بەهای 100 دۆلار گەیشتە زیاتر لە 163 هەزار دینار

04-11-2023
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار زیاتر دابەزی و 100 دۆلار گەیشتە زیاتر لە 163 هەزار دینار.
 
لە سلێمانی تەنیا رۆژانی هەینی بازاڕی دۆلارەکە دادەخرێت، بەڵام لە هەولێر رۆژانی شەممەش بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو پشووە و کاری تێدا ناکرێت. رۆژی شەممە، 4ـی تشرینی دووەمی 2023، رەوەز میرزا، ئاڵوگۆڕکاری دراو لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ لەکاتی کردنەوەی بازاڕدا 100 دۆلار بە 162 هەزار و 750 دینار مامەڵەی پێوە دەکرا."
 
رەوەز میرزا دەڵێت، دواتر بەهای دینار دابەزی و بەهای 100 دۆلار گەیشتە 163 هەزار و 350 دیناری عێراقی، لەکاتی داخستینشدا 100 دۆلار بە 163 هەزار و 100 دینار مامەڵەی پێوەکرا.
 
بە بڕوای ئەو ئاڵۆگۆڕکارە، دابەزینی بەهای دینار بۆ سێ هۆکاری سەرەکی دەگێڕێتەوە کە یەکەمیان کاریگەریی شەڕی نێوان ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی غەززە و حەماسە و وایکردووە خواست لەسەر دۆلار زیادبێت.
 
رەوەز میرزا پێیوایە، هۆکاری دووەمی دابەزینی بەهای دینار رەنگنەدانەوەی زیادکردنی فرۆشی دۆلار بەشێوەی کاش و رێکارەکانی دیکەی بانکی ناوەندیی عێراقە لەسەر بازاڕ و دەڵێت، تاوەکو ئێستا هیچ کۆمپانیایەکی ئاڵوگۆڕی دراو لە بازاڕی دۆلارەکە سوودمەند نەبووە لە وەرگرتنی 750 هەزار دۆلاری هەفتانە بە نرخی فەرمی کە یەکێکە لە رێکارەکانی بانکی ناوەندیی عێراق.
 
ئاڵۆگۆڕکارەکەی بازاڕی دۆلارەکە دەشڵێت، خواست و خستنەڕوو هۆکاری سێیەمی دابەزینی بەهای دینارە؛ بەوپێیەی خەڵك کڕین و فرۆشتن بە دۆلار دەکات و بەشێکیان لە ترسی دابەزینی زیاتری بەهای دینار، دۆلار دەکڕن. دەشڵێت، دابەزینی بەهای دیناریش لە رۆژانی دوایی لە بەغدا وایکردووە لێرەش خواست لەسەر کڕینی دۆلار زیادببێت.
 
بانکی ناوەندیی عێراق بڕیاری داوە لە ساڵی داهاتووەوە لە سەرجەم مامەڵەکان تەنیا مامەڵە بە دینار بکرێت. رەوەز میرزا لەبارەی بڕیارەکەوە دەڵێت، بەشێک لە خەڵکی ترسیان لە دەستکەوتنی دۆلار هەیە لە ئەگەری سەرکەوتوونەبوونی ئەو رێکارەی بانکی ناوەندی.
 
دابەزینی بەهای دینار بەوشێوەیە لەکاتێکدایە، رۆژانی دەوام بانکی ناوەندیی عێراق دەوروبەری 200 ملیۆن دۆلار بەنرخی فەرمی دەفرۆشێت کە بۆ 100 دۆلار 132 هەزار دینار وەردەگرێت، بەڵام بەگوتەی ئاڵوگۆڕکارانی دراو، زۆرینەی ئەو پارەیەی بۆ حەواڵە و دەرەوەیە و ناچێتە نێو بازاڕەکانی نێوخۆوە، بۆیە بەهای دینار جێگیر نابێت.
 

 

 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە