بڕیارێکی دادگە کردیەوە بە دەوڵەمەندترین کەسی ئاسیا
رووداو دیجیتاڵ
گۆتام ئادانی پێگەی خۆی وەک دەوڵەمەندترین کەس لە ئاسیا بەدەستهێنایەوە، ئەوەش چەند رۆژێک دوای ئەوەی دادگەی باڵای هیندستان رایگەیاند، پێویست ناکات لێکۆڵینەوەی نوێ بکرێتەوە بۆ تۆمەتەکانی دامەزراوەی هیندنبێرگ دژی کۆمەڵە بازرگانییەکەی ئەو سەرمایەدارە هیندییە.
بەپێی پێنوێنی ملیاردێرەکانی بلومبێرگ، رۆژی پێنجشەممە 4.1.2023، سامانی گۆتام ئادانی، سەرۆکی گرووپی کۆمپانیاکانی ئادانی لە یەک رۆژدا نزیکەی 7.7 ملیار دۆلار زیادبووە و گەیشتووەتە 96.7 ملیار دۆلار، بەمەش پێشەنگی خۆی لە ریزبەندیی دەوڵەمەندترین کەسانی کیشوەرەکەدا وەرگرتەوە، کە موکێش ئەمبانی، سەرمایەداری هیندی گرتبووی.
بەپێی پێنوێنی ملیاردێرەکانی بلومبێرگ، ئەمبانی ئێستا سامانەکەی 97 ملیار دۆلارە و بە جیاوازییەکی کەم دوای ئادانی، لە پلەی دووەمی دەوڵەمەندترین کەسی ئاسیایە.
گەڕانەوەی ئادانی بازرگان بۆ لوتکەی دەوڵەمەندترینی ئاسیا دوای ساڵێکی پڕ لە پێشهات و ململانێ هات بۆ ئادانی و گرووپی کۆمپانیاکانی کە بەهۆی تۆمەتی دامەزراوەی توێژینەوەی هیندنبێرگەوە تووشی هاتبوو.
رۆژی هەینی 1.5.2023، دامەزراوەی هیندنبێرگی ئەمریکی گرووپی کۆمپانیاکانی ئادانی بە ساختەکاری تۆمەتبارکرد.
سکاڵاکە گورزێکی کوشندەی لە ئادانی وەشاند و بەهۆیەوە گروپی ئادانی زیاتر لە 150 ملیار دۆلاری نرخەکەی لەدەستدا و چەندین مانگ لە هەوڵدا بوو بۆ گێڕانەوەی وەبەرهێنەران و بەدەستهێنانەوەی متمانەیان.
بەڵام پشکەکانی گروپی ئادانی بەرزبوونەوە دوای ئەوەی دادگەی باڵای هیندستان لەم هەفتەیەدا فەرمانی بە دەزگای رێکخەری بازاڕە ناوخۆییەکان کرد کە لە ماوەی سێ مانگدا کۆتایی بە لێکۆڵینەوەکانی لە گرووپەکە بهێنێت.
داداگەی باڵای هیندستان گوتیشی، پێویست ناکات لێکۆڵینەوەی زیاتر لەبارەی کەیسەکەوە بکرێت، ئەمەش کۆتایی بە قەیرانی تۆمەتەکانی هیندنبێرگ دەهێنێت کە نزیکەی ساڵێکی خایاند.
بەهۆی بڕیاری دادگەکەوە سامانی ئادانی 13.3 ملیار دۆلار زیادبووە - کە گەورەترین زیادبوونی سامانە بۆ کەسێک لە جیهاندا لە ئەم ساڵدا - دوای ئەوەی یەکێک لە گەورەترین زیانەکانی لەنێو دەوڵەمەندەکانی جیهان لە ساڵی 2023ـدا تۆمارکرد.
پێش سکاڵاکەی هیندبێرگ، ئادانی بە 124 ملیار دۆلار، حەوتەم دەوڵەمەندترین کەسی جیهان بوو، بەڵام بەهۆی سکاڵاکەوە لە چەند رۆژێکدا 45 ملیار دۆلار لە سامانەکەی کەمبووەوە و ئێستا جگە لە دەوڵەمەندترینی ئاسیا، 24ـەمین دەوڵەمەندترینی جیهانە.