رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری شارۆچکەی پەیاسی سەر بە پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان، مۆڵەت دەدرێتە کۆمپانیاکانی نەوت بۆ گەڕان بەدوای نەوتدا.
بەگوێرەی زانیارییەکان لە چوارچێوەی ئەو پرۆژەیەدا کە لەلایەن بەڕێوبەرایەتی هەرێمی ئێلیهـ ـی کۆمپانیای نیشتمانیی وەبەرهێنانی نەوتی تورکیا جێبەجێ دەکرێت، لە سنوورەکانی گوندی جوجوکی سەر بە شارۆچكەی پەیاس، بیری "بەنەکلیتاش-1" بەمەبەستی دۆزینەوەی نەوت هەڵدەکەندرێت.
32 ملیۆن لیرە (نزیکەی 905 هەزار دۆلار) بۆ لێدانی ئەو بیرە تەرخانکراوە، ئامانجی لێدانی بیرەکەش ئەوەیە، کە ئایا یەدەگی نەوتی خاو لە ناوچەکەدا هەیە یان نا، ئەگەر هەبێت، بڕەکەی چەندە.
لە سەرەتاکانی مانگی ئاداری 2024 ـدا مۆڵەتی گەڕان بەدوای نەوت لە کێڵگەکانی سنووری پارێزگەکانی ئامەد و رووهای باکووری کوردستان بۆ ماوەی دوو ساڵ درێژکرایەوە.
ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سامانە سرووشتییەکانی تورکیا رۆژی 14ـی ئاداری 2024 لە سەردانێکدا بۆ پارێزگای ئامەد رایگەیاند، رۆژانە نزیکەی 15 هەزار بەرمیل نەوت لە ئامەد بەرهەمدێن.
پێشتر کۆمپانیای نیشتمانیی وەبەرهێنانی نەوتی تورکیا لە چەند شوێنێکی دیکەی باکووری کوردستان لە نزیک سنوورەکانی باکوور و باشووری کوردستان دۆزینەوەی نەوتی راگەیاندبوو، بەتایبەتی لە شرنەخ، باتمان، سێرت، جۆلەمێرگ و ئامەد.
تورکیا هەوڵەکانی بۆ گەڕان بەدوای گازی سرووشتی و نەوت خێراتر کردووە بۆ زیادکردنی توانای وزەی خۆی و کەڵکوەرگرتن لە سەرچاوە ناوخۆییەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ