شارەوانی سلێمانی: پارەی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک لە هاونیشتمانیان وەردەگیرێت



رووداو - سلێمانی

سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی رایدەگەیێنێت، لەم مانگەوە پارەی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک لە هاونیشتمانیان وەردەگیرێت و بۆ هەر ماڵێکیش مانگانە پێنج هەزار دینار دیاریکراوە.
 
ئاکۆ عەلى، جێگرى سەرۆکى شارەوانیی سلێمانى لەکۆنگرەیەکى رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند "لەدوای کۆکردنەوەی داتا و ئامار لەسەر گەڕەکەکانی پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ 4 -11-2019  پرۆژەی وەرگرتنى پارەی خۆڵ و خاشاک لە ماڵان و دووکانداران و شوێنە بازرگانیەکان رادەگەیێنین".
 
وەرگرتنی پارەی خۆڵ و خاشاك لە دووكان و شوێنە بازرگانییەكان بە گوێرەی زۆر و كەمی خۆڵ و خاشاكی شوێنە بازرگانییەكان دیاریكراوە، بە جۆرێك كەمترین بڕی ئەو پارەیەی وەردەگیرێت 15 هەزارە دینارە و زۆرترینیشی 100 هەزار دینار دەبێت.
 
جێگرى سەرۆکى شارەوانیی سلێمانى ئاماژەی بەوەشکرد "وەرگرتنی پارەی خۆڵ و خاشاك بۆ شوێنە بازرگانییەكان كراوە بە دوو بەشەوە، ئەوانەی كە حاویەیان بۆ دانراوە، مانگانە بۆ هەر حاویەیەك بڕی 15 هەزار دیناریان لێ وەردەگیرێت، كە
كەمترینیانە، بەڵام ئەو شوێنانەی خۆڵ و خاشاكیان زۆرە بە گوێرەی لیتر مامەڵەیان لەگەڵ دەكەین و بۆ هەر لیتركێش بڕی 100 دینار وەردەگرین، ئەو کات هەر شوێنیکی بازرگانی و دووکاندارێک بە پێی فڕێدانی خۆڵ و خاشاکی شوێنەکەی حاویەی گونجاوی بۆ دابیندەکرێت".
 
سەبارە بەوەرگرتنی پارەی خۆڵ و خاشاك لە هاونیشتمانییان، جێگرى سەرۆکى شارەوانیی سلێمانى ئاماژەی بەوەکرد "پارەی خۆڵ و خاشاک لە هاووڵاتیانی سلێمانی لە 14-11-2019  وەردەگیرێت و بۆ هەر ماڵێک بڕی پێنج هەزار دینار دەبێت، ئەو کارمەندانەی کە هەڵدەستن بە کۆکردنەوەی پارەی خۆڵ و خاشاکەکە پێناسی فەرمی کۆمپانیاکەی پێدەبێت و هەر کات هاووڵاتیان پارەیاندا پسووڵەیەکیان پێدەدرێت".
 
بڕیارى کۆکردنەوەى پارەى خۆڵ و خاشاک لە ساڵى 2016 لەلایەن حکومەتى هەرێمی کوردستانەوە دەرکرا، سەرەتا لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک چووە بواری جێبەجێکردنەوە و لە پارێزگای سلێمانیش ئەمساڵ جێبەجێدەکرێت.