نرخی پیاز لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەرزدەبێتەوە


رووداو دیجیتاڵ 

نرخی یەک کیلۆ پیاز لە عەلوەکانی سلێمانی، هەولێر و دهۆک گەیشتووەتە 1800 بۆ 1900 دینار؛ لە دەرەوەی عەلوەکانیش بە دەوروبەری 2500 دینار دەفرۆشرێت. سەرۆکی عەلوەی دهۆک دەڵێت: "هەموو شت گران بووە، بەڵام پیاز هەر دەستناکەوێت." 
 
رۆژی یەکشەممە، 5-2-2023، سەروەر عەلی، سەرۆکی لیژنەی سەندیکای کشتوکاڵی عەلوەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند : "ئەو ناجێگیرییەی نرخی دینار بەخۆیەوە دەیبینێت کاریگەری لەسەر بازاڕی عەلوە هەبووە؛ لەلایەکەوە زەرمەندین و لەلایەکی دیکەوە ناچارین کڕین و فرۆشتن بکەین. بۆ نموونە، سێو لە عەلوە بە 1000 دینارە، پیازی سپی ئێرانی پێشتر لە عەلوە بە 450 دینار بوو، بەڵام ئێستا بە 1700ـە و لە دەرەوە بە دەوروبەری 2500 دەفرۆشرێت."
 
بە گوتەی سەروەر عەلی، گرانبوونی نرخی پیاز پەیوەندی بە گۆڕینی سیاسەتی ئێرانەوە هەیە و دەشڵێت: "ئەو بەروبوومانەی کە پێداویستیی سەرەکین ئێران گومرگی خستووەتە سەریان. بۆ نموونە، یەک کیلۆ پیاز نزیکەی 450 بۆ 500 دینار گومرگی خستووەتەسەر."
 
سەعد موئەییەد، خاوەنی عەلوەی دهۆکیش بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەموو شت گران بووە، بەڵام پیاز هەر دەستناکەوێت، ئەگەریش هەبێت لە عەلوە کیلۆی تاوەکو 1900 گەیشتووە، لە دەرەوەش دەچێتە دەوروبەری 2500 دینار. ئێران گومرگی 14 هەزار تمەنی خستووەتەسەر کە دەوروبەری 500 دینار دەکات." 
 
هاوکات دانا عەزیز، ئەندامی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر بە رووداوی گوت: "لە عەلوەکان بە گشتی نرخی هەموو شتێک گران بووە، بە تایبەتی پیاز لە هەموو شت زیاتر گران بووە. پیاز لە عەلوە کیلۆی بە 1800 دینارە و لە دەرەوە بە 2500 دینار دەفرۆشرێت. ئەو گۆڕانکارییەی کە بەسەر نرخی دینار دێت کاریگەری لەسەر بازاڕمان هەبووە و باجەکەی تەنیا هاونیشتمانییان دەیدەن."
 
بە گوتەی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر، لە هەموو وڵاتێک نرخی بەروبووم گران بووە و ئێستا ئێرانیش گومرگی خستووەتەسەر بەروبوومە سەرەکییەکان و دەشڵێت: "مۆز لە وڵاتانی وەک ئەفریقا و بەرازیل و ئەمریکاوە دێت و پێشتر کارتۆنی بە نزیکەی 18 هەزار دینار بوو، بەڵام ئێستا بووەتە 29 بۆ 30 هەزار دینار."