پسپۆڕێکی بانکی: بەهای دینار زیاتر دانابەزێت و بەرزدەبێتەوە

دوێنێ کاژێر 09:56
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
دیناری عێراقی و دۆلاری ئەمریکی.
دیناری عێراقی و دۆلاری ئەمریکی.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
راوێژکاری بانکە تایبەتەکانی عێراق دەڵێت، لە ماوەی کەمی داهاتوودا نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار سەقامگیر دەبێت و دەست بە بەرزبوونەوە دەکات.
 
رۆژی یەکشەممە، 5-1-2024، د. سەمیر نوسەیری، راوێژکاری کۆمەڵەی بانکە تایبەتەکانی عێراق میوانی بووڵتەنی ئابووری کاژێر 09:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە محەممەد شێخ فاتیح پێشکێشی کرد. 
 
نوسەیری دەڵێت، سیستمی ئەلیکترۆنی شێوازێکی نوێی حەواڵە بوو کە مەبەست لێی بەدیهێنانی شەفافیەت و کۆنترۆڵ بوو لە زانیارییەکانی تایبەت بە حەواڵەی دارایی دەرەکی.
 
گوتیشی، ئەو سیستمەی ئێستا پەیڕەودەکرێت بەردەوامیی حەواڵەی دەرەکییە بۆ پارەدارکردنی کاڵای هاوردەکراو لە لایەن کەرتی تایبەت. ئەوەش لە رێگەی پەیوەندیی راستەوخۆی بانکە عێراقییەکان و بانکە نێوەندگیرە نێودەوڵەتییەکان بە دراوەکانی دۆلار، یۆرۆ، یوانی چینی، درهەمی ئیماراتی، رووپییەی هیندی، دیناری ئوردنی و ریاڵی سعودی.
 
ئەو راوێژکارە باسی لەوەش کرد، ئەو سیستمە نوێیەی عێراق پەیڕەوی دەکات، سیستمێکی پشتپێبەستراوە لە هەموو بانکەکانی جیهان بۆ حەواڵەی دەرەکی. خواستی بازرگان، کۆمپانیاکان و هاووڵاتییانیش لە دۆلار بە هەموو شێوەیەک دابین دەکات بە نرخی فەرمی.
 
د. نوسەیری دەشڵێت، ئەو پارەیەشی کە لە بازاڕی هاوتەرین یان بازاڕی رەشە و مامەڵەی پێوەدەکرێت، تەنیا 3٪ بۆ 5٪ـی حەواڵەی دەرەکیی لە عێراق پێکدەهێنێت، چونکە ئەو حەواڵانەی بە نرخی فەرمی و بەو سیستمە نوێیە دەکرێن، 95٪ـی حەواڵەکان پێکدەهێنن.
 
ئەو 3٪ بۆ 5٪ـەی حەواڵەش کە لە بازاڕی رەشەوە دەکرێت، بە دۆلاری کاشە.
 
د. سەمیر نوسەیری گوتیشی، بەڵام بانکی ناوەندیی عێراق سەرنجی لەسەر ئەوەیە ئاخۆ بازاڕی ئاڵوگۆڕ خواستی بازرگانی و هاووڵاتییان لەسەر دۆلار پڕدەکاتەوە؟ بەڵێ. بانکی ناوەندی یەدەگێکی زۆریشی هەیە کە وا دەکات توانای کۆنترۆڵکردنی نرخی دیناری هەبێت.
 
راوێژکارەکەی کۆمەڵەی بانکە تایبەتەکان باسی لەوەشکرد، ئەو رێژە کەمەش لە دۆلار کە یاریی پێوەدەکرێت، نابێتە هۆی دابەزینی نرخی ئاڵوگۆڕ [نرخی دینار]. 
 
بانکی ناوەندی و پسپۆڕانی سیاسەتی نەختینەیی پێیانوایە ئەو نرخەی لە بازاڕی رەش هەیە نرخێکی لاوەکییە و گوزارشت لە نرخی راستەقینەی دینار بەرامبەر بە دۆلار لە عێراق ناکات.
 
د. نوسەیری دەپرسێت؛ هاووڵاتی بۆچی پێویستی بە دۆلارە؟ بۆ هاوردەکردنی کاڵا، گەشت و خوێندن لە دەرەوە و کڕینی خانووبەرە و زۆر هۆکاری دیکە. بانکی ناوەندیش بۆ ئەو مەبەستانە دۆلار بە نرخی فەرمی دابین دەکات. بەڵام ئەوانەی دەچنە بازاڕی رەش بۆ دەستخستنی دۆلار، مەبەستی دیکەی بازرگانیی ناشەرعییان هەیە.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، دوای تەواوبوونی رێکارەکانی بانکی ناوەندی و حکومەتی عێراق، ئەو هەڵبەز و دابەزەی لە نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار هەیە، سەقامگیر دەبێت و نرخی دۆلار بۆ ئاستی نرخی فەرمی دادەبەزێت.
 
لەبارەی کاتی بەرزبوونەوەی نرخی دیناریش گوتی، ناتوانین هیچ کاتێکی دیاریکراو دابنێین بۆ سەقامگیربوون و بەرزبوونەوەی نرخی دینار، بەڵام هاووڵاتییان دەڵنیا دەکەمەوە کە کاتێکی زۆر ناخایەنێت و نرخی دۆلاریش بەرامبەر بە دینار لەو ئاستەی ئێستای زیاتر بەرزنابێتەوە لە بازاڕی هاوتەریب.
 
بانکە حکومی و تایبەتەکان و لقی بانکە نێودەوڵەتییەکانیش کە ئێستا بەشداری لە پرۆسەی حەواڵەی دارایی دەکەن، 8 بانکن کە لە بانکە ئەمریکییە نێودەوڵەتییەکان هەژماریان هەیە و حەواڵەی دۆلار دەکەن. 10 بانکیش هەن کە بەهەمان شێوە لە بانکە نێودەوڵەتییەکان هەژماریان هەیە، کاری حەواڵەی یۆرۆ دەکەن.
 
3 لقی بانکی تورکیش لە عێراق بە هەمان شێوە حەواڵەی یۆرۆ دەکەن.
 
5 بانکیش هەن بۆ حەواڵەی چینی و 6 بانکیش حەواڵە بە رووپییەی هیندی و 4 بانکیش بە درهەمی ئیماراتی حەواڵە دەکەن.
 
لەمدواییانەدا ژمارەیەک بانکی عێراقیش لە بانکەکانی ئوردن و سعودیە هەژماریان کردووەتەوە بۆ مامەڵەکردن و حەواڵەی دارایی بە دیناری ئوردنی و ریاڵی سعودی.
 
وەک نوسەیری دەڵێت، بەکۆی گشتی، ئێستا ژمارەی ئەو بانکانەی بە دراوە جیاوازەکان حەواڵە دەکەن، دەگاتە 22 بانک.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە