فرۆشتنى دۆلار بە نرخى فەرمى بە گەشتیاران لە فڕۆکەخانەکانى هەرێمى کوردستان دەستیپێکرد

 
رووداو دیجیتاڵ

فرۆشتنى دۆلار بە نرخى فەرمى لە هەردوو فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکانی سلێمانى و هەولێر دەستیپێکرد و هاونیشتمانییانى هەرێمى کوردستان دەتوانن بۆ گەشتەکانیان بۆ دەرەوەى وڵات وەری بگرن. گەشتیاران دەتوانن بڕى 3000 دۆلار بە نرخى فەرمى بکڕن، کە زیاتر لە 500 هەزار دینارى لە نرخى دۆلار لە بازاڕ کەمترە.
 
ئەو هەنگاوە لە 27ى تشرینى یەکەمەوە کارا بووە، لە رێگەى نووسینگەکانى بانکى بازرگانیى عێراق (تى بی ئاى) لە هەردوو فڕۆکەخانەکە ئەو بڕە دۆلارە بە گەشتیاران دەدرێت.
 
هەر گەشتیارێک دەتوانێت تاوەکو بڕى 3000 دۆلار لە مانگێکدا بۆ گەشتەکەى بە نرخى فەرمى بکڕێت، کە 1320 دینارە بەرامبەر هەر دۆلارێک.
 
بەگوێرەى ئەو زانیارییانەى تۆڕى میدیایی رووداو لە تى بی ئاى دەستی کەوتووە، ئەو هەنگاوە گەشتیارانى هەرێمى کوردستان دەگرێتەوە کە پێشتر مامەڵەى گەشتەکانیان پێشکێش بەو بانکە دەکەن و بڕى سێ ملیۆن و960 هەزار دینار رادەستى بانکەکە دەکەن بۆ ئەوەى دواتر لە فڕۆکەخانە بڕى 3000 دۆلارەکەیان پێبدرێت.
 
پێویستە بەر لە 72 کاژێر لە گەشتەکە، ئەو گەشتیارانە سەردانى یەکێک لە لقەکانى بانکى بازرگانیی عێراق بکەن، لە هەرێمى کوردستان بێت یان هەر پارێزگایەکى عێراق و، ئەو بڕە پارەیەیان بە دینار رادەست بکەن؛ هەروەها گەشتیار پاسپۆرت، کارتى زانیاری، کارتى نیشتمانى، ڤیزا و تیکتى گەشتەکەی رادەست دەکات و وێنەى گەشتیارەکە دەگیرێت، دواتر مامەڵەکەى دەخرێتە سیستمێکى ئەلیکترۆنییەوە کە بەستراوەتەوە بە بانکى ناوەندیى عێراقەوە.
 
دواى تەواوکردنى مامەڵەى گەشتیارەکە، پسوولەی تایبەت بە چوونە ناو سیستمە ئەلیکترۆنییەکە و فیشەی تایبەت بە رادەستکردنى دینارى عێراقى دەدرێتە گەشتیارەکە، کە دەیسەلمێنێت مامەڵەکەى تەواو کردووە و لە فڕۆکەخانە رادەستی لقى TBIی دەکات بۆئەوەى بڕە دۆلارەکەى پێبدرێت.
 
یەکەمجارە ئەو هەنگاوە لەلایەن تى بی ئاى لە هەرێمى کوردستان جێبەجێ بکرێت بۆ فرۆشتنى دۆلار بە گەشتیاران.
 
فرۆشتنى دۆلار بە گەشتیاران بە نرخى فەرمى لەلایەن بانکى ناوەندییەوە بۆ ئاسانکاریى گەشتیاران و دەستکەوتنى دینار و فرۆشتنى نەختینەیی دۆلارە لەبرى ئەوەى گەشتیاران لە بازاڕى رەشدا دۆلار بە نرخى زیاتر بکڕنەوە، کە یەکێکە لە هۆکارەکانى ناجێگیریى بەهاى دینار بەرامبەر دۆلار.
 
سەرچاوەیەکى بەرپرس لە تى بى ئاى بە رووداوى راگەیاند، لە هەر لق و نووسینگەیەکى بانکەکەیان لە هەرێمى کوردستان، دەتوانن رۆژانە مامەڵەى 25 بۆ 30 گەشتیار تەواو بکەن بۆئەوەى دۆلاریان بە نرخى فەرمى پێ بفرۆشن.
 
بانکى ناوەندیى عێراق، دۆلار بە 1305 دینار دەداتە بازرگانان بۆ حەواڵەى دەرەکى و بە 1310 دیناریش بە بانکەکانى دەدات بۆ فرۆشتنى نەختینەیی، لە کاتێکدا بەهاى 100 دۆلار لە بازاڕى رەشدا دەگاتە 1500 دینار، بەو پێیە هەر گەشتیارێک کە لە رێگەى بانکى ناوەندییەوە دۆلار بکڕێت، بۆ 3000 دۆلار، 540 هەزار دینار کەمتر دەدات.