پارێزگاری پێشووی بانکی ناوەندیی لوبنان بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکرا

رووداو دیجیتاڵ

پارێزگاری پێشووی بانکی ناوەندیی لوبنان بەتۆمەتی گەندەڵی (خۆدەوڵەمەندکردن و کۆکردنەوەی 110 ملیۆن دۆلار) دەستگیرکرا. سەرچاوەیەک دەڵێت، رەنگە سەرەتای هەفتەی داهاتوو دادگەیی بکرێت.
 
بەپێی دوو سەرچاوەی دادوەریی لوبنان، ریاز سەلامە، پارێزگاری پێشووی بانکی ناوەندیی لوبنان سەرەتای هەفتەی داهاتوو دادگەیی دەکرێت. تاوەکو ئەوکاتەش بە دەستبەسەرکراوی دەمێنێتەوە.
 
ریاز سەلامە، دوێنێ (سێشەممە) لەلایەن پۆلیسی لوبنانەوە لە بەیرووت دەستگیرکراوە و بەوە تۆمەتبارە کە زیاتر لە 110 ملیۆن دۆلاری بە تاوانی دارایی کۆکردووەتەوە.
 
هەرچەندە پۆلیسی لوبنان بە دیاریکراوی تۆمەتەکانی بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام سەرچاوەیەک دەڵێت: تۆمەتەکان بریتین لە گەندەڵی، سپیکردنەوەی پارە و ساختەکاری.
 
بەپێی یەکێک لە سەرچاوەکان، دوای لێپرسینەوە، رەنگە سەلامە هەر بە دەستبەسەرکراوی بمێنێتەوە. پێشبینی دەکرێت یەکەمین دانیشتنی دادگە لەمبارەیەوە سەرەتای هەفتەی داهاتوو بێت. 
 
سەلامە، 30 ساڵ پارێزگاری بانکی ناوەندیی لوبنان بوو، بەڵام دوایین ساڵەکانی تووشی ئاڵنگاری بووەوە کاتێک لە ساڵی 2019 سیستمی دارایی لوبنان داڕما و سەلامە بە یەکێک لە هۆکارەکانی داڕمانی ئابووریی وڵاتەکە دانرا.
 
لەوکاتەوە تۆمەتی جیاجیای ئاراستە دەکرێت، لەوانە؛ پێگەکەی بۆ بەرژەوەندی و دەوڵەمەندبوونی خۆی بەکارهێناوە, بەڵام ئەو تۆمەتەکان رەتدەکاتەوە.
 
سەلامە ساڵی رابردوو دەستی لەکار کێشایەوە. بەشێک لە وڵاتانی ئەورووپیش بەشدارن لە لێکۆڵینەوە لەو تۆمەتانەی ئاراستەی دەکرێن.