دوو ئەندامی لیژنەی دارایی: حکومەتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق رێکارەکانی سەپاندنی باج یەکدەخەن

 
رووداو دیجیتاڵ

رێکارەکانی سەپاندنی باج لەنێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق یەکدەخرێن، ئەوەش بەگوێرەی دوو ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق.
 
لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، دوێنێ سێشەممە 03-09-2024، میوانداریی هەریەک لە عەلی وەعد عەللاوی، سەرۆکی دەستەی گشتیی باجەکان و حەسەن حەمود عگێلی، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگەکانی عێراقی کرد، ئەوەش بۆ تاوتوێکردنی سیاسەتی باج و گومرگ و بەهێزکردنی داهاتی فیدراڵی و چاکسازییەکان.
 
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، رۆژی چوارشەممە 04-09-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی دەستەی گشتیی باجەکان گوتی، "لەبارەی باجەوە رێککەوتنێکی 15 خاڵییان لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردووە و 13 خاڵیان یەکلایی بوونەتەوە."
 
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گوتیشی، سەرۆکی دەستەی گشتیی باجەکان گوتی، بەگوێرەی رێککەوتنەکە حکومەتی هەرێمی کوردستان 50%ی ئەو باجەی کۆی دەکاتەوە رادەستی بەغدای دەکات. ئاماژەی بەوەش کرد، رێککەوتنەکە لە رۆژی 03-09-2024 کەوتووەتە واری جێبەجێکردنەوە.
 
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی گوتیشی، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگیش گوتی، لە 21 دەروازەی سنووریی عێراق 9یان کراونەتە ئەلیکترۆنی و تێبینییان کردووە داهات لەو دەروازانە زیادیکردووە.
 
لە کۆبوونەوەکەدا بەڕێوەبەری گشتیی گومرگەکان گوتوویەتی، زنجیرەیەک رێکاریان لە دەروازەکان گرتووەتەبەر بۆ بەهێزکردنی پرۆسەی بەهێزکردنی چاودێری، ئەوەش "بە ئامانجی گەرەنتیکردنی جێبەجێکردنی یاسا و رەسمی گومرگی."
 
هەروەها حەسەن حەمود عگێلی گوتیشی، "کار دەکەین بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی دەروازەکان و بەرزکردنەوەی توانای کارکردن، بە شێوەیەک ئاسانکاری بکات بۆ جووڵەی کاڵا و لەنێوبردنی سەرپێچییەکان."
 
هەر لەوبارەوە نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی دەستەی باجەکان ئاشکرای کرد کە بەپێی رێککەوتنێکی 15 خاڵی لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، رێکارەکانی سەپاندنی باج لە هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق یەکدەخرێن. بەپێی ئەو رێککەوتنە لە رۆژی سێشەممەوە (03-09-2024) هەرێمی کوردستان 50% داهاتی باج دەداتە حکومەتی فیدراڵی."
 
نەرمین مەعرووف دەڵێت، "هەر بە پێی رێککەوتنە هاوبەشەکە هەردوو حکومەت بەڵگەنامەی ئەستۆپاکی باجی سەر کۆمپانیاکان کە چالاکییان هەیە لە شارەکانی هەرێمی کوردستان و دەرەوەی هەرێمی کوردستان پەسنددەکەن و ئەوەش کۆتایی دێنێت بە کێشەی ( الازدواج الضريبي)."