رووداو دیجیتاڵ
لە رانیە کارگەکانی شیرینی، گوێزی "خراپبوو" و عەلی بابایان پێکەوە هاڕیوە و رەنگەکەیان سەوز کردووە، دواتر بە نرخی فستق لە نێو شیریندا فرۆشتوویانە. سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی رانیە دەڵێت، ئەو کارەیان لە کارگەکان قەدەخە کردووە.
رۆژی هەینی، 4-11-2022، لیژنە ھاوبەشەكانی قایمقامیەتی قەزای رانیە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "دوای پشكنینی كارگەكانی دروستكردنی شیرینی، ھەستكراوە بە دیاردەی رەنگكردنی گوێزی ھاڕدراو و فرۆشتنی بە نرخی فستق كە ئەمەش دەبێتە ھۆی فێڵكردن لە ھاونیشتمانییان".
کارزان سلێمان، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی رانیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو کارگانە گوێزی خراپ بوو، عەلی بابا و گوێزی هیندیی رەنگکراویان بە ناوی فستقەوە لەنێو شیرینی و پاقلاوەدا بەکارهێناوە و بە هاونیشتمانییانیان فرۆشتووە".
سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی رانیە گوتیشی، ئەوەی کراوە زیانی تەندروستی بۆ هاونیشتمانییان دەبێت و لەبەرئەوە رێنماییان داوەتە کارگەکان و لێیان قەدەخەکردوون؛ هەر کارگەیەک پابەند نەبێت، رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگرنەبەر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ