نەرمین مەعرووف: ئەم مانگە لەگەڵ دابەشکردنی مووچە لە عێراق، پارە بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت


رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، سبەی وەزیری دارایی لەگەڵ لیژنەکەیان کۆدەبێتەوە و باسی پشکی هەرێمی کوردستان و مووچەی فەرمانبەرانی لەگەڵدا دەکەن. دەشڵێت، ئەم مانگە لەگەڵ دابەشکردنی مووچە لە عێراق، بە چەند گوژمەیەک پارە بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردێت.
 
لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بانگهێشتی وەزیرانی دارایی هەرێمی کوردستان و عێراق، وەزیری نەوت و بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای سۆمۆی کردووە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق. ئەندامێکی لیژنەی دارایی دەڵێت، "سبەی کۆبوونەوەکە بەڕێوەدەچێت و پرسی هەرە لەپێشینەش مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەبێت".
 
رۆژی چوارشەممە، 4ـی تشرینی یەکەمی 2023، د. نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە بوولتەنی کاژێر 14:00دا، بە زیاد ئیسماعیل، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی لە بەغدا گوت، "سبەی کاژێر 11:00 کۆبوونەوەکە لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت کە تایبەتە بە بەدواداچوون بۆ پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە و جێبەجێکردنی بڕگەکانی 12 و 13ـی یاسای بودجەی گشتیی عێراق".
 
د. نەرمین مەعرووف دەڵێت، "ئەو بانگهێشتکردنە لەسەر داوای فراکسیۆنە کوردییەکان بووە کە مانگی رابردوو داوامان کرد چارەسەر بۆ پرسی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بدۆزرێتەوە".
 
لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بانگهێشتی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق و حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق و عەمار عەبدوڵڵا عەندەکی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ بۆ بەبازاڕکردنی نەوتی عێراقی کردووە. وەکو د. نەرمین مەعرووف ئاماژەی پێدەدات، "کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و لەنێو هۆڵی پەرلەمان بەڕێوەناچێت".
 
مووچەی فەرمانبەران لە "هەموو پرسەکان گرنگترە"
 
بە گوتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لەو کۆبوونەوەیەدا پرسەکانی مووچەی فەرمانبەران، ژمارەی فەرمانبەرانی میلاکی مەدەنی و سەربازی، ژمارەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان، ئەو کەسانەی چاودێریی کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە، داهاتە نانەوتییەکان و دەروازە سنوورییەکان، پرسی بەرهەمهێنانی نەوتی کوردستان، رێژەی قەرزەکانی سەر هەرێمی کوردستان، بایۆمەتریی فەرمانبەران و پێداچوونەوە بە گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکرێن.
 
لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، د. نەرمین مەعرووف باسی لەوە کرد، "ئەوەی لەو کۆبوونەوەیەدا بەلای ئێمەوە لە هەموو پرسەکان گرنگترە، پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانە کە لەدوای سەردانەکەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاردرا وەکو چارەسەرییەکی بەپەلە مانگانە 700 ملیار دینار بۆ سێ مانگ بە قەرز بدرێتە هەرێمی کوردستان، بەڵام ئێمە بەدوای چارەسەرێکی ریشەییداین بۆ ئەو پرسە".
 
هەرێمی کوردستان پابەند بووە
 
لەبارەی کێشە داراییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق، ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق پێیوایە، "دیوانی چاودێریی دارایی عێراق هەندێک تێبینی لەسەر راپۆرتە داراییەکانی هەرێمی کوردستان هەبووە، بەڵام کاتێک کۆمپانیای سۆمۆمان بانگهێشتکرد، بۆمان دەرکەوت کە هەرێمی کوردستان پابەندە بە پرسی رادەستکردنی نەوت بەپێی یاسای بودجە و ئامادەیی دەربڕیوە نەوتەکە بداتە کۆمپانیای سۆمۆ بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیی نێوخۆ کە ئێستا 80 هەزار بەرمیل نەوتە و بە گوتەی بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ چاوەڕوان دەکرێت تاوەکو 20ـی ئەو مانگە بۆ 120 هەزار بەرمیل بەرزبێتەوە".