عێراق و سعودیە یاداشتی لێکتێگەیشتن لە چەند بوارێکدا واژۆ دەکەن
رووداو - هەولێر
وەزیری وزەی سعودیە گەیشتە بەسرە، لە میانەی ئەو سەردانەدا عێراق و سعودیە یاداشتی لێکتێگەیشتن لە چەندین بواردا واژۆ دەکەن.
خالد فالح، وەزیری وزەی سعودیە ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە بە سەرۆکایەتی شاندێک بەمەبەستی بەشدارییکردن لە پێشانگەی بەسرە بۆ نەوت و گاز بەسەردانێک گەیشتە ئەو شارە.
لەکاتی گەیشتنیدا، وەزیری وزەی سعودیە، لەلایەن وەزیری نەوتی عێراق و ژمارەیەک بەرپرسانی وەزارەتی نەوتەوە لە فڕۆکەخانەی بەسرە پێشوازی لێکراوە.
بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی نەوتی عێراق ، عەبدولجەبار لعێبی، وەزیری نەوت ئاماژەی بەوەکردووە، پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان عێراق و سعودیە پەرەسەندنی گەورەیان بەخۆوەبینیوە، سعودیە سوورە لەسەر ئەوەی قەبارەی هاوکارییەکانی بەهێز و فراوانتر بکات.
لعێبی راشیگەیاندووە، لە میانەی ئەو سەردانەدا یاداشتی لێکتێگەیشتن لە چەندین بواردا واژۆیان لەسەر دەکرێت، لەوانە وزە، نەوت، گاز، پترۆکیمیایی، وەبەرهێنان لە چەندین بواری دیکەدا، ئەوەش دەبێتە هۆی بەهێزکردنی هاوکاری ئابووری نێوان هەردوولا.
رۆژی 21-10-2017 حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی سعودیەی کرد. لە ریاز و بە ئامادەبوونی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەنجوومەنی هاوئاهەنگی هاوبەشی عێراق - سعودیە پێکهێنرا، کە ئامانج لێی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی ریاز و بەغدایە.
داڕشتنەوە: حەکیم داود