كێشەی هاڵك بانك كێشەی هەرێمی كوردستان نییە

05-01-2014
عومەر ئەحمەد
نیشانەکردن هاڵک بانک
A+ A-
بە دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنەكانی دژە گەندەڵی لە 17ـی کانوونی یەکەم لە توركیا، زیاتر لە 24 كەسایەتی گرینگی سیاسی و بازرگانی ئەو وڵاتە لە نێویاندا سەرۆكی بانكی حكومی (هاڵك بانك) دەستبەسەر كران. بەپێی میدیاكانی توركیا، ئەو تۆمەتانەی كە خراونەتە پاڵ سولەیمان ئەرسلان، سەرۆكی هالك بانك، بریتین لە دۆزینەوەی بڕی 4.5 ملیۆن دۆلار لە ماڵەكەیدا كە لەنێو كارتۆنی پێڵاودا دۆزرانەوە و هەروەها ئاسانكاریی بۆ ئێران بەمەبەستی بازدان بەسەر گەمارۆ نێودەوڵەتییەكاندا.

بەپێی ئەو هەواڵانەی كە بڵاوكراونەتەوە، ئەو بانكە ئاسانكاری كردووە بۆ گواستنەوە و شووشتنەوەی پارەی نەوتی بە قاچاخ رۆیشتووی ئێران كە لەرێگەی بازرگانێكی بەرەگەز ئێرانییەوە پارەكەی كراوە بە زێڕ و لە دەوڵەتێكی كەنداوەوە رەوانەی ئێران كراوە.

لەناوخۆی توركیادا رەخنەیەكی زۆر ئاراستەی ئەو بانكە كرا. سەرمایەداری ناسراوی توركیا نەسروڵڵا ئایان بە رۆژنامەی (ZAMAN)ی توركی راگەیاند كە هاڵك بانك وەكوو رێڕەوی بازرگانیی ئێران نە تەنیا لەگەڵ توركیا، بەڵكو لەگەڵ وڵاتانی دیكە لە قازانجی ئێران مامەڵەی كردووەو قەبارەی مامەڵەكانی لەگەڵ ئێران نزیكەی 87 ملیار دۆلار بووە. ئایان دەشڵێت ئەو بانكە وەكو بانكی ناوەندیی ئێران مامەڵەی كردووە.

پاش دەستبەسەركردنی سەرۆكی هاڵك بانك، بە بڵاوكردنەوەی بەیاننامەیەك، ئەو بانكە داكۆكی لە مامەڵەكانی لەگەڵ ئێران كرد و رایگەیاند كە هەموو مامەڵەكانی لەگەڵ ئەو وڵاتە بەپێی یاسا بوون و لەمامەڵەكاندا چاودێران و لایەنە پەیوەندیدارەكان ئاگادار بوون.

سەرۆكی حكومەتی توركیاش، رەجەب تەیب ئەردۆغان داكۆكی لە كارەكانی ئەو بانكە كرد و رایگەیاند كە هاڵك بانك بانكێكی سەركەوتوو بووە و نەیاران لە پێشكەوتنی ئەو بانكە حكومییە ترساون، بۆیە كردوویانەتە ئامانج.

هاڵك بانك لە 10 ساڵی رابردوودا سەركەوتنێكی گەورەی بەدەستهێناوە. قەبارەی داراییەكانی ئەو بانكە لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا پێنج بەرابەر بووە. دڵنیایی ئەو بانكە بە رێژەی 500% و سەرچاوە داراییەكانی بە رێژەی 379% بەرزبووەتەوە. قازانجی ئەو بانكە ئێستا نزیكەی 1.24 ملیار دۆلارە لە ساڵێكدا.

سەرەڕای داواكاریی ئیدارەی ئەمریكا بۆ سنوورداركردنی مامەڵەكانی لەگەڵ ئێران، بەرپرسانی توركیا رایانگەیاندووە كە هاڵك بانك درێژە بە هاوكارییەكانی لەگەڵ ئێران دەدات بۆ بژاردنی پارەی غازی سروشتیی هاوردەكراو لەو وڵاتە، لەبەر رۆشنایی بڕیارەكانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.

بەپێی ئەو گەشەو توانایە كە هاڵك بانك لە ساڵانی رابردوودا بەخۆیەوە بینیوەو هەروەها لەبەرئەوەی كە ئەو بانكە بانكێكی حكومییە، بڕێكی زۆر لە مامەڵە نێودەوڵەتییەكانی تێدا ئەنجام دەدرێ.

بە ئاراستەكردنی تۆمەتەكان لەسەر هاڵك بانك، ناوی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش كەوتە سەر زمان بەوەی كە ئەو بانكە بڕیارە پارەی نەوتی كوردستانی تێدا هەڵبگیرێت. لەوبارەیەوە هەر یەك رۆژ پاش دەستگیركردنی سەرۆكی هاڵك بانك، تانەر یڵدز، وەزیری وزەی توركیا رایگەیاند كە ئەو بانكە لە گرێبەستەكاندا رۆڵێكی گرینگی بینیوە، بەڵام بڕیار نەدراوە كە پارەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە هاڵك بانك دابنرێت و ناوی ئەو بانكەش لە گرێبەستەكاندا نەهاتووە.

بەوپێیەی كە ناوی هاڵك بانك لە دەقی گرێبەستەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ توركیا نەهاتووە و تەنیا ئاماژە بە بانكێكی گشتی كراوە، لەڕووی یاساییەوە هیچ كێشەیەك رووبەڕووی رێككەوتنامەكانی هەرێمی كوردستان و توركیا سەبارەت بە هەناردەكردنی نەوت نابێتەوە، وەك چۆن یڵدز دەڵێت “هاتنی ناوی هاڵك بانك لە هەڵمەتی بەگژداچوونەوەی گەندەڵی، كاریگەری لەسەر پرۆسەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان دانانێ”، هەر بۆیە كێشەی هاڵك بانك كێشەی ‌حكومەتی هەرێمی كوردستان نییە.

كێشەی هەرێمی كوردستان رەنگە لاوازبوونی رەجەب تەیب ئەردۆغان و پارتی دادوگەشەپێدان بێت، بەوپێیەی كە هاوپەیمانێكی گرنگی حكومەتی هەرێمی كوردستانە و بەهۆی لەسەركاربوونی ئەو پارتە، پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و توركیا زۆر بەخێرایی بەرەوپێشەوە چوون.

رووداوەكانی ئەم دواییەی توركیا بە ئاراستەی لاوازبوونی پارتی دادو گەشەپێدان و رەجەب تەیب ئەردۆغان دەڕوات و رەنگە لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا، ئەو سەركەوتنەی كە دیسان بۆ ئەو پارتە چاوەڕوان دەكرا بەدی نەیەت. پرسیاری سەرەكی ئەوەیە كە ئەگەر حیزبێكی دیكە لە توركیا بگاتە دەسەڵات، پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان چ ئاڵۆگۆڕێكی بەسەردا دێت.

پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و توركیا لەسەر بنەمایەكی پتەوی ئابووری بنیاتنراوە، بەوپێیەی هەرێمی كورستان پێویستی بە دەروازەیەك هەیە بۆ ناردنە دەرەوەی سامانی سروشتی خۆی لەلایەك و لەلایەكی دیكەشەوە توركیا پێویستییەكی زۆری بە وزەی هەرێمی كوردستان هەیە. 

بە لاوازبوونی ئەردۆغان و پارتەكەی و هاتنە سەركاری لایەنێكی دیكە لە توركیا، پێناچێت كێشە دروست بێ لەبەردەم رێككەوتنە ئابوورییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیادا.

هاوكاریی ئابووری زۆرجار لەبەر پەیوەندیی راستەوخۆی بە ژیانی هاووڵاتیان و داهاتووی وڵاتان، سەرەڕای سەرهەڵدانی كێشە لە نێوان حكومەتەكان هەر درێژەی پێدراوە. باشترین نموونەش هەردوو كوریای باكوور و باشوورە كە تەنانەت تا ئێستاش لەسەر سنووری ئەو دوو وڵاتە كۆمەڵەی پیشەسازیی هاوبەشی كایسۆنگ بە سەركەوتوویی درێژە بە كارەكانی دەدات سەرەڕای تێكچوون و ئاڵۆزییە سیاسییەكانی نێوانیان. نموونەی ئەو جۆرە هاوكارییانە زۆرن، نموونەیەكی دیكە پەیوەندی نێوان ئێران و ئەمریكایە، لە كاتێكدا ئەو دوو وڵاتە یەكتر بە دوژمن دەناسن، لە چەند ساڵی رابردوودا كۆمپانیای نەوتی هالیبێرتۆنی ئەمریكی لە كەنداوی فارس، لە لوتكەی ناكۆكییەكانی نێوان ئەمریكا و ئێراندا خەریكی كاری هەڵكەندنی چاڵی نەوت بووە بۆ كۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی ئێران.

بارودۆخی ناوخۆی توركیا و ناوچەكە گۆڕانی بەسەردا هاتووە و هێندە فاكتەر هاتوونەتە ئاراوە كە تەنانەت بە نەمانی پارتی دادوگەشەپێدان لەسەر حوكم، هەر حكومەتێكی داهاتوو ناتوانێت بایەخی جاران بە پێگەی هەرێمی كوردستان و بە هێزی ئابووریی هەرێمی كوردستان نەدات.

سیاسەتی ئێستای حكومەتی توركیا بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان، بەتەواوەتی پەیوەست نییە بە شەخسی رەجەب تەیب ئەردۆغان و پارتی دادو گەشەپێدانەوە، كۆمەڵێك هەلومەرجی ناوخۆیی و دەرەكی هۆكاری پەرەسەندنی هاوكارییەكانی هەردوولان، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت هاوكارییە ستراتژییەكانی هەرێمی كوردستان و توركیا لە داهاتووشدا درێژەی پێبدرێ.

ئەوكات كە هەرێمی كوردستان بە جددی پلانی بۆ پێشخستنی كەرتی نەوت و غازی خۆی دانا و بوێرانە بەسەربەخۆیی و بەبێ گوێدانە ناڕەزایەتییە توندەكانی بەغدا درێژەی بە پەرەپێدانی ئەو كەرتە دا، هیچ ئاسۆیەك بۆ رێككەوتنی لەگەڵ بەغدا بەدی نەدەكرا، بەڵام دەسكەوتەكانی لەو بوارەدا هێندە بەرچاوبوون و بوونەتە ئەمری واقیع، كە حكومەتی بەغدای ناچار كرد مل بۆ داواكارییەكانی كەچ بكات و دان بنێت بە پێشكەوتنەكانیدا. هەڵوێستەكانی ئێستای بەرپرسانی عێراق بەتایبەتی جێگری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری وزە، د.حوسێن شەهرستانی و هەروەها وەزیری نەوت عەبدولكەریم لعێبی جێگای رامان و تێبینین.

بۆ گەرەنتیكردنی بەردەوامیی پێشكەوتنەكانی لە پیشەسازی نەوت و غازدا، وا باشترە حكومەتی هەرێمی كوردستان هاوكات لەگەڵ پێداگری لەسەر بەڕێوەبردنی سەربەخۆیانەی سامانی سروشتی، بگاتە رێگەچارەیەكی گونجاوی درێژخایەن لەگەڵ حكومەتی بەغدا، ئەوەش دڵنیایی پێدەبەخشێت لە بەرامبەر هەر ئەگەر و گۆڕانكارییەك لە دەرەوەی سنوورەكان.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە