ
ماوەی سێ رۆژە شاندێکی هەرێمی کوردستان لە ئەڵمانیایە. پارێزگاری هەولێر کە یەکێکە لە ئەندامانی شاندەکە دەڵێت، ئامانجیان بەشداریکرن بووە لە کۆڕبەندی ئابووریی هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا، هەروەها سەردانی پەرلەمانی ئەڵمانیایان کردووە بۆ بە جینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدیی سوپاسیان کردوون.
وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی، پارێزگاری هەولێر، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێـنان لە ئەندامانی شاندەکەن؛ ئەمڕۆ یەکشەممە 5ـی ئاداری 2023، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئامانجی سەرەکی سەردانەکەمان بەشداریکردن بوو لە کۆڕبەندی ئابووریی وەبەرهێنانی ئەڵمانیا - هەرێمی کوردستان. دوای ئەوەش سەردانی پەرلەمانی ئەڵمانیامان کرد و لەگەڵ فراکسیۆن و پەرلەمانتارە جیاوازەکانیان کۆبووینەوە و بۆ بەجینۆسایدناساندنی کوردانی ئێزدیی سوپاسمان کردن."
هەر ئەمڕۆ یەکشەممە، بەرگەشت ئاکرەیی، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی وەبەرهێنان و یەکێک لە ئەندامانی شاندەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، جگە لە پەرلەمانی ئەڵمانیا سەردانی چەند دامەزراوەیەکی دیکەی ئەڵمانیان کردووە و گوتیشی: "سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لەگەڵ بەرپرسانی گەورە کۆمپانیاکانی ئەڵمانیا کۆبووەوە و داوایکرد بێنە هەرێمی کوردستان و وەبەرهێنان بکەن، ئەوانیش بەڵێنیاندا لە نزیکترین کاتدا سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن و لە نزیکەوە دەرفەتەکانی وەبەرهێنان ببینن."
دەستەی وەبەرهێنان داوای لە کۆمپانیا ئەڵمانییەکان کردووە کە هاوکاریی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان بکەن بەتایبەت لە بوارەکانی کشتوکاڵ، پیشەسازی و گەشتیاری، بە گوتەی بەرگەشت ئاکرەیی، ئەوانیش بەڵێنی هاوکارییان داوە.
شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەریەکە لە کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانیی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێـنان، جێگری پارێزگاری دهۆک و چەند ئەندامێکی دیکە پێکهاتوون؛ رۆژی 3ـی ئاداری 2023 گەیشتنە بەرلین و ئەمڕۆ بەشێکیان دەگەنەوە هەرێمی کوردستان و بەشەکەی دیکەشیان لە دوو رۆژی داهاتوودا دەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ