رووداو دیجیتاڵ
کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان لە کاردانەوەیەکدا بەرامبەر لێدوانەکانی وەزیری وزەی تورکیا کە رایگەیاندبوو، دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوت لە رێگەی بۆرییەوە دەکەنەوە، داوا دەکات، شێوازی وەرگرتنی شایستە داراییەکانیان دیاری بکرێت.
کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان کە بە ئەپیکۆر ناسراوە لە راگەیێندراوەکەیدا پێشوازی لە هەوڵەکان بۆ کردنەوەی بۆریی نەوتی عێراق - تورکیا بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دەکات و دەڵێت، کردنەوەی ئەو بۆرییە هەنگاوێکی گرنگە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی بەرهەمهێندراو لە هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕە جیهانییەکان.
رۆژی دووشەممە، 2-10-2023، وەزیری وزەی تورکیا لە میانی بەشداریکردنی لە کۆنفرانس و پێشانگەی نەوتی ئەبوزەبی لە ئیمارات رایگەیاند، هەموو ئامادەکارییەکان تەواوبوون و ئەم هەفتەیە دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان لە رێگەی بۆرییەوە دەکرێتەوە.
رووداو زانیویەتی بەرپرسانی عێراق بە ئەرێنی وەڵامی تورکیایان داوەتەوە و ئامادەیی خۆیان دەڕبڕیوە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی هەرێمی کوردستان کە لە بوولتەنی کاژیر 10:00ـی بەیانی تۆڕی میدیایی رووداو بەشداربوو، لەو بارەیەوە گوتی، "کۆمپانیاکانی ئەندام لە کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان پێکەوە نزیکەی 1 ملیار دۆلار لە شایستە داراییەکانیان وەرنەگرتووە کە پەیوەستە بە بەرهەمهێنانی نەوت لە مانگی 11ـی ساڵی رابردووە تاوەکو کۆتایی مانگی 3ـی ئەمساڵ."
کاگینز رایگەیاند، تاوەکو شایستە داراییە دواکەوتووەکانیان پێ نەدرێت، ئامادە نین نەوت بەرهەمهێنن بۆ ئەوەی لە رێگەی بۆرییەوە هەناردە بکرێت؛ ئاماژەی بەوەشکرد، گرێبەستەکانیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان گرێبەستی یاسایی نێودەوڵەتین و بەپێی گرێبەستەکانیان، مافیان هەیە لەسەر پشکی خۆیان و دەتوانن بە جیا بیفرۆشنەوە".
کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان جگە لەوەی کە داوای وەرگرتنی شایستە داراییەکانی پێشوویان دەکەن، جەخت لەوە دەکەنەوە دەبێت میکانیزمێکی گونجاو بۆ شایستە داراییەکانیان دابنرێت بۆ ئەو نەوتەی کە لە داهاتوودا بەرهەمی دەهێنن.
مایڵز کاگینز لەو بارەیەوە بە روودای راگەیاند، نیوەی نەوتی بەرهەمهێندراو لە هەرێمی کوردستان لەلایەن کۆمپانیاکانی ئەندام لە کۆمەڵەکەی ئەوانەوە بەرهەمدێت و گوتی، ئێستا لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 200 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێندرێت و هەر مانگێک کە نەوت هەناردە نەکرێت نزیکەی 1 ملیار دۆلار زیان بە عێراق و هەرێمی کوردستان دەگات.
زیاتر لە شەش مانگە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆرییەوە وەستاوە و بەپێی خەمڵاندنەکان، ئەوەش زیاتر لە 6 ملیار دۆلار زیانی لە داهاتی عێراق و هەرێمی کوردستان داوە.
جگە لەوەش، هەزاران کرێکار و کارمەندی نەوتی لەبەر وەستانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان راستەوخۆ و ناراستەوخۆ یان کارەکانیان لەدەستداوە یان لە ماڵەوە بێ مووچە ماونەتەوە و چاوەڕێی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت دەکەن.
گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان داوا دەکات بە پەلە چارەسەرێک بۆ پرسی چۆنییەتی پێدانی شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکان بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی بتوانن بە تەواوی توانای خۆیانەوە دەست بە بەرهەمهێنانی نەوت بکەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ