بەرپرسێکی بەڕێوەبەرایەتی باج: داهاتی 11 مانگی رابردوو زیاتر لە 700 ملیار دینار بووە

04-12-2022
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری چاودێری و وردبینی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی باج لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، داهاتی باج لە هەرێمی کوردستاندا تاوەکو مانگی تشرینی دووەم زیاد لە 700 ملیار دینار بووە. دەشڵێت، زیادکردنی باج لەسەر جگەرە کاریگەریی لەسەر هاوردەکردنی نەبووە و پێشتر باجی سەر جگەرە و تووتن نزیکەی 8% بوو بەڵام بەرزمان کردەوە بۆ 50%.
 
هاوڕێ بەختیار، بەڕێوەبەری چاودێری و وردبینی و پشکنین لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی باجی هەرێمی کوردستان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، هاوردەکردنی جگەرە لە دەرەوەی وڵات بۆ هەرێمی کوردستان بە سنوورەکاندا دێت؛ هەروەک جگەرە و یارییە ئاگرینەکان یەک جۆر باجیان لەسەرە کە رێژەی ئەو باجەی لەسەریان دانراوە 50%ی نرخی کاڵاکەیە.
 
بەڕێوبەری چاودێری و وردبینی و پشکنین لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی باج گوتیشی، باج لە هەرێمی کوردستاندا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگ وەردەگیرێت، داهاتی باجیش لە هەرێمی کوردستاندا لە ماوەی 11 مانگی رابردوودا تاوەکو مانگی تشرینی دووەم زیاتر بووە لە 700 ملیار دینار.
 
بە گوتەی هاوڕێ بەختیار، ئەو رێژە باجەی لەسەر بەرهەمەکانی تووتن و جگەرە دانرابوو پێشتر 2% بۆ 8% بووە، دواتر زیادکراوە بۆ 50%ی نرخی کاڵاکە، بەڵام هێشتا ئەو رێژە باجە کاریگەریی لەسەر کەمکردنەوەی هاوردەکردنی نەبووە.
 
بەڕێوەبەری چاودێری و وردبینی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی باج یەکێک لە هۆکارەکان بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە کە لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراقدا "هاوئاهەنگیی باش نییە لە پرسی هاوردەکردنی جگەرە و تووتن، چونکە لە شوێنی دیکەوە بە شێوازی زیاتر هاوردە دەکرێت". هەروەک دەشڵێت، "پێمان باشە ئەو باجەی کە دانراوە زیاتر بکرێت، بەڵام ئەوە دەبێت حکومەتی عێراق بیکات."
 
بەشێک لە هاونیشتمانیان گلەیی لەوە دەکەن کە لە رابردوودا ئەو باجەی کە داویانەتە حکومەت کەمتر بووە و ئێستا باجەکانیان زیاتر بووە، هاوڕێ بەختیار دەڵێت، "باج بەپێی یاسا رێکخراوە و زیاد نەکراوە، تەنیا میکانیزمەکان گۆڕاون، ئێستا باج نزیکبووەتەوە لە رێژەی راستەقینەی قازانج و نرخ، پێشتر کەسێک موڵکێکی هەبووە خەمڵاندنەکەی زۆر کەمتر بووە لە نرخەکەی، بەڵام ئێستا پێداچوونەوە کراوە و نزیکبووەتەوە لە 80%ی نرخی راستەقینەی."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە