سوودانى لەبارەى مووچە: پشکى هەرێمى کوردستان تەواو بووە و پارەى زیاتر نانێرین

9 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
سوودانی لە پەرلەمانی عێراق
سوودانی لە پەرلەمانی عێراق
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانى عێراق لە پەرلەمان رایگەیاندووە؛ گواستنەوەى پارە بۆ  مووچەى هەرێمى کوردستان ناکرێت، تەنیا 760 ملیار دینار دەنێردرێت، چونکە پشکى 12.67%ـی هەرێمى کوردستان وەرگیراوە.
 
محەممەد شیاع سوودانى،  سەرۆکوەزیرانى عێراق ئەمڕۆ (چوارشەممە، 4ـی کانوونى یەکەمى 2024) بەیاوەریی وەزیرانى دەرەوە، ناوخۆ و پلاندانان بەشداری لە کۆبوونەوەى پەرلەمانى عێراق کرد. لە کۆبوونەوەکەدا سوودانی وەڵامی پەرلەمانتارانی کوردی لەبارەی ناردنی پارەی مووچە دایەوە.
 
سەباح حەبیب، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى یەکێتى کە ئامادەى کۆبوونەوەکە بوو، بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند "محەممەد شیاع سوودانى، پێى راگەیاندین تەنیا 760 ملیار دینارەکە دەنێرن و گواستنەوە بۆ مووچە ناکرێت." 
 
تاوەکو ئێستا وەزارەتى دارایی فیدراڵ 761 ملیار دینارى بۆ مووچەى مانگى تشرینى یەکەمى هەرێمى کوردستان ناردووە، لەکاتێکدا هەرێمى کوردستان پێویستى بە زیاتر لە 900 ملیار دینارە بۆ دابەشکردنى مووچە.
 
هەروەها سۆران عومەر، سەرۆکى فراکسیۆنى کۆمەڵى دادگەری لە پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، سەرۆکوەزیران ئاماژەى بەوە دا هەرێمى کورستان 12.67%ـی پشکى خۆى لە بودجە وەرگرتووە و گواستنەوە بۆ مووچە ناکرێت. 
 
پشکى هەرێمى کوردستان لە خشتەى بودجەى 2024ـی عێراق نزیکەى 20 تریلیۆن دینارە، کە زیاتر لە نۆ تریلیۆن دینارى بۆ مووچەیە.   

 

 
سۆران عومەر دەڵێت "سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەى بەوە دا؛ هەرێمى کوردستان لە پرسەکانى دەروازەکان، پێناسەى گومرگى و چەند پرسێکى دیکە پابەندنەبووە و ئومێدەوارین لە رێگەى هەموارى یاسای بودجەى گشتییەوە ئەو کێشانە چارەسەر بکرێن."
 
پڕۆژەیاسای هەموارى یاساى بودجە گشتی، خوێندنەوەى یەکەمى لە پەرلەمان بۆ کراوە، خوێندنەوەى دووەم و دەنگدانى ماوە.
 
سەرچاوەیەک 26-11-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، وەزیری دارایی عێراق بڕیاریدا بڕێک پارە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگەکانی 10، 11 و 12 خەرج بکات.
 
هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە بەغدا دەڵێ، "پێشنیوەڕۆی سێشەممە (26-11-2024) کۆبوونەوەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراق کرا، تێیدا تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق رەزامەندیی نیشانداوە بۆ ئەوەی بۆ مانگەکانی 10، 11 و 12، بۆ هەر مانگێک 760 ملیار دینار خەرج بکات."
 
ئەم هەنگاوە لەکاتێکدایە؛ بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆران، هەرێمی کوردستان مانگانە پێویستی بە زیاتر لە 900 ملیار دینارە، بەمەش کورتهێنان دروست دەبێت.
 
ئەمانە لەکاتێکدان، هێشتا مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، مووچەی مانگی 10 و 11ـیان وەرنەگرتووە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە